لەسەر کوردەکانی ئیسراییل چ دەزانن؟

0
705

خوێنەری هێژا:

ئەو بابەتە لە ماڵپەڕی (رادیو فردا) بە زمانی فارسی بلاو بۆتەوە، بۆ ئەوەی کە سەرجەم کوردەکیش بتوانن ئەو بابەتە بخوێننەوە و لەگەڵ کوردەکانیئیسراییل زیاتر ئاشنا بن، ڕۆژی کورد ئەو بابەتەی لە فارسی یەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە.

لەمەر کوردەکانی ئیسراییل چ دەزانن؟

لە ناو دەشت و دەری سرووشت ڕەنگاڵە، لە سەرەتای بەهاریکی دڵڕفێندا، ئاوازی موزیکی شادی کوردی دڵ دەلاوێنێتەوە و کوڕ و کچانی گەنج و تەنانت مێرمنداڵ و منداڵەکانیش چۆپی دەکێشن و بە هەستێکی ئەوتۆ کە خەریکە لە خۆشیان باڵ بگرن، بە شێوەی هەڵپەرکێی نەریتیی خۆیان، قاچەکانیان بە سینگی زەوی دادەدەن، چاویان تەژییە لە خۆشی و بزە لەسەر لیوەکانیان چۆپی دەکێشێ.

لە هەر لایەکەوە بۆنی کەباب، سەوداسەرت دەکا و مریشک لە سەر بڵێسەی ئاگر، هێور هێور دەبرژێ، بۆنی خواردنە خۆماڵییەکان لەسەر مێزەکان چاوت لێ دادەگرێ و ئەو نانە نوێیەی کە پشتاوپشت کراوە و گەیشتووە بەمڕۆ و پێی دەڵێن “کەلانە” و “شلکێنە”، هەر کەسێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشی.

بازاڕی “شۆک مەخنە یەهودا” لە ئۆرشەلیم (بەیتولمەقدیس)، کە بەشێک لە کوردە جوولەکەکانیش لەوێ دووکانیان هەیە و دراوسێی دوکانی جوولەکە ئیراانیەکان و مەراکشی و یەمەنییەکانی ترن.

کە کەمێک بە باشی گوێ ڕادێری، ئاهەگنێکی خۆش دێتە گوێت، بەڵێ موزیکی کوردی یە، تێکەڵەیەک لە دەنگی خۆشی موزیکی شاد و گشت لە هەر هەموو کوردەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین.

کە باش دەڕوانی دەبینی، خواردەمەنییەکان کوردی و ئێرانین.

کە باش لە قسەکردنەکەیان خورد دەبێوە، تێدەگەی کە لەو سەیرانە سادە و ساکار و خۆمانەیەدا و بە دوور لە هەر غەل و غەشێک، پیرەکان زمانی “ئارامی” دەدوێن، هەندێک وشەی عبریشیان لە ناو راکردووە.

لەناو بەساڵاداچووەکان، کەم نین ئەوانەی وا لەو کۆمەڵە پڕ خۆشییەدا، جلی ئالەوواڵی کوردی ژنانە و پیاوانەیان لەبەرە و ئەو خاتوونانەش کە مورووی ئاڵەوواڵیان لە پەرچەم و ئەگریجەکانیان داوە و پیاوەکانیان پێچ و کڵاو (جەمەدانی)یان بەستووە. کە باش نیگا لە جلەکانیان دەئاڵقێنی بۆت دەردەکەوێ کە زۆرێک لە جلەکان نوێ نین بەڵام خاوەنەکانیان وەک لاپەڕەیەکی زێڕین و وەک سۆمای چاوان لە ناو یەغدانەکەنیاندا پاراستوویانن، ئاخر هەرچی بێ ئەوە یادگاریی نێشتمانی باوک و باپیانیانن و دەبێ وەک گلێنە و بیبیلەی چاو بیانپارێزن.

بەڵام یەکجار جندی یە کە دەبینی ئەوە تەنیا پیرەکان نین کە ئەو خشڵ و جلانەیان لەبەرە، گەنجەکانیش خۆیان بەو جلانە ڕازاندۆتەوە و بە جوانی هەڵپەڕکێی کوردانە دەکەنە پاوانەی زەوی و خاکی ئیسراییل، کە قاچیان بە سینگی زەوی دادەدەن دەڵێی مامزن وا بە ناز عیشوە بۆ خوداوەندی جوانی دەکەن، سەیر کە ئەم زەوی و زارە تازە خەمڵیوە چ لەو گەنج و جل و هەڵپەڕکێیە دەکاڵێتەوە.

ئەگەر هاتبا و نەتزانیبا ئێرە ئیسراییلە، زۆر بە سانایی دەتتوانی چاوەکانت بنوقێنی و وا هەست بکەی لە داوێنی ئاویەری سنەی.

نا هەڵە مەڕۆ، ئێرە ئیسراییلە، هەزاران ئیسراییلی کە بێ یەک چرکە گومان خۆیان بە کورد پێناسە دەکەن، ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵێک لە نێوان جەژنی پەسح یان جەژنی فەتیر و جەژنی نەورۆزدا، لە پارکە خشپیلانەکەی شارۆچکەی “کفاریونا” (گووندی کۆترەکان) لە تەنیشت باژێری دەلالی نتانیا، لە قەراغ ئاوی مەدیتەرانە، لێک کۆبوونەوە و پێکەوە بوونی ساڵانەیان بەڕێوە دەبەن. فستڤاڵێکی کوردانەی هەر ساڵەیان.

کۆبوونەوەی ئەو گەنج و میرمنداڵانە کە لە ئیسراییل لە دایک بوون و لە ناو کۆڕی گەرمی بنەماڵەکەیاندا و لە لای دایە گەورە و باوەگەورە کۆبوونەوە، یەکجار دڵڕفێنە، بەڵام لە هەر شوێنێکی تر ژ وان بپرسی تۆ ڕیشە و نەتەوەت چیە، بێ ئەوەی یەک چرکەش رابمێنێ و دابمێنێ پێت دەڵێ “ئەنخنۆ کوردیم” (وا تا بە عیبری: ئێمە کوردین”).

ئەگەر هات و پرسیت کوردی کوێ، وڵامەکان ئاڵەوواڵن، بۆ نموونە ئەوەی باوەگەورەی سەقزی ىووە دەڵێ من سەقزیم (بەڵێ من سەقزێکی ئیسراییلیم). یەکی تر پێت دەڵێ باوە گەورە و دایە گەورەم لە گەڕەکی جوولەکەنشینی سنە ژیاگن و دواتر چوونە تاران و لە فڵان ساڵی دەیەی ٥٠ یان ٦٠ی زایینی سەدەی بیستەم گەڕاونەتەوە ئیسراییل. ئەوی تر دێتە گۆ: من کامیارانیم، بەڵێ ڕاستە تەنانەت لە کامیارانی تەنیشت سنەش هەندێک جوولەکە ژیاون، هەندێکیان مامۆستا و دەرمانساز و دوکتور بوون و وەک خەڵکی تری ئەو ناوە، کار و کاسبیان بووە.

دواتر زۆرێک لەو کوردە جوولەکانە لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان و شوێنەکانی تری باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە زۆربەیان زمانی “ئارامی” دەئاخاوتن، بە هۆی ئەوەی کە کوردە جوولەکەکانی ئەو ناوچانە ڕووی لە کەمی نا، بەرەو تاران ڕۆیشتن و زۆربەیان هەر لە یەکەم ساڵەکانی سەربەخۆبوونی ئیسراییل گەڕانەوە ئەو وڵاتە بەڵام هەندێ لە کوردەکانی ئێران و خۆرهەڵاتی ناوینیش هەن کە تەنانەت دوای سەربەخۆبوونی ئیسراییل هاتوونەتەوە ئەو وڵاتە.

ئەو کوردانەی کە زۆر لە کۆنەوە گەڕاونەتەوە ئیسراییل، لە هەندێک گووند لە باکووری ئیسراییل یان ئەشدوود، لە باشوور، دەژین. ڕستۆرانتێکی کوردی کە دایە گەورەیەکی کورد لە نزیکی سنوری ئیسراییل لەگەڵ لوبنان داینابوو، ماوەیەکی زۆر بوو، پەلکێشی توریستەکانیئیسراییلی دەکرد بۆ لای خۆی.

لێر و لەوێی ئیسراییلیش جار جار، هەندێ ڕیستەورانت بەرچاو دەکەون کە تابلۆی “میسعادا کوردیت” واتا ڕیستەورانتی کوردی، لەسەر سینگی نووسراوە.

بەڵام لە بەرەبەری گۆرانکارییەکانی ئێران کە ناویان لێ نا “شۆڕش” و کەمێکیش دوای ئەوە، بەشێکی زۆر لە کوردە جوولەکەکان، وڵاتی خۆیان بەجێ هێشت و وەک زۆربەی جوولەکەکانی ئێران، بەرەو ئەمریکا بارگە و بنەیان تێکنا، ئێستا لە ئەمریکا کۆڕ و کۆمەڵە و کۆبوونەوەی خۆیان هەیە، بە چەشنێک کە کۆمەڵەی کوردە جوولەکە ئێرانییەکان لە کالیفۆرنیا، ٥ هەزار ئەندامی چالاکی هەیە کە بەتایبەتی بۆ پاراستنی زمانی “ئارامی”، چالاکی دەکەن.

لە ئیسراییلیش هەندێک چالاکڤان لە نێو کوردە جوولەکە ئیرانییەکان بۆ پاراستنی ئەو زمانە هەوڵ دەدەن، شیعری پێ دەنووسن، گۆرانی پێ دەنووسن و پێی دەڵێن و لەو دواییانەدا رادیۆیەکیشیان بە هەندێ دەرفەتی ساکار، دامەزراندووە کە بەتەمان بیکەن بە تەلەفیزیۆنیش و هەوڵیشیان پاراستنی زمانی ئارامی یە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە لێی تێدەگەن بەڵام قسەی پێناکەن، ئەوان وسا زمانی باوک و باپیرانیان دەپارێزن.

بەشێکی زۆر لە کوردە جوولەکەکان لە ئیسراییل، تەنیا کاتێک لەو زمانە تێدەگەن لە باوک و باپیریان قسەی پێ دەکا، ئاخر ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر زمانی نەهێنی نێوان باوەگەورە و دایەگەورەیە و بۆ سەردەمان و کاتگەلێک بووە کە گەرەکیان ىووە وە ئی زوانە قسە بکەن ونەوەکانیان ژ وان فام نەکەن.

بەڵام هەر ئەوەندە تێگەیشتنەش لەو زمانە بەسسە بۆ ئەوەی کە بە گۆرانییە کوردییەکان سەرخۆش بن و دەست بکەن بە چۆپی کێشان، لێیگەڕێن با چۆپی بکێشێ، لە هەمان کاتیشدا بە گۆرانییە خەمبارەکان، چاویان تەژی بێ لە ڕۆندک و گۆنای ئاڵیان ببێتە پیدەشتی فرمێسکە دەنک وردە مەیل دەریاییەکان.

ئێستا ئەو گرووپە لە کوردە چالاکەکانی ئیسراییل، شانۆیەکیان بە زمانی ئارامی ئامادە کردووە و ڕێکیان خستووە و دەیانهەوێ ئەو شانۆیە نەک هەر لە باژێر و باژێرۆکەکانی ئیسراییل بەڵکە لە لۆس ئانجلێسیش بۆ کوردەکانی ئاکنجیی ئەوێ ببەنە سەر شانۆ و پێشکەشیان بکەن.

بەڵام ئەو چیرۆکە تەنیا تایبەت بە کوردە جوولەکەکانی ئیران نیە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە کوردەکانی ئێرە ڕیشەی عێراقی ىوون (کوردستانی عێراق- وەرگێڕ) هەر بۆیان بە شانازیی ماوەتەوە، کەمیش نین ئەو کوردە جوولەکانەی کە هەر سەددام ڕووخا، بارگە و بنەیان هەڵگرت و لە ڕێگای تورکیەوە چوونەوە کوردستانی عێراق و گەلێک لەو چیرۆک و باسانە لە میدیا و ڕاگەیێنەکانی ئیسراییلیشدا دەنگی داوە.

ئەو گەشتیارە کونجکۆڵە دڵ بێگەردانە، سەردان و گەڕانەکەی خۆیان زۆر بە خۆشی گێڕاوەتەوە و گوتوویانە چوونە هەر شوێنێک، ڕێزیان لێ گیراوە و بیرەوەریی خۆشیان هەیە.

کەم نین ئەو کوردا جوولەکانەی کە هەر لێیانت پرسی، تۆ ژ کیدەرێی؟ هەر لە جێوە بەرسڤ دەداتەوە: ئێمە کوردی زاخۆین، سەیرە وا دەڵێین زاخۆ دەڵێی هەر هەموو جیهان دەبی بزانن زاخۆ لە کوێیە، ئەو کوردە جوولەکانە بەو پەڕی بێگەردییەوە زاخۆ و هەر شوێنێکی تری کوردستان کە لێی لە دایک بوون یان لێی ژیاون بە شوێنی سرووشتی و هەتاهەتایی خۆیان و ئەژدادیان دەزانن.

بەڵام ئەو حەز و خۆشەویستییە یەکلایەنە نیە، بەڵکوو دوو لایەنەیە، کەم نین ئەو کوردانەی خۆرهەڵاتی ناڤین کە خۆشەویستییەکی تایبەتییان بۆ کوردەکانی ئیسراییل و خودی ئیسراییل هەیە. بۆ نموونە دەتوانین باس لە گۆڤاری “کورد-ئیسراییل” بکەین کە لە کوردستانی عێراق بڵاو دەبێتەوە و بەرپرسی وەشانەکەی وێڕای ئەو هەموو مەترسی و هەڕەشەیە و تەنانەت چەقۆ لێ کێشان و لێدانی ئیسلامییە تووندئاژۆکانی عێراق کە لە سەر و دەم و چاویان دابوو و تەنانەت کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانیشی زۆریان بۆڵە بۆڵ و قسەی تاڵ و تفت کرد و بە سیخوڕی ئیسراییلیان لە قەڵەم دا، ئەو گۆڤارە بە نرخ و پڕبایەخە هەروا لە سەر کاری خۆی بەردەوامە.

ڕێبەرانی ئیسراییل یەکجار لەمێژە و جەندین دەیەیە لە سەردەمی بێن گۆربوون ـەوە ڕایان وابووە کە کوردەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین هەروەک خەڵکانی ناوچەکە کە تورکیە و هیند و ئێرانییە جیاعەرەبەکان بوون، دەتوانن هاوڕێ و ئاواڵی باش بن بۆ ئیسراییل.

لە کۆتایی دەیەی شەست و حەفتای سەدەی رابردوودا، مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری کوردەکانی عێراق لە ڕێگای شایەوە توانی یارمەتی باشی سەربازیی لە ئیسراییل وەرگرێ.

بەڵام لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتا و کاتێک کە ڕێککەوتنی نێوان پاشای ئێرانلەگەڵ سەددام حوسێن، بەسترا، لەسەر داوای یەکجار پێداگرانەی شای ئێران، سەرجەم هاریکارییەکانی ئیسراییل بۆ بارزانی پچڕا.

کاک ئەلیێعزێر (گێیزی) تەسفریر، نوێنەری ئەو کاتی مووساد لە پەرتووکێکدا کە لە ژێر ناوی “ئەنا کوردی” (ئەز کوردم) لە دەیەی ٩٠ی زایینی لە ئیسراییل بڵاو بۆوە، زۆر بە تاڵی و ڕقەوە باس لەو ڕووداوە دەکات و زۆر بە بێزارییەوە باس لەوە دەکات کە کوردەکانی عێراق بە گشتی و یەک شەوە کران بە قوربانیی پەیمانی ئەو کاتی ئێران و عێراق و سەددام وسێن دواتر ئەو کوردانەی طووشی ئەو هەموو مەینەتییە کرد و هەزاران کەسی لێ دانە بەر تانک و تۆپ، ناوبراو لەو کتێبەدا بە ڕقەوە دەڵێ: “هیچ کات شای لە ئێران خۆش نابم”.

لە دوای ئەو ڕۆژگارە تاڵ و ڕەشەی کە کوردەکانی عێراق، طووشی بوون، ئێستا کوردەکانی ئیسراییل لەوەی کە سەددام ڕووخاوە و هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە (فیدرال) زۆر کەیف خۆشن و ئاواتیانە ئەو ئارامییەی کوردستانی عێراق بەردەوام بێ بە ئاواتەوەن چی تر کورد لیو بە بار نەبن و خوین بەو خاکەدا پیاسە نەکاتەوە.

بەڵام سەرەرای ئەوەی کە کوردە جوولەکە ئیسراییلیە بە ڕەگەز عێراقیەکان لەو دۆخە کە هەیە و هەرێمی کوردستان ئازادە زۆر شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، کوردە جوولەکە بەڕەگەز ئێرانییەکان لەوەی کە کوردەکانی ئێران وەک ئیسراییل ئازاد و سەربەخۆ نین، هەر وا ناڕەحەت و دڵگرانن و هەست بە ناخۆشی و پەشێوی دەکەن.

لە هەر جێگایەک باس دێتە پێش و دەرفەت دەقوازنەوە، باس لەوەیە کە ئەوان ئاواتیانە ئێران ئازاد بێ و کوردەکان لە ئازادی دا بژین و باس لەوە دەکەن کە ئەوان هیچ جیاوازییەک و پێکناکۆکییەک لە نێوان خۆشەویستییان بۆ ئیسراییل و کوردستان نابینن و دژ بە یەکتری نین

بۆ خوێندنەوەی دەقی فارسیی ئەو بابەتە لێرە کلیک بفەرموو

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.