لاوی لۆتکەوانی مهابادی وەک یەکێک لە باشترین لۆتکەوانانی جیهان ناسێندرا

0
1127

ڕۆژی کورد: ئەحمەد ئەحمەدی یان باشترە بڵێین ئاوات ئەحمەدی، وەرزشوانی مهابادی و ئەندامی یانەی نەتەوەیی لۆتکەوانیی ئێران، لەلایەن مانگنامەی ناونەتەوەیی وەرشیی Finnfair وەک یەکێک لە باشترین لوتکەوانانی جیهان ناسێندراوە و گوتراوە یەکێکە لەو کەسانەی کە شانسی بوون بە یەکەمی لە ئولەمپیکی 2020ـی تۆکیۆدا هەیە.

گۆڤاری Finnfair، ئاوات ئەحمەدی لە تەنیشت 10 وەرزشوانی ناسراوی جیهان لە وڵاتانی ترەوە داناوە و باس لە لێهاتوویی بەرچاوی ئەو لاوە کوردەی خەڵکی مهاباد دەکات.

ئاوات ئەحمەدی، خەڵکی گەڕەکی باغی شایەگانیی مهابادە، کوڕێکی خۆش قسە و بەئەخلاق و بەورە کە لەمنداڵییەوە تەنیا لە ژێر نازی دایک و براکەی (خەبات ئەحمەدی)دا گەورە بووە و نازی باوکی لەسەر نەبووە.

ئاوات سەرەتا بەپێی حەزی خەبات ـی برای، دەستی کرد بە وەرزشی ژیمناستیک و تێیدا سەرکەوتوو بوو بەڵام دواتر لۆتکەوانی وەک حەزی سەرەکیی خۆی هەڵبژارد و زۆری نەخایاند ناوبانگی لە ناو وەرزشوانانی ئێران و دواتر لە ناو وەرزشوانانی جیهاندا، دەنگی دایەوە.

لە تەنیشت ناوی ئاوات ئەحمەدی لە گۆڤاری Finnfairدا ناوی چەند وەرزشوانی تر لە ئینگلیس، ئاڵمان، ئیرلەند، کرۆواسی، کۆماری چێک، دانمارک، بێرمودا، ئارژانتین و ڕووسیە، دەبیندرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئاوات کە لە ساڵی 2015دا پلەی هەشتمەی لە کێبەرکێکانی جامی کلاس فین، مسۆگەر کرد، ئێستا بە چڕی سەرقاڵی ڕاهێنان و پرۆڤەیە بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئۆلەمپیکی ٢٠٢٠ـی تۆکیۆ بەشدار بێ و ئێستاش خۆی بۆ کێبەرکێکانی حەوتووی ئولەمپیکی ئیسپانیا و یارییەکانی ئاسیایی جاکارتای ئەندونزی، ئامادە دەکات.

زۆربەی پرۆڤەکانی ئاواتی لاو و خوێنگەرم لە بەنداوی مهاباد، ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژی کورد، ئاواتی سەرکەوتن بۆ ئەو لاوە کوردە و سەرجەم لاوانی کورد بە گشتی و لاوانی وەرزشوانی کورد بەتایبەتی دەخوازێت و هیوای وایە لاوانی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات کە لەوپەڕی بێ نازی و پشت گوێ خراندا، هەوڵی بەردەوامی خۆیان بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی کورد و کوردستان دەدەن، سەرکەوتوو و بێ وەی و کامەران بن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت