لێدانەکەی موجاهیدین و زەنگێک بۆ دێموکڕات و پاڕتە کوردییەکانی خۆرهەڵات

0
760

نووسینی : شەریف هەژاری
وەک ئەوەی یەکەم توێژینەوەی ‘سیاسیی-ئایدۆلۆژیی-مێژوویی-دۆکیۆمێنتاریی’ کە لە باشوری کوردستان دا لەسەر ‘موجاهیدینی خەلق و هەڵوێستیان بەرانبەر نەتەوەی کورد’ کرابێ، ئەوا لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجامم دا و، هەر ئەو ساڵەش وەک پەرتووک چاپکرا و، زۆر زوو ژمارەکانی فرۆشران. بۆیە بە ووردی و ئەکادیمییانە لە قۆناغ بە قۆناغی مێژووی سیاسیی و، ئاڵوگۆرە فکرییەکانیان و، هەڵوێستیان بەرانبەر نەتەوەی کورد شارەزام. بەم پێیە نامەوێت بچمەوە ناو مێژوویان، بەڵام ئەوەی کە هەموومان لەم ساڵانەی دوایدا دەیبینین،تۆپباران و مووشەک بارانکردنیانە لەلایەن شیعەکانی دەسەڵاتداری ‘عێراقی سەر کاغەزەوە’ کە ڕوونە ئەمەش بە فەرمانی تایبەتیی ئێران ئەنجام دەدری.
دیارە هەم موجاهیدین و هەم تەواوی هێزە ‘فارسگەرا، تورانیەتخواز و، عەفلەقییەکان’ بە سوننە و شیعەیانەوە بڕوای تەواوەتیان نە بە مافی گەلی کورد هەیە و نە کوردیش ڕاستگۆییانە وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆی ڕەسەن دەبینن.
ئەوەی گرنگە ئەم مووشەکبارانکردنەی موجاهیدین چ زەنگێکی ترسناکی بۆ دێموکرات و هێزە کوردییەکانی خۆرهەڵات لێ هەڵ دەهینجێنرێت!؟
دیارە موجاهیدین و مێژوویان جیاوازە لە خەبات و مێژووی حیزبێکی کوردیی وەک دیموکرات!! بەڵام ئەم کووشتوبڕە کە ئێران کەڵەگایانە لە ناوچەکە دا دەیوەشێنی، هۆکارێکی ئەوەیە: کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی بە گشتیی خۆیان خستۆتە ناو بازنەی قۆناغی بەرگریکردن و سوڕی سڕبوونەوە و، لە سیاسەتیش دا وەک لە زۆر بابەتدا ئاماژەم پێداوە ”سازش سازشی لێ دێتە کایەوە!”، هەربۆیە ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی ئەوەی ئەو دەرچە گیانبازییانە بدۆزێتەوە کە دەسەڵاتی ئێران لە ناوخۆدا شپرزە ئەکات، ئەوا ئێران دێتە سەریان و لە بارەگاکانیشیان دا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ئۆپۆزسیۆنەکانی شپرزە و خوێناوی ئەکات!! سیاسەتێک کە هەمیشە لە سازش کردن دا کاری وا لای مرۆڤی ژیری سیاسیی پەی پێ دەبرێ، چونکە دڕندەیی کۆماری سێدارەی ئاخوندەکانی ئێران سنور و کات ناناسێ!! بەتایبەت کە لە ئێستادا لە پێناو وەعدگەلێکی نهێنیی ئێران بۆ ئەمریکا، ئەوا ئەمریکا چاو دەنووقێنێت لە دڕندەیی کارە وەحشییەکانی ئێران.
لەبەر هەموو ئەمانەی کە باسکران و، لەبەر ئەو مێژووەی کە ‘پارتیی و یەکێتیی و هێزەکانی باشور’ لە فرۆشتنی شۆڕشگێرانی خۆرهەلات دا هەیانە، ئەوا هیج گەرەنتیەک بۆ سەرکردە و مەقەڕەکانی دیموکرات و هێزە کوردییەکانی دیکەی خۆرهەڵات نییە لە باشوری کوردستان دا، کە ئێران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بە مووشوک، بە ناردنی گرووپی تیرۆر، بە ئەمرکردن بە یەکێک لەم حیزبانە، بە کڕینی خەڵکانێکی شەرەففرۆشی کورد، کردەوەی دزێوتر لە باشور دا دژیان ئەنجام نەدرێ.
بەتایبەت ئەو هێزانە سیقەیان نییە، پارتی هەر لە ‘سلێمانی موعێنی’ تا دەگات بە ‘شەهید ڕەسووڵی بابی گەورە’ بۆ ئێران کووشتوویەتی! ئایا قەت ڕاستەوخۆ داوای لێبوردنی کردووە و قاتیلەکانی گرتووە و سزایان بات!؟ نەک هەر ئەوە بەڵکو لە ساڵانی نەوەدەکان گروپی حیزبوڵای ئەدهەم بارزانی بە ئاشکرا دیموکراتەکانیان تیرۆر ئەکرد! کەچی هەر پارتی بوو لە ناو سنووری خۆیدا گرووپەکانی حیزبوڵای ئەدهەم بارزانی دەپاراست!!
یەکێتیش هەر لە هێنانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا و، ڕاستەوخۆش دەست هەبوون لە تیرۆری شۆڕشگێڕی به‌باهۆزاویی وەک ‘مەنسووری ڕەشە هەورامیی’ و تیرۆرکردنی ‘سەید مەنسوری ناسریی’ و دەیان سەرکردەی دیکەی دیموکرات و، داخستنی ڕادیۆکەیان و تۆپبارانکردنیان!! ئەوا نەک هەر نەیوتووە بە فەرمانی ئێران ئەنجامم داوە بەڵکو بیانووی هێناوەتەوە!!
بزووتنەوەی ئیسلامی ‘کە ئەوکات عەلی باپیر ئەندامی مەکتەبی سیاسییان بوو و کۆمەڵیش بەشێک بوو لەوان’ بە ئاشکرا لە هەڵەبجە حەوت پێشمەرگەی دیموکراتیان دەعوەتکرد و بە ئێرانیان فرۆشت و دیسانەوە ئەوانیش تا ئێستا هەر مەسەلەکە بە لاڕێدا دەبەن! ئیتر با هێزەکانی دیکەی وەک حسک و پاسۆک و ئەوانی تریش بووەستێ!!
کەوابوو گەر قۆناغی جاشایەتیی لای ئەم هێزە کوردیانەی باشور ببێتە نەریت و خوویان پێوە گرتبێ و بیانووی بۆ بێننەوە!! ئایا هەمیشە ئەگەری هێرشی دیکە نایەتە ئاراوە!؟ بەتایبەت گەر ئێران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کارێکی وا بکا! یان بە گرووپی تیرۆریستیی!! کە ساڵانە دەیان نموونەیان لێ دەبینینەوە!! بەتایبەت پارتی لە ئێستادا بۆ درێژکردنەوەی سەرۆکایەتی مەسعود بەرزانی ئامادەی سازشە بۆ ئێران، یەکێتیی و هەندێک لە ئیسلامییەکانیش لە زۆنی ئێرانن.
کەوابوو دیموکرات دەبێت خۆی لەم قۆناغە ڕزگارکات، چوونەوەی بەشێکیان بۆ قەندیل گرنگە، بەڵام کپ بوونیان تا ئێستا بۆ چییە!؟ چاوەڕێی چین! ئەوان کە چوونەوە قەندیل نابێت بە گوێی ‘پارتیی، یەکێتیی و پەکەکە’ بکەن، ئەوان گەر دەرس لەم هەمووە نەهامەتی و خوێناوییەیان وەرنەگرن ئەوا خوا بیانگرێ !! دەبوو تا ئێستا بەتەواوی خۆیان ئامادە کردبایە بۆ گورز، بەتایبەت وەرزی سەرمایە و بۆ شۆڕشگێڕ وەرزە-گورزە!!
دیموکرات کە چوونەتەوە قەندیل، وێنەی مەفرەزە پارتیزانەکانیان لە شارەکانی خۆرهەڵات لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە!! کاکە ئێوە حیزبێکن نزیکەی سێ چارەکە سەدەیە خەبات دەکەن، بۆیە ئێوە نە پێویستان بە شەڕی دەروونی هەیە لە ئێستا دا و، نە پیویستان بە خۆ-ناساندنەوە هەیە بە شارودێهاتەکانی خۆرهەڵات! گەر پێویستیشتان بە خۆناساندنەوە هەبێ ئەوا ئیتر خەڵکی خۆرهەڵات ئەزانێت لەوێن و دەچنەوە خۆرهەڵات!! ئێوە بە تەمای چین!؟ بەنیازن پارتیی یان یەکێتیی بڵێ وا مەکەن لە پێناو شتێکی دیکەدا!! ئێوە دەبێت ئیتر جووڵانەوەی خۆتان بسەلمێننەوە!!
پرسیار ئەوەیە: ئێوە پێویستان بە چییە لە ئێستادا؟
ئێوە دەبێت لە ئێستا دا بۆ هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوە ”خۆتان-بسەلمێننەوە!!”، خۆتان بە چی ئەسەلمێننەوە؟ بە گورزی ترسناک کە لە ناوخۆدا لە ئێرانی بوەشێنن ئەوا خۆتان دەسەلمێننەوە و نابێت شۆڕشگێڕ لە هەندێ قۆناغی سەخت دا بیرلەوە بکاتەوە چەندێک خوێن دەبەخشێ و ….!!!.
ئێران لە سوریا-عێراق-یەمەن تێوەگلاوە، گەر لە ناوخۆ دا ئێوە سەرقاڵی بکەن، ئەوا لە ئەجێندا دەرەکییەکانی دا لاوازی دەکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئیلهام بە هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەبەخشن کە ووزە بەخۆیان ببەخشنەوە. کە بۆ دەرەوەش خۆتان سەلماندەوە، ئەوا لەو هەموو ووڵاتە هەر هێزێک دەبێ هاوکاریتان بکا، خۆ ئەگەر ئەوەش نەبوو!! ناکۆکیی نێوان هێزەکانی باشور وا ئەکا جارجار هاوکاری بکرێن، خۆ گەر ئەوەش نەبوو!! ئەوا بە دڵنییاییەوە قەندیل و گەلی خۆرهەڵاتان لەگەڵە و بە تێکۆشانتان دڵنیام خەڵکی کوردستان ڕاستەوخۆ هاوکاریتان دەکاتەوە و قەندیلیش دەبێتە پەناگەی باهۆزاویتان، کات مەکووژن و گورزوەشاندنی بەردەوام دەست پێ بکەنەوە، وەرزی سەرمایە: وەرزەگورزە!، کەپۆی ئەو ئاخوند و پاسدارە ژەنگاوییانەی وەک ‘قاسمی سلێمانی’ بشکێنن کە هێزەکانی باشور زەندەقیان لێیان چووە و زیڕە دەکەن بە فەرمانەکانیان!!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.