لە پەرلەمانی سویس کۆبوونەوەیەک لەمەڕ دۆخی پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێران لە کابینەی حەسەن ڕوحانی ـدا بەڕێوەچوو

0
1475

ڕۆژی کورد: لە پارلمانی وڵاتی سویس کۆبوونەوەیەک لەمەڕ دۆخی پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێران لە کابینەی حەسەن ڕوحانی بەڕێوەچوو.

ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن گرووپی پارلمانتارانی دۆستی کورد لە پارلمانی سویس و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ بەڕێوەچوو و تێیدا هاوسەرۆکانی گرووپی پارلمانتارانی دۆستی کورد، کارلۆ سومارۆگا و مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبیل ئەرسەلان، شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، و نوێنەرانی ژمارەیەک رێکخراوی سیاسی بەلوچ، عەرەب، ئازەری و تورکمان و هەروەها نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گوتاریان پێشکەشکرد.

لەمەڕ بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا و هەروەها تاووتوێکردنی دۆخی پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێران لە کابینەی حەسەن ڕوحانیی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاندووە: “بەڕای زۆربەی نوێنەرانی بەشدار لە نەتەوەکانی ئێران، لەدوای هاتنە سەرکاری ڕوحانی، نەک هەر هەنگاوێکی بۆ مافی نەتەوەکان هەڵنەگرتووە، بەپێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەی لەکاتی هەڵبژاردن دەیکرد، دۆخی کورد لەباری سیاسی، خزمەتگوزاری و ئەو بودجەیەی بۆ پارێزگاکان دیاری دەکەن، زۆر خراپتر بووە، لەسێدارەدان و زیندانیکردن زیاتر بووە، هەڵاواردن و جیاوازی دانان لەنێوانی پارێزگاکانی کورد نشین لە ڕۆژهەڵاتدا بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە زۆر زیاتر داکشاوە”.

مستەفا هیجری، هەروەها دەڵی: “لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەو زوڵم و ستەمەی لەسەر خەڵکی کورد هەیە بەگشتی باسم لێوەکرد، ویستم پارلمانتارانی سویس بە وردی لەو هەڵاواردنانە ئاگاداربن، چونکە تاکو ئێستا ئەوەی زۆرتر باسی لێوە دەکرێت دۆخی ئەمنیە لە کوردستانی ئێران، خەڵک دەگرن و دەکوژن و لەسێدارەدان هەیە، کەمتر باس لەو هەڵاواردنانە کراوە، کە لەسەر خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران هەیە”.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیام بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنێرێت و دەڵێت: “ڕاسان وەکو پەیامی دەستپێکردنی حەرەکەتێکی نوێ لە ڕۆژهەڵات دەستیپێکردووە، پێشمەرگە بە حزووری خۆی لەنێو خەڵکدا نیشانیدا کە پابەندە بەو پەیامەی کە لە نەورۆز و لە دامێنی قەندیلدا بۆ خەڵکمان ناردووە”.

مستەفا هیجری، دەشڵێت: “ئەوەی ئێمە زۆرتر هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوەیە خەڵکی ئێمە وەکو پێشمەرگە و تێکۆشەران و چالاکوانانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوانەی لەنێوخۆی کوردستانی ئێرانن چالاکییەکانیان زیاتر بێت و پێشمەرگەکان حزوریان هەبێت لەنێو خەڵکدا بۆ ئەوەی یارمەتیدەریان بن بۆ خەبات و تێکۆشانیان”.

مستەفا هیجری، ئاماژە بەوە دەدات، کە پێشمەرگەیان لە هەر جێگایەک هەبێت “دەبێت ئامادەیی خۆی بەدەست بێنێت بۆ هەموو رووداوێک بتوانێت چالاکی گونجاو ئەنجام بدات، یارمەتی خەڵکیش بە گشتی باشبووە بۆ ئەو ڕاسانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، خەڵکەکە لە هەموو بوارێکدا هاوکار و یارمەتیدەربوون، لەگەڵ ئەوەش ئەمە پرۆسەیەکە کاری زۆری دەوێت ئێمە هێشتا لە سەرەتاکانین، ئەگەر هەموومان پێکەوە شار و شاخ، پێشمەرگەو خەڵک  پێکەوە بە باشی کار بکەین زووتر بەئەنجامی دەگەیێنین و دەتوانین بیبەینە پێشەوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت