مامەڵەی نێوان ئێران و حیزبەکانی هەرێم لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی ئێراق

0
1560

ڕۆژی کورد: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نازم دەباغ، نوێنەری سەر بە یەکێتیی حکومەتی هەرێم لە ئێران، لە دیمانە لەگەڵ میدیاکان بە توندی بەرپەرچی هەر چەشنە بیرۆکە و ڕادەربرینێک بۆوە کە ئێران بە دژبەری سەربەخۆیی دەزانێ و گوتیشی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی سەرەکیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکانی هەرێم لە تاران، لە پەیوەندییەک لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد، پەردە لە پێکهاتن و مامەڵەی نێوان یەکێتی و تەنانەت هەرێم لەگەڵ تاران لەسەر پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی هەرێم دەکات و دەڵێ: “لە چەند دانیشتنی ڕابردووی نێوان نوێنەرایەتیی هەرێم لە تاران و هەروەها سەردانی مام جەلال بۆ ئێران و چەند دانیشتنێکی تردا، کۆماری ئیسلامی و هەرێم و بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانی لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتوون”.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە باس لەوە دەکات کە: “کۆماری ئیسلامی بە مەرجی پاشەکشە کردنی هەرێم بە هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکان ئامادەیە لە هەمبەر گشتپرسی و تەنانەت سەربەخۆیی هەرێمیش بێدەنگ بێت”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژە بە بابەتێکی “عارف قوربانی” لە ڕووداو دەکات و دەڵێ: “عارف قوربانی لەو بابەتەی خۆیدا بە ئاگاداریی تەواو لەو دانوستان و پێکهاتنانە باس لەوە دەکات کە ئێران دوو ویستی هەیە، یەکیان پشکی زیاتر لە هەرێم و دووهەم، ئیزن نەدان بە هەر هەڕەشەیەک لەسەر ئێران لە هەرێمەوە و دواتریش دەڵێ، ئێران بۆ هەر دووکیان مافی خۆیەتی کە ئەو داوایەی هەبێ”.

سەرچاوەی هەواڵی ڕۆژی کورد باس لە دەنگدانی ئەرێنیی ئەنجومەنی پارێزگای هەرێم بۆ بەشداری لە پرسی گستپرسی دا دەکا و دەڵێ: “لە ئێستادا لە کۆی ٤٤ دەنگی ئەو ئەنجوومەنە، ٢٦ دەنگ بە ئەرێ دراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە تورکەمەن و عەرەبەکان، تەنانەت ئەو دانیشتن و ڕاپرسییەیان بایکۆت کردووە”.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لەسەر لێدوانەکەی خۆی بەردەوام دەبێت و دەڵێ: “تورکیە بە توندی هەڕەشەی خۆی هەر لە یەکەم چرکەوە کرد بەڵام کۆماری ئیسلامی نیازپاکیی خۆی نیشان داوە و بێدەنگی هەڵبژاردووە و ئەوە یەکەم گڵۆپی سەوزی ئێرانە کە نیشان بدات لەسەر بەڵێنییەکەی خۆی سوورە”.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ ئاوڕ لە هێرشی ناوچەی باڵەکایەتی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکات و دەڵێ: “ئەو هێرشە دوای ئەو ڕێککەوتنانە هاتووەتە ئاراوە، بە وردی سەیر بکەن، حکومەتی هەرێم و سەرۆکەکانی بێدەنگن، پرسەکە وەک ئی هەرێم نەبێ، کراوە بە پرسی یەکێتی و لە هەمان کاتدا ڕاگەیێنەکانی پارتیش دەیورووژێنن و پارتیش بێدەنگە”.

لە درێژەی ئەو لێدوانەدا، هەروەها ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: “پیلانەکە ئی هەموو لایەنەکانە و هەموو لێی ئاگادارن بەڵام یەکێتی لێرەدا لەگەڵ پارتی مامەڵەیەکی تریشی کردووە کە ئەویش بریتییە لە ئیزن دان بەو هەوڵانە بۆ بردنەوە سەری دەنگی یەکێتی لە دەڤەری باڵەکایەتییە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گۆڕان سەرقاڵی دابەش کردنی مڵک و ماڵی نەوشیروان مستەفایە”.

لە درێژەدا هەروەها گوتیشی: “ئێستا هەموو هەوڵێک خراوەتە گەڕ و تەنیا یەک داوا هەیە، ئەویش کشانەوەی یەکجارەکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە و بۆ ئەو مەبەستە بەپێچەوانەی هەموو جیهان، بۆ خێڵ و بنەماڵەکان، کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی گیراوە و بە توندی بەڕاگەیاندن دەکرێ و بەرپرسانی یەکێتی تێیدا بەشداری سەرەکین و بەرپرسانی پارتیش بێدەنگییەکی هەمیشەییان هەڵبژاردووە”.

ئەو سەرچاوەیە، ئاماژە بە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات لە ڕابردوودا دەکات و دەڵێ: “بەداخەوە بەپێچەوانەی ئەو کاتی، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئێستا بێ خاوەن و ڕێبەرن و لە دۆخی لاوازییەوە هەڵوێست دەگرن و یان باشترە بڵێم بێ هەڵوێست بوون و ئەوەش بە واتای توانەوەی یەکجارەکییان و بوونیانە بە حیزبێکی میدیایی و سیاسی و لە داهاتوودا بەرنامە بۆ چەک کردن یان سنووردارکردنی یەکجارەکیی چەکەکانیشیان لە ئارا دایە”.

لە درێژەی باس لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ئەو سەرچاوەیە دەشڵێ: “حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش بە ئاشکرا بوونە پاشکۆی ئێمەی باشووری و هیچ یەکگرتووییەک تەنانەت لە کاتی تەنگانەشدا لە ناویاندا نیە و ئەوەی دەبیندرێ کێبەرکێیەکی چڕە بۆ ماستاوکردن و وەرگرتنی خەڵاتی زیاتر کە ئەوەش وایکردووە یەکێتی بە ئاشکرا بڵێ لەوەبەدوا، باڵدار بێ باڵی دەوەرێنم و ناڵدار بێ ناڵی دەوەرێنم، بۆیە بە حیزبەکانتان بڵێن ئەوە دوا دەرفەتیانە یان بۆ هەمیشە سەر بەرز بکەنەوە یان بۆ هەمیشە بتوێنەوە و بچنە ناو مێژووەوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت