ماڵی ماملێ لە قەڵادزێ کرایەوە

0
843

ڕۆژی کورد: پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو لە خەڵکی هونەرپەروەری قەڵادزێ و دەوروبەری، ناوەندێکی  کولتووری/هونەری بەناوی “ماڵی ماملێ” کرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی ماملێ، لەو ڕێوڕەسمێکدا کە بەم بۆنەیەوە ساز کرابوو چەند هونەرمەندێک بە گووتنەوەی گۆرانی و هەروەها بە شێعر و پەخشان بەشدارییان کردووە.

 سەرەتا سامان مەرزە کە یەک لە بەڕێوەبەرانی ئەم ماڵەیە بە باسکردن لەسەر ئامانج و هۆکارەکانی کردنەوەی ئەم ماڵە بۆ بەشداربوان دوا.

پاشان ڕێبین جەماڵ کە سەرپەرشتی گرووپی مۆسیقای دەکرد هەم بۆخۆی و هەم  هونەرمەندان، هێرش کوردە و هەواڵ محمد، چەند گۆرانییەکی ماملێ‌یان پێشکەش بە ئەویندارانی ماملێ کرد.

 هەروەها پێشکەشکاری بەرنامەکە، ئاگا مەحمود و و حەمید قەڵادزەیی بە خوێندنەوەی چەند شێعرێکی لەو کۆڕەدا بەشدارییان کردووە.

بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕە و ڕێکخستنی ماڵی ماملێ لە قڵادزێ، بەو بۆنەوە ڕاگەیێندراوێکیان داوە کە بەو شێوەی خوارەوەیە:

 “ماڵی ماملێ” ماڵێک بۆ ئاسودەیی و حەوانەوەی دەرونی هەموان.
ڕۆژانێک لە مێژووی گەلی کور دا ماڵێکی ڕووناک لە مەهاباد بەقەدەر ڕۆشنایی خۆر هەمیشە واڵا بوو بەڕوی هەر تاکێکی کوردا لە ساتەخۆش و ناخۆشەکاندا، هەر قوژبنێکی ئەم ماڵە پڕیەتی لە یادگاری بۆ هەموو ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و ئەدیب و هونەر دۆستان و شۆڕشگێڕانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان،
هەر وەک چۆن ماملێ هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی گەلەکەی و بەرەوپێشچونی هونەری کوردی تەرخان کرد، بۆ ئەوەی خزمەتی گەورەی ماملێ لەبیر نەکرێ و تا ڕۆشنایی ماڵی ماملێ دوای خۆشی وەک مەشخەڵێک هەمیشە بە ڕوناکی بمێنێتەوە ماڵێکمان لە قەڵادزێ بۆ کردەوە تا لێرە و لە “ماڵی ماملێ”دا بەهەمان ئەو گڕ و تینەی ڕابردوو درێژە بدەین بە هەموو ئەو ئامانجانەی کە ماملێ بۆیان تێدەکۆشا و ئەو ماڵە بکەین بە ناوەندێک بۆ گەشەی هۆشیاری و بەرچاوخستن و پەرەدان بەهەموو توانا هونەری و ئەدەبی و ڕۆشنبیریەکانی شاری قەڵادزێ و هەموو ئەوانەی لەهەر شوێنێکەوە بیانهەوێت بێن و لە ماڵەکەی ماملێدا خزمەتێک بە کورد و ئامانجەکانی ماملێ بۆ کورد بکەن،

ماڵی ماملێ پێک دێت لە:

٭ ستۆدیۆیەکی کراوە بۆ هەمووان بەگشتی و ئەو گەنجانەی دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری بەتایبەتی تا یەکەم وێنەی بەیەکەوە بون لەگەڵ وێنەکەی ماملێ و لەناو کەشێکی تەواو کوردەواریدا بگرن و بۆ هەمیشە لە یادگاریەکانیاندا هەڵیبگرن

٭ژورێک تایبەت بە ئاهەنگی لەدایکبوون بە ئامادەکراوی و ڕازاندنەوەی بەو شێوەیەی کە خوازیار دەیهەوێت.

٭ ژورێک تایبەت بە کردنەوەی خولی ڕاهێنان و فێرکار لە سەرجەم بوارەکاندا، نمایشکردنی فلمی سینەمایی لەم ژورەدا هەفتانە دوو ڕۆژ.

٭هۆڵێکی کراوە بۆ دانیشتن و حەوانەوەی میوانە ئەزیزەکان و ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و کۆبونەوەی هونەرمەند و ئەدەب دۆستان

٭ کوونجێک تایبەت بە هەڵگرتنی وێنەی ئەو کەسانەی لەگەڵ ماملێدا وێنەیان گرتوە .

٭ بوونی ژورێک تایبەت بە ئامادەکردنی خواردنەوەی سارد و گەرمەکان بۆ خزمەتکردنی میوانانی ماڵی ماملێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت