له‌ پایته‌ختی فه‌ڕانسه‌ 21 هه‌مین كۆنفرانسی‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ده‌ستیپێكرد

0
1026

ئه‌مڕۆ ٣٠ نوامبری ٢٠١٥ كۆنفرانسی‌ لوتكه‌ی‌ گۆڕانی‌ كه‌شوهه‌وا به‌ به‌شداریی‌ نزیكه‌ی‌ 150 سه‌ركرده‌ی‌ وڵات، ده‌ستیپێكرد و ماوه‌ی‌ 12 ڕۆژ ده‌خایه‌نێ. كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ به‌ سه‌رپه‌رستیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێ و نزیكه‌ی‌ 40 هه‌زار كه‌س به‌شداریی‌ تێدا ده‌كه‌ن، مه‌ترسییه‌كانی دوه‌م ئۆكسیدی كاربۆن و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما‌و كاریگه‌ریی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیی له‌سه‌ر پیسبوونی هه‌وا، ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كیی‌ ده‌بن‌و چاودێرانیش ده‌ڵێ: كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌رگایه‌ك ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ به‌شێك له‌و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌ی‌ جیهانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌. پێش ده‌ستپێكردنی كۆنفڕانسه‌كه‌ش، فه‌ره‌نسا ئاماده‌كاریی كردوه‌ له‌ ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ و 15 هه‌زار پۆلیس و سه‌رباز له‌نێو پاریس بڵاوه‌یان پێكراوه‌‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی فه‌ره‌نسا، ڕێگرییش ده‌كا له‌ چالاكییه‌كان له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفڕانسه‌كه‌ و ڕێگه‌ نادا پشێوی دروست بێ، به‌ڵام سه‌ڕه‌رایی‌ ئه‌و ڕێگرییه‌، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌ دژی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ دوانه‌ ئۆكسیدی‌ كار بۆن دروست ده‌كه‌ن و جیهان گه‌رم ده‌كه‌ن، خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا. له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ له‌ زۆر وڵاتی جیهان، خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیكردن له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ و داواكاریی بۆ بڕیاردانی گرنگ له‌باره‌ی پاراستنی ژینگه‌ و كاركردن بۆ سه‌لامه‌تی مرۆیی ئه‌نجام ده‌درێت‌و وڵاتانی خۆرئاواش، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا به‌هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كه‌م داده‌نێن بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت چه‌ند بڕیارێك له‌و كۆنفرانسه‌ بدرێن. كۆنفرانسی لوتكه‌ی كه‌شوهه‌وا كه‌ له‌ پاریس به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بڕیاره‌ ١٢ ڕۆژ بخایه‌نێت، واتا له‌ رۆژی 30ی نوامبری 2015 ده‌ست پێده‌كا و له‌ رۆژی 11ی دێسه‌مبری 2015 كۆتایی دێ. ناوه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی كۆنگره‌ی‌ لۆتكه‌ی‌ كه‌ش و هه‌وای‌ پاریس، بریتیه‌ له‌ (سی‌ ئۆ پی‌ 21) كه‌ ئاماژه‌یه بۆ 21هه‌مین كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌ كه‌شوهه‌وا‌و به‌سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و 40 هه‌زار كه‌س له‌ كۆنفرانسه‌دا به‌شدار ده‌بن‌و سێ هه‌زار ڕۆژنامه‌نووس رووماڵی ده‌كه‌ن. كرنگرترین ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی‌ كه‌ باس ده‌كرێن له‌ كۆنگره‌ی‌ لوتكه‌ی‌ كه‌ش‌و هه‌وادا، بریتین له‌ مه‌ترسییه‌كانی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و كاریگه‌ریی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژی له‌سه‌ر پیسبوونی هه‌واو پیسبوونی ئاو و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی شیرین و توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ده‌ریاكان‌و هه‌ژاری‌و برسێتی له‌ جیهاندا له‌گه‌ڵ وشكه‌ساڵیی‌و له‌ناوچوونی زینده‌واران‌و مه‌ترسی ناسه‌قامگیریی سیسته‌می گۆی زه‌وی. به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ ئاژانسی‌ فرانس پرێس، كۆنفرانسه‌كه ئامانجی گه‌یشتنه‌ به‌رێككه‌وتنێك بۆ جێبه‌جێكردنی پلانی رێگرتن له‌مه‌ترسییه‌كان‌و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رو كه‌مكردنه‌وه‌ی ریسكی ته‌كنه‌لۆژیا. ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێن له‌ كۆنفرانسی‌ لوتكه‌ی‌ كه‌ش‌و هه‌وادا به‌ده‌ستبهێنرێن، بریتین له‌كۆتاییهێنان به‌ مه‌ترسی خۆراك‌و رێگری له‌ مه‌ترسیی پیسبوونی ئاو و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییی پاشماوه‌ی سووته‌مه‌نی و رێگه‌دان به‌ وڵاتانی هه‌ژار بۆ به‌كارهێنانی خه‌ڵوز و نه‌وت و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌كارهێنانه‌ له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا و هاوسه‌نگیی به‌كارهێنانی جۆره‌كانی سووته‌مه‌نی و كاركردنی زیاتر به‌ تیشكی خۆر و هێزی با بۆ وزه‌. به‌شێك له‌ چاودێرانی‌ سیاسیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن: كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌رگایه‌ك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ به‌شێك له‌و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌ی‌ كه‌ جیهانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ تیرۆر و ئاڵۆزییه‌كانی‌ نێوان ڕوسیا و توركیه‌.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت