لێبوردنی نێودەوڵەتی خوازیاری دادگایەکی دادپەروەرانە بۆ” سامان نەسیم”ـە

0
590

پاش ئەوەی کە سامان نەسیم زیندانی سیاسی کورد توانی پاش نزیک بە ١٤٥ رۆژ چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی ئەو زیندانییە بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لەدەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران کردووە کە بەشێوەی دادپەروەرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو زیندانییە سیاسییە بکەن.

سامان نەسیم کە ماوەی چوارساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پێوەندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراوە، شەش مانگ بەر لەئێستا لەگەڵ چەند زیندانی سیاسی دیکەی کورد هەواڵی لەسێدارەدانی بڵاو بوویەوە.

پاش پێنج مانگ لەناڕوونی چارەنووسی سامان نەسیم دەرکەوت کە هەواڵی لەسێدارەدانەکەی دوور بوو لەراستی و ماوەیەک لەمەوبەر توانیبووی چاوی بە بنەماڵەکەی لەزیندانی زەنجان بکەوێ.

لەحاڵی حازردا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پشتیوانی خۆی لە نەسیم دەربڕیوە و هاوکاتیش داوای لە بیروڕای گشتی کردووە کە چۆن فشارەکانیان بۆ سەر راگرتنی حوکمی سێدارەی ئەو زیندانییە سیاسیە چڕ کردەوە، هەر لەو هێزەش بە مەبەستی بەڕێوەچوونی دادگایەکی دادپەروەرانە کەڵک وەربگرن.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە، سامان نەسیم لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە و دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ ئەو زیندانییە سیاسیە پێشێل کردنی پەیماننامە جیهانییەکانە.

لەسێدارەدانی کەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بەپێچەوانەی بەندی ئەلفی ماددەی ٣٧ی پەیماننامەی جیهانی مافی منداڵانە کە ئێران ساڵی ١٣٧٣ پێی پەیوەست بووە.

لەوبارەیەو گۆڤاری ئیلکترۆنی ” مافی ئێمە” کە لە رێفۆرمخوازەکانی ئێران نزیکە بڵاوی کردبوویەوە، ” لەساڵی ٢٠١٤دا لانیکەم ١٣ حاڵەتی لەسێدارەدانی ژێر ١٨ ساڵ لەئێران جێبەجێ کراوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.