لە هێرشی فڕۆکەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستانیان، ٣٢ پێشمەرگە و گریلا شەهید و بریندار بوون

0
2287

ڕۆژی کورد: دوابەدوای بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیە بۆسەر بارەگاکانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی باشوور لە چیای شنگال کە شەهید و برینداربوونی ١٤ پێشمەرگەی لێکەوتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە لەمەڕ ئەو هێرشە دەڵێت: “کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 25-4-2017، چیای شنگال و دەورووبەری لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیەوە بۆردوومان کراو، زیان و وێرانکارییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید و 9 پێشمەرگەش برینداربوونە”.

وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها دەڵێت: “شەهیدبوونی پێشمەرگە جێگەی داخێکی زۆرە و بۆردوومانکردنی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە”.

وەزارەتی پێشمەرگە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات کە تورکیا خاکی کوردستانی بەزاندووە، تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی پەکەکە و  بوونی ئەو کێشە و گرفتانە لە ناوچەکە، بۆ بوونی پەکەکە دەگەڕێتەوە لە ناوچەکەدا و دەڵێت “ئەم کێشە و گرفتانە هەمووی لە ئەنجامی هەبوونی پەکەکەیە و لەو ناوچەیە بوونیشیان سەرئێشە و گرفتی بۆ خەڵکی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان ناوەتەوە و سەرباری ئەوەی  لەهەموو لایەکەوە زۆریش داوایان لێکراوە کە چیای شنگال چۆڵ بکەن، بەڵام گوێیان بۆ کەس نەگرتووە”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە لە جیاتی ئەوەی کە هەڕەشە بەرەوڕووی تورکیە بکاتەوە کە بۆی نیە خاکی کوردستان بنبەزێنێت، داوا لە پەکەکە دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە “پەکەکە هێزەکانی لە چیای شنگال و دەوروبەری بکشێنێتەوە و چیتر نەبنە مایەی نا سەقامگیری و قووڵتربوونی کێشەکان لە ناوچەیەدا و رێگە بدەن ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێتەوە”.

پێویست بە ئاماژەیە کە فڕۆکە هێرشبەرەکانی تورکیە، خاکی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستانی باشوور و لە ڕۆژئاواش بەزاندووە و جگە لە باشووری کوردستان، ژمارەیەک بنکە و بارەگای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یان لە شاری دێرکی کوردستانی ڕۆژئاواش بۆردوومانکرد، میدیاکانی پەکەکەش دەڵێن “بەهۆی بۆردوومانەکە 18 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت