لە ساڵڕۆژی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی، شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گەمارۆ درا

0
1125

هێزەکانی دژی شۆڕش و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ پێشگیری کردن لە پەیمان نوێکردنەوەی کوردستانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پێشەوا ئەمڕۆ بەنێو شاری مەهاباددا بڵاوەیان پێکرا و بەشێوەیەکی بەرچاو بەتایبەتی لە نزیک گۆڕی سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوای نەمر بڵاوەیان پێکراوە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێرانی ماڵپەڕی ڕۆژی کورد لەنێوشاری مەهابادەوە، کاتژمێر ۱۶ی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی مارس بەرامبەر بە ۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱٨ی کوردی، خەڵکێکی بەرچاوی دانیشتوویی مەهاباد و تەنانەت شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ پێشەوای کوردان قازی محمدی نەمر بە تەمای ئەوەبوون بچنە سەرگڵکۆی قازی نەمر لەلایەن هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیم ڕێگریان لێکرا.

بە تەواوی شار وبەتایبەتی کۆڵانەکانی کە دەگەنەوە سەر گۆڕی پێشەوا و سەیف و سەدری قازی لەلایەن ماتۆڕسواران، دژەشۆڕشەکان و یەگانی ویژە گیردرابوو.

هێزەکانی ڕێژیم تەنانەت ڕێگەیان بە تاکسییەکان نەدەدا کە نەفەر هەڵبگرن و یان سواربکەن واتا ئیزنی ڕاوەستانی کورتیشیان نادەنێ.

هێزەکانی دژیگەلی ڕێژیم کەڵک لەهەر شێوە توندوتیژییەک وەردەگرن بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکێک کە دەیانهەوێ خۆیان بگەیەننە سەرگۆڕی شەهیدان پێشەوا، سەیف و سەدری قازی.

هەر بەپێی وێنە و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد لە نزیک گۆڕستانی شەهیدانی کۆماری کوردستان، هێزەکانی ڕێژیم لە هەموو شێوەیەک چەک و چۆڵی سارد و گەرم و تەنانەت چەکی قورسیش کەڵکیان وەرگرتووە.

خەڵکی مەهاباد و تەنانەت زۆر خەڵکی دیکە لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوونەتە مەهاباد، دەیانهەویست ئەوساڵیش وەک نەریتی ساڵانی پێشوو پەیمانیان لەگەڵ سەرۆک کۆماریان نوێ بکەنەوە.

بەهۆی زۆری هێزەکانی دژیگەلی، چالاکانی مەدەنی داوایان لە خەڵک مەهاباد و میوانان کردووە ڕووبکەنە مەیدانی چوارچرا و لەوێ زۆربە ئارامی و گوڵی سوور بەدەستەوە بگرن و هەر لەو شوێنەدا کە پێشەوا شەهید کراوە پەیمانیان نوێ بکەنەوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مەهابادەوە، ژمارەیەکی زۆری لاوان و تەنانەت پیاوان و ژنانی بەتەمەن دەستە گوڵەکانی خۆیان پێشکەشی بارەگای شەهیدانی کۆمار کردووە.

تاکوو ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە شار هەروا لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی ئەمنیی دایە. لە زۆربەی گەڕەکەکان و شوێنەکانی شار بەتایبەت مەیدانی چوارچرا، ئارد، فەلەکەی مەلاجامی، گومورگ، هێزی دژە شۆرش جێگیرکراون بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداریان کردووە.

پێشەوا قازی ساڵی ۱۲۷۹ لەدایک بووە و ساڵی ۱۳۲٦ی هەتاوی شەهید بووە، قازی دامەزرێنەر و سەرۆک کۆماری کوردستان لەشاری مەهاباد لە ساڵی ۱۹۴۷دا بوو.

پێشەوا لە شاری مەهاباد قازی بوو کە دوای شەڕی جیهانی دووەم بوو بە ڕێبەری سیاسی کۆمەڵەی ژێکاف، حیزبی دیموکڕات و دواتریش سەرۆک کۆماری کوردستانی لە ئەستۆ گرت.

سەرۆک کۆمار قازی محمد هاوڕێ لەگەڵ سەیف و سەدری قازی ڕۆژی ۱۰ی خاکەلێوەی ۱۳۲٦ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوییەوە لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لە سێدارە درا و شەهید بوو.

خەڵکی کوردستان هەموو ساڵی لە ڕۆژی ۹ی خاکەلێوەدا لەگەڵ قازی محمدی نەمر پەیمان نوێ دەکەنەوە کە تاکوو سەر ڕێبواری ڕێگای بن. ئەم پەیمان نوێکردنەوە تەنها بۆ یەک لایەنی سیاسی تایبەت نیە بەڵکوو هەموو کەسانی ئازادیخواز و ناسیۆنالیست دەگرێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.