بەپێی دوایین ڕاپۆرتی لێبووردەیی ناونەتەوەیی، ژنانی پەنابەر لە لایەن قاچاقچی و هێزە تەناهییەکان و پیاوانی پەنابەروە لە شوێنە کاتییەکانی مانەوە لە وڵاتانی ئوروپاییدا، ڕووبەڕووی تووندوتیژی ڕەگەزی دەبنەوە.
ڕۆژی دوو شەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانویە)، ڕێکخراویی لێبووردەیی ناونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە دەستدرێژی و تووند و تیژی ڕەگەزی (سێکسی) لە ڕێگای باڵکان و یونان و هەروسا لە شوێنە کاتییەکانی مانەوەی ژنان لە وڵاتی ئاڵمان کرد.
ئەو ڕاپۆرتە بە پێی لێدوان لەگەڵ ٤٠ ژن و کچی پەنابەر ئامادە کراوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ڕێگای تورکیە و یونان و باڵکانەوە، هاتوونەتە وڵاتانی ئوروپایی.
تیرانا حەسەن، نوێنەری ئەم ڕێکخراوە لەو بارەوە گوتی: “ئەو دەستدرێژی و تووندوتیژییە ڕەگەزییانە تەنانەت لە خاکی ئوروپاشدا درێژەی هەبووە”.
بە پێی لێدوانی تیرانا حەسەن، ئەو ژنانە لە پێناو دەرباز بوون لە مەترسی گیران و هەروەها وەرگرتنی جل و بەرگ، لە لایەن قاچاقچی و پۆلیسەکانەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو ژنانەی کە لێدوانیان لێ وەرگیراوە گوتوویانە کە زۆربەی پیاوە پەناخوازەکان لە کاتی چوون بۆ حەمام و خۆ شۆردن، بەدوای ئەو ژنانەوە بوون و زۆر جار لە ترسان ناچار بوون شەوانە لە دەرەوە بخەون.
ڕێکخراوی لێبووردەیی ناونەتەوەیی وێڕای باس کردن لە بار و دۆخی خراپی پاک و خاوێنی و باری ژیانی پەناخوازەکان داوا دەکات تا بارودۆخێکی گونجاو بۆ پەناخوازەکان پێک بێت و شوێنی پاک و خاوێنی و حەوانەوەی شیاویان بۆ دابین بکرێت و لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ: “قەبووڵ ناکرێ کە ئەو کەسانە لە ئوروپاش هەروە ڕووبەڕووی شکاندنەوە ببن نەپارێزرێنو کێشەی نائاسایشیان هەبێ”.