كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەممەی ئێران بایکۆت دەکا

0
622

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە نوسخەیەکی بۆ رۆژی کورد نێردراوە؛ هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەممەی ئێران بایکۆت دەکا و داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن و نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان

راگەیاندنی كۆمەڵە.. كۆماری ئیسلامی بە شانۆگەریی هەڵبژاردن مەشروعیەت پەیدا ناكات

كەمتر لە دوو هەفتەی دیكە شانۆگەریی هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی لەئێران بەڕێوەدەچێت.

هەر وەك تەواوی دەورەكانی پێشووی ئەم شانۆگەرییە ئێستاش زۆر بێ شەرمانەتر بەهەموو بەرەكانی رابەریی‌و ویلایەتی فەقێ پرۆپاگەندەی بۆ دەكەن. ئەم شانۆگەرییە بڕیارە جارێكی دیكە وەك ئامرازێك بۆ پەردەپۆشكردنی سیاسەتەكانی یەكێك لەدیكتاتۆرترین‌و دژە خەڵكیترین رژیمەكانی هاوچەرخ بەكار بهێنرێت. قانون‌و سیستمی هەڵبژاردن لەم رژیمەدا نەك تەنیا لە قازانجی بەشداری خەڵك‌و كاندیدە سەربەخۆكان‌و غەیری خودییەكان بچوكترین گۆڕنكاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵكو رۆژ بەرۆژ ‌و دەورە پاش دەورە بازنەی بەشداریكردنی تەنانەت داكۆكیكارانی سەرسەختی ویلایەتی فەقێ‌و خزمەتگوزارانی دێرینی كۆماری ئیسلامیش بەرتەسكتر بووەتەوە. لەحاڵێكدا كە سیاسەتمەداران‌و بەرپرسانی باڵای رژیم خۆكاندیدكردنیان لەم شانۆگەرییەدا رەتدەكرێتەوە، هەرچەشنە تیۆری‌و بۆچوونێك بۆ بەشداریی لەم شانۆگەرییە، خزمەت بە مانەوەی هارترین بەرەی كۆماری ئیسلامی‌و ئاوەڵاكردنی دەستیان لە بەردەوامبوونی سەركوت‌و دیكتاتۆریی دەكات.

لەتاریكستانێكدا كە كۆماری ئیسلامی بۆ زۆرینەی زۆری خەڵكی ئێرانی دروستكردوە، مەودای هەژاریی‌و سەروەت گەیشتووەتە ئاسمان، بەشی ژیانی كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی‌و زۆربەی زۆری خەڵك، رۆژڕەشی‌و نیگەرانی‌و نائەمنییە، دیاردە كۆمەڵایەتییەكانی وەك لەشفرۆشی‌و كارتۆن خەوەكان‌و توشبوون بەمادە سڕەكەرەكان‌و بازرگانیكردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، ژیانی خەڵكیان رەشتتر كردوە. كوێی هەڵبژاردن دەتوانێت ئاوڕێك لە ژیان‌و چارەنوسی ئەم خەڵكە بداتەوە؟

خەڵكی كورد كە لەیەكەمین شانۆگەری ریفراندۆم لە 12ی خاكەلێوەی 1358 بە تێكڕا دەنگی “نا”یان بە كۆماری ئیسلامیدا، لەتەواوی دەورانی دەسەڵاتی ئەم رژیمەدا هیچكات رێگەیان بەوە نەداوە بەم جۆرە پیلانانە لەناو خەڵكی كوردستاندا پێگەیەك بۆ خۆی دەستبەر بكات. كۆماری ئیسلامی كە لەهەموو روویەك گەمارۆی كوردستانی داوە‌و یاسای داگیركاریی بەسەردا سەپاندوە، چیتر پێویستی بە دەنگدانی خەڵكەكەی نابێت. لەماوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا بەرگریی‌و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان‌و بەرزراگرتنی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی، ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی ئەم رژیمە‌و هەموو جیهان سەلماند كە كۆماری ئیسلامی‌و یاساكانی‌و دەسەڵاتەكەی لەكوردستاندا هیچ شوێنێكیان نیە. لە هەڵبژاردنەكانیشدا كۆماری ئیسلامی دەبێت هەمان وەڵام لە خەڵكی كورد وەربگرێتەوە كە لە ماوەی 37 ساڵ بەرخۆداندا بە رژیم دراوەتەوە.

لەبارودۆخی ئێستادا كە قەیرانی سیاسی ناوخۆیی رژیم تەشەنەی سەندوە‌و قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان بەرەوڕووی كۆمەڵگای ئێران بووەتەوە‌و، هەژاریی‌و بێكاریی‌و نا ئەمنی‌و بێ ئاسۆیی بۆ داهاتوو تانوپۆی ئەم كۆمەڵگایەكی تەنیوە‌و، داهاتووی كۆمەڵگایەكی 80 ملیۆنی لەپێناو پاراستنی دیكتاتۆرترین‌و دواكەوتووترین رژیم لەناو تاریكیدایە، شانۆگەری هەڵبژاردن بە سیستمی ئیستسوابی بۆ مانەوە‌و بەردەوامبوونی كۆماری ئیسلامییە‌و وەك مەجلیسیەكەی ئێستا، مەجلیسی داهاتووش دەبێت بە یەكێك لە ئۆرگانە سەرەكییەكان‌و یەكێك لە بناغەكانی هێشتنەوەی ئەم رژیمە. مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەم 37 ساڵەدا بێجگە لە بەهێزكردنی پایەكانی ئەم رژیمە هیچی نەكردوە‌و هیچ پرۆژە‌و بەرنامەیەكی بە ئاراستەی باشتركردنی ژیانی خەڵك نەبووە، بە پێچەوانەوە بە ئاراستەی هەژاریی زیاتری خەڵك‌و زۆربوونی دیاردە دزێوە كۆمەڵایەتییەكان هەنگاوی ناوە.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان شانۆگەریی هەڵبژاردن لە ئێران رەتدەكاتەوە بە تەواوی بایكۆتی دەكات. خەڵكی ئازادیخوازی ئێران‌و هێزە چەپ‌و سوسیالیست‌و ئازادیخوازكان‌و خەڵكی خەباتكاری كوردستان ئەم جۆرە شانۆگەرییانە قبوڵ ناكەن‌و بەشداریی تێدا ناكەن.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
24ی رێبەندانی 1394

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.