لەیلا قادری: بەشداری ژنانی کورد لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ئاستێکی نزم دایە

0
782

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  خاتوو لەیلا قادری چالاکی سیاسی و بواری مافی ئافرەتان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

قادری: بێگومان بەشێکی زۆرمان دەزانین مێژووی ٨ی مارس دەگەڕێتەوە بۆ خۆپێشاندانی ژنان لە ئەمریکا کاتێک بە مەبەسستی دەربڕینی نارەزایەتی بە نایەکسانی لە مووچەی ژنان و پیاوان وەڕێخرا، ژنانی کرێکار لە کارگەی رستن و چنین لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا هەوڵێاندا تێکەڵ خۆپێشاندانەکە بن، بەڵام بە فەرمانی بەڕێوەبەری کارگەکە، لەلایەن پۆلیسەوە رێگریان لێکراو و بە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گۆماناوی لەو کارگەیەدا ژمارەیەک ژن سووتان. هەرچەندە لە جیهاندا زۆر بۆنە هەن کە رۆژیان بۆ دیاریکراوە، بەڵام بە رای من رۆژێک کە یەکەم چەخماخەی نارەزایەتی بەرامبەر ستەمێکی نەبڕاوەدا لێدەدرێت، گرنگە و دەبێ رێزی لێ بگیرێت، رۆژێک کە ژنانێک خۆیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی رێگەی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاوازی ڕەگەزی خۆش بکەن، بۆیە پێموانییە سنووردارکردنی کێشەکان بێت، بەڵکوو پەردە لادانە لەسەر نەگوتراوەکان.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

قادری: بەشداریکردنی ژنانی کورد لە پرسە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکاندا لە ئاستێکی نزمدایە، کاتێک رۆژانە گوێبیستی هەواڵەکان دەبین، بۆمان دەردەکەوێت دەرفەتی کار چ لە کەرتی حکوومەتیی و چ لە کەرتی تایبەت بۆ ژنان زۆر کەمە، ئێستاش لە رۆژهەڵاتی کوردستان حەقدەستی ژنان لە هی پیاوان زۆر کەمترە، تەنانەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دەرچووانی ژن لە زانکۆکان بە بەراورد لەگەڵ دەرچووانی پیاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەر تەنیا پارێزگای سنە بۆ نموونە لەبەرچاو بگرین، لەو پارێزگایە  تەنیا ١٩ لەسەدی ژنان لە کەرتی تایبەت کار دەکەن کە لەو رێژەیەش ٦ لەسەدیان لە بەشی پیشەسازی و ٩٤ لەسەدەکەی دیکە لە بەشی خزمەتگوزاری کار دەکەن، کەواتە ژن هەر پلە دوو. سەرەڕای ئەوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە زۆربویان دژە ژنن. ئەو یاسایانەی لە لایەن ئەنجوومەنی شورای کۆماری ئیسلامییەوە دەردەچن، پەرە بە جیاوازی و تووندوتیژی دژی ژنان لەسەرجەم بوارەکانی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و خێزانیی دەدەن، بۆ نموونە ئازادی لە خێزاندا، شورای نیگەهبان بڕیاری دەرکرد کە ژن نابێ بە بێ ئیزنی هاوسەرەکەی لە ماڵێ بچێتە دەر، تەنانەت ئەگەر بۆ بینینی خزموکەسوکار و  باوکیشی بێت.

بەندی ٣ی ماددەی ١٨ی یاسای ویزا دەڵێ، بۆ ژن پێویستە رەزامەندی هاوسەری لەگەڵ بێت، یان ماددەی ٦٣٨ کە بەد حیجابی بە تاوان هەژمار دەکات و سزاکەشی لە ١٠ رۆژ تا دوومانگ بەندکران و پێبژاردنی ٥٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار تمەنە، ئەمانە سەرەڕای یاسای بەردبارانکردن کە بە پێی ماددەی ١٠٢ جێبەجێدەکرێت.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، بوونی هەیە؟

قادری: فیمینیزم لە سەر بنەمای دیاریکردنی جیاوازییەکان بنیات نراوە و گەشەی کردووە و هەوڵیداوە نایەکسانی ماف بۆ دوو ڕەگەزی ژن و پیاو بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەو رەوتە لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا تا رادەیەکی زۆر وەڵامی داوەتەوە. هەرچەند باس کردن لە چەمکی فیمینیزم پێویستی بە کاتی زۆرە، بەڵام بە کورتی دەتوانم بڵێم فیمینیزمی کوردی نەیتوانیوە جێی بکەوێت و پێگەی خۆی بەدەست بێنێت، بەڵام دەکڕیت ئەو رەوتە هەموو چین و توێژەکانی ژن لە کۆمەڵگای کوردی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و پێکەوە داخوازییە رەواکانییان لەرووی نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی و هاوسەنگ کردنی پێگەی ژن و پیاو بەرجەستە بکەن.

ڕۆژی کورد: پێدەچێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ڕەوتی فێمینیستی یان کاڵ بۆتەوە یان هێندە تۆخ نەماوە بەڵام کورد تازە تێیدا گەرم و گوڕ دەبێ، ئەو قسە تا چەند ڕاستە؟

قادری: ناکرێت بڵێن رەوتی فیمینیزم لە وڵاتانی رۆژئاوا کاڵ بووەتەوە، بەڵکو تا رادەیەکی زۆر بە ئاکام گەیشتووە، بۆیە هەست دەکرێت کەمتر پێویست بە ورووژاندنی باسەکە بکرێت، چونکە یاسا شتەکانی بۆ رێکخستوون، بێگومان ئەوەش دەرەنجامی ماندووبوونی باوەڕمەندانی فیمینیزم بووە، بەڵام راستە لە کوردستان کە هێشتاش داب و نەریت و پەروەردەی نێرسالاری لە رۆژەف دایە، بەڵێ ئەو پرسە پێویستە گەرموگوڕ بێت.

ڕۆژی کورد: بوونی پارتێک بە ناوی پارتی فێمینیستی کورد، لە هەندەران و بێ هەبوونی هێزی چەکدار و توانایی هەڵسووڕانی فەرمی لە ناوخۆی وڵاتدا چۆن دەبینن؟

قادری: هەر جووڵەیەک لە پێناو گەیشتن بە ئەنجامێکی رەوا جێی رێزە، گرنگە هەڵێنانەوەی هەنگاوە، جا کاریگەری کەم بێت یان زۆر، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا پەیوەندی گرتن لەگەڵ ناوخۆی وڵات زەحمەت نییە، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییەکان و گۆڕینەوەی بیروڕا ئاسان بووە، هەرچەندە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکرێت باشترە و رەنگە بە گوێرەی پێرەو و پرۆگرامی خۆیان باشتر روونی بکەنەوە.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

قادری: ژنی کورد دەبێ باش بزانێت کە گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزی بە هاوکاری هەر دوو ڕەگەز دەکرێت، با لە ماڵەوە دەست پێبکەین با باوەڕمەندی بە چەمکی یەکسانی لە نێو خێزاندا نەهادینە بکرێت، با کەمتر هێرش بکەینە سەر پیاوان و زیاتر هەوڵ بدەین روانیینی خراپی ئەوان بۆ ژن بگۆرین، بە خوێندن، بە خۆ پێگەیاندن، با ژنان داهێنان بکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری، با بە جێی خۆ سەرقاڵکردن بە شتی لاوەکی کۆڕی کتێب خوێندنەوە دانێین و گرووپ و رێکخراوی سەربەخۆ دروست بکڕێت کە چەتری هیچ حزب و لایەنێکیان بەسەرەوە نەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.