له‌ چه‌ند ئاواییه‌كی مه‌ریوان شه‌ڕ له‌ نێوان خه‌ڵك و هێزه‌كانی ڕژیم ڕوویدا

0
998

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی دانیشتوانی چەند ئاوایی سەر بە ناوچەی مەریوان بە هاتوچۆی ماشینە بارهەڵگرەکانی کانگای بەردی شانشین، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازییان و سووکایەتیان پێکردوون.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، زیاتر لە ٥٠ کەس لە هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر دانیشتووانی گوندەکانی “سوفی‌بڵە، تازاوا و دەبنیاد”ی سەر بە ناوچەی شارستانی مەریوان و بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی بریندار کراون.

بەوتەی چەند کەسێکی دانیشتووی ئەو ناوچانە، ماشێنە بارهەڵگرەکانی کانگای بەردی شانشین کە بە ناو ئەو ئاواییانەدا تێپەڕ دەبن ژیانیان لە گوندنشینەکان تێکداوە و تۆز و خۆڵی جادەکەش خەڵکی بێزار کردووە.

ئەو هاووڵاتیانە مەبەستی رزگار بوون لەدەستی تۆز و خۆڵ ماوەی مانگێک دەبوو کە رێگەیان نەدەدا کە ماشێنە باهەڵگرەکان هاتوچۆ بکەن کە لە ئەنجامدا سکاڵەی خاوەن کارگەکەی لێکەوتەوە و هێزە نیزامییەکان رژاونەتە ئەو ناوچانە و خەڵکیان داوەتە بەر لێدان و کوتان.

کەسێکی دانیشتووی یەکێک لەو گوندانە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: تێکهەڵچوون و بێ‌حورمەتیکردن بە هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە قۆناغی لێدان و کوتانیشی بە خۆیەوە بینیوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک خەڵکی ناڕازی بریندار کراون.
زۆربەی بریندارانی ئەو تێکهەڵچوونە ژنان و منداڵانن و هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە ژمارەی برینداربووان لەبەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا جەختی کردووە لە ئەگەری تەواو نەبوونی توز و خۆڵی ماشینە بارهەڵگرەکانی ئەو کانگایە، ناڕەزایەتی دانیشتووانی گوندەکانی سوفی‌بڵە، تازاوا و دەبنیاد درێژەی دەبێت.

ئەو کانگایە بە کانگای بەردی شانشین ناسراوە و سەر بە ناوچەی ساراڵی مەریوانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت