لەپێناوی ڕێزگرتنی ئازادی ڕادەبڕین لە کوردستاندا!

0
784
 محەمەد چاوشین

گرتن و دەمکووت کردنی ڕۆژنامەنووس و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەبڕوای من کارێکە لەجێگەی خۆیدا نییە، دەبێ ڕێز لە میدیاکان بگرین و زەمینە و مەودای کارکردنیشیان بۆ بڕەخسێنین و فراوانتریشی بکەین.
بەڵام لێرەدا دەبێ دووشت ڕوون بکرێنەوە:

یەکەم: دەسەڵات دەبێ دوور بکەوێتەوە لە عەقڵیەتی فاشیستی.

واتا، پارتێکی سیاسی دیاریکراو، دەست بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتدا بگرێ و میدیاکان بخاتە ژێر ھەژموون و دەسەڵاتی خۆیەوە، ھەروەھا چوارچێوەیەکیش بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز نەھێڵێ و فەزای گشتی میلیتاریزە بکات.

ئەم شێوە ڕەفتارە، ڕەفتارێکی ڕەتکراوەیە و نەک ھەر لەگەڵ فۆڕم و بانگەشەکانی دێموکراسیدا ناگونجێت، بەڵکوو دەچێتە چوارچێوەی بیرکردنەوە و عەقڵیەتی فاشیزمەوە.

بەمانایەکی تر، بەبیانووی چەسپاندنی سەروەری یاسا و دابینکردنی ئاسایش و ھێمنی، دەسەڵات ئازاد نییە لەوەی چۆنی پێ خۆش بوو، بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ میدیاکان و ڕۆژنامەنووساندا بکات، بەڵکوو دەبێ ڕێز لە یاسا بگرێ و نەبێتە ھۆی پێشێلی مافی ئازادی ڕادەربڕین لە وڵاتدا.

دووەم:
لەھەموو وڵاتێکدا، چوارچێوەیەک بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان دیاریکراوە و بەپێی یاسایەکیش ڕێکخراوە.

میدیا دەبێ خۆی لەبەردەم کۆمەڵگادا بە بەرپرس بزانێ، چونکە ھەروەک دەگوترێ، میدیا چەکێکی دووسەرەیە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەتەکدا بکەین و بزانین چۆنی بەکار دێنین.

بە لەبەرچاوگرتنی لایەنە باش و خراپەکانی بەگشتی، میدیا دەتوانێ لەلایەک ببێتەھۆی یەکگرتوویی و ھاوھەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی، لەلایەکیش درز و کەلێن خستەناو ڕیزەکانی خەڵک و تێکدانی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا.

لەسەربنەمای ئەو ڕاستیانەی سەرەوەدا، میدیاش ناکرێ بەناوی ئازادی ڕادەبڕینەوە سنوورەکانی کارکردنی خۆی ببەزێنێ و زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و فەزای گشتی کۆمەڵگا بگەیەنێ.

چونکە میدیاکان لەژیانی ئەمڕۆی ئینسانەکاندا دەورێکی کاریگەر دەگێڕن و “پۆزەتیڤ” یان”نێگەتیڤ”ئاسەواری خۆی بەسەر ژیان و بیرکردنەوەماندا بەجێ دێڵن.

ئەنجام:
ھەروەکوو چۆن دەسەڵاتی سیاسی بەگشتی و دەزگا ئەمنییەکان بەتایبەتی، بەرپرسن لە ھێنانەکایەی ئاسایش و ھێمنی بۆ کۆمەڵگا و ڕێزگرتنی یاسا، بەھەمان شێوە، میدیاکان و کەناڵەکانیش بەرپرسیارێتییەکی گرنگیان لەسەر شانە و دەبێ ڕەچاوی بکەن، دەبێ ڕێز لەیاساکانی کاری ڕۆژنامەنووسی بگرن و بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، چونکە، ئازادی ئەوە نییە چۆنمان پێ خۆش بوو ئاوا ڕەفتار بکەین، بەڵکوو ئازادی بەرپرسیارێتییە و دەبێ ڕێزی بگرین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.