مایک پۆمپێئۆ ئه‌ڵێت ئێران بەرپرسه‌ له‌ هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان

0
513

رۆژی كورد :
وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرس ئەزانێت لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگەرەکانی زەریای عەممان.

مایک پۆمپێئۆ پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی حوزەیران لە کۆنفرانسێکی هەواڵنێری دا بە بەشداری کۆمەڵێک هەواڵنێر لە پێوەندی بە هەر دوو هێرشەکەی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر دوو نەوتهەڵگرەی دەریای عەممان کە لە وڵاتی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەرەو وڵاتانی سەنگاپوورە و تایوان بەڕێوەبوون دوا و باسی ئەوەی کرد هەڵسەنگاندنی دەوڵەتی ئامریکا وادەردەخات کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسی ئەم هێرشانەی ئەمڕۆی دەریان عەممان بێت. ئەم هەڵسەنگاندانە بە پێی زانیاریە ئەمنییەکان، کەرەستەکانی شەڕی بەکارهێنراو، ئاستی پسپۆڕی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی ئەم چالاکیە، هێرشە هاوشێوەکانی ئەم دواییانەی ئێران بۆ سەر کەشتیڤانی و هەروەها ئەو ڕاستییە کە هیچ هێزێکی جێگری چالاک لە ناوچەکەدا سەرچاوە و پسپۆڕی پێویستیان نیە بۆ بەڕێوەبردنی وەها چالاکییەک لەم چەشنە بەو ئاستە لە ئاڵۆزی، بە دەست هاتووە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا هەروەها ئاماژەی پێکرد : ئەم نوێترین هەنگاوە یەکێکە لەو کۆمەڵە هێرەشانەی کە بە ورووژاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە جێگرەکانی لە ناوچەکە دژی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی بە ئەنجام گەیشتووە. ئەم چالاکیانە ئەبێت بخرێنە خانەی چل ساڵ دژایەتی لە گەڵ ئامریکا و نەتەوەکانی هۆگری ئازادی.
ناوەندی سەرکردایەتی گشتی ئامریکا ( سێنتكام ) باس لە کۆرتە ڤیدیۆیەک ئەکات کە دەوری سەرەکی ئێران لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان ئەسەڵمێنێت. پێشتر وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، دەوڵەتی ئێرانی وەکوو بەرپرسی هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان ناساندبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێران هەموو تاوانەکان بێ بنەما ناودەبات.
مایک پۆمپێئۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئاوریل هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ڕەوتی گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنی لە ڕێگای دەرووی هۆرمز ئاڵۆز دەکات و هەنووکە لە ئاراستەی جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی هەوڵەکانی خۆی وەگڕ خستووە. وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دەوڵەتی ئێران بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشی ١٢ی ئایار بۆ سەر چوار کەشتی بازرگانی لە نزیک دەرووی هۆرمز، هێرشی ڕێکەوتی ١٤ی ئایاری هێزەکانی ژێر پاڵپشتی ئێران بۆ دامەزراوە نەوتیەکانی عەرەبستانی سعوودی و مووشەک هاویشتن بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا نزیک باڵوێزخانەی ئامریکا لە ڕێکەوتی ١٩ی ئایار، تەقینەوە لە وڵاتی ئەفغانستان و هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەیەکی عەرەبستان کە ٢٦ برینداری لێکەوتەوە.
ڕێزدار پۆمپێئۆ ئەوەی زیاد کرد کە ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئاسایش و باری ئەمنی ناوچەکە و ئاشتی نێونەتەوەیی، هێرشێکی ئاشکرا دژی ئازادی گەمییەوانی و شەڕێکێ ناپەسەند و ناڕەوا بۆ چڕوپڕکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە.
هێرش بۆ سەر هەر دوو نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان بۆتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە. مەترسی سەرکەوتنی نرخی جیهانی نەوت و سووتەمەنی زیادی کردووە. سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەڕ داگیرسانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەی کەنداوی فارس توندی ئاگاداری داوە و ڕایگەیاندووە وڵاتانی دونیا جارێکی دیکە توانای تێکهەڵچوونیان نیە لە ناوچەکەدا.
لە درێژەی کاردانەوەکان بۆ هێرش بۆ سەر دوو نەوتهەڵگری بازرگانی لە دەرووی هۆرمز هایکۆ ماس وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان هاوکات لە گەڵ دەربڕینی هاوخەمیی قورس نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە ئاست زیادبوونی ئەم چەشنە هێرشانە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان. ئەو ئەم ڕووداوەی بە مەترسییەک بۆ سەر ئاشتی ناوبرد و ئەوەی زیاد کرد کە ئەم چەشنە ڕووداوانە ئەبێتە هۆب زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچەکە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی هەواڵنێری ئیسنا ڕۆژی جۆمعە ڕێکەوتی ١٤ی حوزەیران مۆحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕژیمی ئێران لە هەمبەر ئەو تاوان و تۆمەتانەی لە لایەن مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوی ئامریکا و جاناتان کۆهێن باڵوێزی ئەو وڵاتە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاراستەی ئێرانیان کردووە کاردانەوەی دەربڕیووە و لە سەر هەژماری توویتێری خۆی بابەتێکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیوەتی : ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر بە خێرایی و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا ئێرانی تاوانبار کردووە و دژی ئێران پڕوپاگەندەی کردووە، تەنیا ئەو بابەتە ئاشکرا دەکات کە گرووپی بی (ئاماژە بۆ جان بۆڵتۆن، بێنیامین نێتانیاهوو، بێن سەلمان و بێن زاید) خەریکی هەنگاوهەڵهێنانە بەرەو لای پیلانێکی جێگرتوو، تێکدانی دیپلۆماسی لەوانە هەنگاوەکانی شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن و داپۆشینی پیلانی تێرۆریسمی ئابووری دژی ئێران.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا گوشارەکانی بۆ سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێکهێنانی ڕێکەوتنێکی نوێ دەست پێکردووە. دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ ئەڵێت خوازیاری ڕووخاندنی یەکجارەکی ڕژیمی ئێران نین بەڵام چاوەڕوانی ئەوە ئەکەن ئێران وەکوو وڵاتێکی ئاسایی چاوپێکەوتن و وتووێژ بکات، دەس لە پشتیوانی لە تێرۆریسم هەڵبگرێت و بەرنامەی مووشەکی خۆی ڕابگرێت.
سەرۆک ترامپ هەر بۆ ئەو مەبەستە سەرەتای مانگی حوزەیران پێشنیاری وتووێژی بێ پێش مەرجی لە گەڵ بەرپرسانی ئێران پێشکەش کرد و هەر لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە هایکۆ ماس وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان و نوێنەری یەکیەتی ئۆروپا و دواتر سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنی بەرەو وڵاتی ئێران نارد بۆ گواستنەوەی پەیامەکەی بۆ بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران بەڵام خامنەیی ڕێبەری ئایینی کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە هەر چەشنە وتووێژێکی ڕەتکردەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.