ماڵپەڕی “ژینگەوان” کار و چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد

0
711

ماڵپەڕی ژینگەوان خەبات و چالاکی خۆی دەست پێکرد

ئەوڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار، ماڵپەڕی “ژینگەوان” کە پێکهاتووە لە پۆلێک چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خۆرهەڵاتی کوردستان دەستی بە کار و چالاکییەکانی خۆی کرد.

سەعید باغی
سەعید باغی

سەعید باغی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەرە کە پێشتریش بەرپرسی کەمپەینی “نا بۆ سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان” بووە، بە ڕۆژی کوردی گوت: مەبەست لە وەرێخستنی ئەو ماڵپەڕە تەنیا پاراستنی ژینگەی کوردستان و خزمەت کردنە بە کوردستان لەڕووی ژینگەییەوە.

باغی لە درێژەدا گوتی: پێشێل کردنی لە رادەبەدەری ژینگەی کوردستان و کوشتنی دارستانەکان و ئاگر لە جەستەی چیا و دەستی کورد بەردان و خنکاندنی کانیاو و سەرچاوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە نەتەنیا هیچی کەمتر نیە لە کوشتن و لەسێدارەدانی مرۆڤەکان، بەڵکو راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر لەناوچوونی مرۆڤ و ورەی مرۆڤی کورد، هەر بۆیەش لەو بوارەدا هەرچەند چالاکی زۆر کراوە و جێی دەست خۆشیشە بەڵام هەست بە بۆشایی دەکرا. هیوادارین “ژینگەوان” بتوانێت هەنگاوێکی هەرچەند بچووک بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە هەڵبگرێت.

هەروەها هەیبەت (هێدی) کامەرانی پوور یەکێکی تر لە بەڕیوەبەرانی ئەو ماڵپەرە لەمەڕ دەست پێکردنی چالاکی و وەشانی ماڵپەڕەکەیان بە “ڕۆژی کورد”ی گوت: ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرانی بەشی ژینگەوان دەمانەوێ کە جێگایەکی خاڵی کە هەست پێدەکرێت و گرینگی بە هەموو بەشەکانی کوردستانی خۆرهەڵات بدات پڕ بکەینەوە.

هێدی کامەرانی پوور
هێدی کامەرانی پوور

کامەرانی پوور لە درێژدا بە سەرنجدان بە نەبوونی هەوڵێکی هەمە لایەنە و گشتگیر لە بواری ژینگەدا لە خۆرهەڵاتی کوردستان، گوتی: کەلێنێک هەست پێدەکرێت، جێگای خاڵی رێکخراوێک کە تایبەت بە شار یاناوچەیەک نەبێت، بۆیه ئێمە لە هەوڵداین کە بە شێوەی میدیایی ئەو کەلێنە پڕ بکەینەوە و لە هەوڵداین کە لە دنیای واقیعیشدا بتوانن بە یارمەتیی هەموو ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزیەکان ئەو جێگا خاڵیه پڕ بکەینەوە.هیوادارم کە هەموو پێکەوە بتوانین ژینگەکەمان کە سەرچاوەی ژیانە بپارێزین.شایانی باسە کە ماڵپەڕی ژینگەوان وەک بەشێکی سەرەکی لە ماڵپەڕی “رۆژی کورد” کار و چالاکی خۆی دەکات و بەردەوام دەبێت لە دانی زانیاری ژینگەیی و هەروەها بڵاو کردنەوەی هەواڵ و بابەت لەمەڕ ژینگەی خۆرهەڵاتی کوردستان و پێشێل کرانی مافی ژینگەیی لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا.

لێره‌وه‌ ده‌توانن سه‌ردانی سایتی ژینگه‌وان بكه‌ن 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت