له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ڕێز له‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ وه‌لیدی گیرا

0
980

هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هاوكاریی ئەنجوومەنی رێزگرتن لە ناودارانی كوردستان، سەردانی فەتانە وەلیدی، خانمە گۆرانیبێژی كوردستانیان كرد و وەك رێزگرتن لە ئەرك و ماندوبوونەكانی ئەو هونەرمەندە، خەڵاتی رێزلێنانیان پێ بەخشی.

فەتانە وەلیدی ساڵی ١٩٥٣ لە سنە لە دایك بووە و یەكێكە لە ژنە پێشەنگەكانی گۆرانیی كوردی، گۆرانیی “سەبری گوڵفرۆش” لەو گۆرانییانەی فەتانەیە كە بە گوێی هەمووان ئاشنایە و زۆرێك لە هونەرمەند و گۆرانیبێژە ناودارەكانی كوردستان گۆرانییەكانی ئەو خانمە هونەرمەندەیان گوتووەتەوە.

فەتانە وەلیدی ساڵی ١٩٧٢ دەستی كردووە بە گۆرانیگوتن و یەكەم گۆرانیی بۆ فیلمێكی سینەمایی ئێرانی تۆمار كرد و بەو هۆیەوە لەلایەن بنەماڵەكەیەوە حاشای لێ كرا، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی بۆ هونەرەكەی، بەردەوام بوو لە كارە هونەرییەكانی و لە ئێستەدا خاوەنی دوو كاسێتە و لە ساڵی ١٩٨٠ بەملاوە هیچ گۆرانییەكی تۆمار نەكردووە.

چیرۆكی وازهێنانی فەتانە وەلیدی لە هونەرەكەی، تا ئێستەیش روون نییە و هەندێك لە میدیاكانی رۆژهەڵات دەیگەڕێننەوە بۆ دابڕانی ئەو خاتوونە هونەرمەندە لە خۆشەویستەكەی و پێیان وایە، بەو هۆیەوە ئیتر نەیتوانیوە لەدوای ساڵی ١٩٨٠وە هیچ گۆرانییەك بڵێت، بەڵام تەنیا ئەو دوو كاسێتە تۆماركراوەی، وایان كردووە تا ئێستەیش ناوی فەتانە وەلیدی لەناو كۆڕ و كۆبوونەوە هونەرییەكان هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە.

فەتانە وەلیدی بەم دواییانە تووشی نەخۆشیی زەهایمەر بووە و لە گوندی حەسەن ئاوای سەر بە شاری سنە لەگەڵ باوكی “حەمەشەریف وەلیدی” دەژی، كۆمەڵێك هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستان وەك رێزگرتن لە هونەری ئەو خانمە گۆرانیبێژە، سەردانی ماڵەكەیان كرد و بۆ ماوەی چەند سەعاتێك بیرەوەرییە كۆنەكانیان بۆ زیندوو كردەوە.

هەر لەو سەردانەدا، ئەنجوومەنی رێزگرتن لە ناودارانی كورد، خەڵاتی رێزلێنانی ئەنجوومەنەكەیان بە فەتانە وەلیدی بەخشی.

سه‌رچاوه‌

وشە/ هیدایەت جان- هەولێر

وێنە/ سنە -بەختیار سەمەدی

fatane2 fatane3 fatane6 fatane10 fatane11 fatane14 fatane15 welidi fetane

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت