قەیرانی ستراتیژی و دروشمی دڵڕفێن/ئاوڕدانەوەیەک لە خاڵە پەسەند کراوەکانی کۆنگرەی پێنجی پژاک

0
1936

ئاوڕدانەوەیەک لە خاڵە پەسەند کراوەکانی کۆنگرەی پێنجی پژاک

نووسەر: هاوڕێ کرماشانی

یەکەم: ئەگەرچی ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان ئاواتی هەر کوردێکی بەشەڕەف و نیشتمانپەروەرە و ئاواتێکی لەو چەشنە هەڵگری بەهایەکی بەرزی مرۆڤی و کوردانەیە، بەڵام پژاک لە باری پراکتیکییەوە، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ ناتوانێ کارێگەری لەسەر ئازادیی ئەو بەڕێزەدا هەبێت. بۆیە ئەمە دروشمێکە هەرچەند بەرز و پیرۆزیش بێت دەرخەری یەک ڕاستییە، ئەویش پێوەندیی ڕاستەوخۆ و چڕوپڕیەتی بە ئایدۆلۆژی و ستراتیژیی پەکەکەوە کە خۆشیان نایشارنەوە، بە شێوەیەک کە لە باشترین حاڵەتدا و لە چوارچێوەی هەمان ستراتیژیدا ئازادیی جووڵانەوەی تەنیا لە بواری تاکتیکدا دەبێت، ئەویش بە شێوەیەکی زۆر لاوەکی و پەراوێزی و لە چوارچێوە و دەقی پەکەکەدا.

لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ڕوو کە ستراتیژییەک کە لە بنەمادا لە دژی تورکیا گەڵاڵە کراوە، ئەتوانێ چ کاریگەرییەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێراندا هەبێت. بەم جۆرە و بە مسۆگەر بوونی ئەم ئەوێتی ناسنامەیی پژاک و پەکەکە، هیچ ئەگەرێک بۆ خاوەن ستراتیژی بوونی پژاک وەک حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی نامێنێتەوە و سەرەڕای ئەو دروشمە پۆپۆلیستییە زەبەلاحە دڵڕفێنانە، ئەو حیزبە زیاتر وێنەیەکی تەمگرتوو و ناڕوونی دەبێت لە پێوەندییەکانی نێوان پەکەکە و کۆماری ئیسلامیدا، بە شێوەیەک کە سیستەمی ئیدارییەکەی لە هاوسەرۆکەکانییەوە تا مەجلیسە کارتۆنییەکەی، تەنیا ناوەندێکی داڕشتن و دەرکردنی دروشمن و ناتوانن لە دەرەوەی خواست و ئارەزووەی پەکەکە بڕیارێک دەربکەن بۆیە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە، وەکوو حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی قبووڵ ناکرێت. هۆکاری ئەم قبووڵ نەکردنەش بەرلەوەی بۆ قۆرخکاریی ئەو هێزانە بگەڕێتەوە(وەک پژاک ئیدەعای هەیە)، لە ناخی خودی پژاک و شوناسە ناسەربەخۆکەی دایە لە پێوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا، هەر بۆیەش کۆمەڵە و دیمۆکرات وەک پێشتریش ڕایان گەیاندووە، ئامادەن دانیشتن و دانووسان لەگەڵ پەکەکە بکەن بەڵام پژاک ڕەت دەکەنەوە.

دووەم: پەسەند کردنی بڕیاری دوورکەوتنەوە لە بازنەی ململانێی سیاسی سیستەمی جیهانیش هەر دروشمێکی باشە، چوونکو لە واقیعدا پەکەکە خۆی بەشێکە لە هاوپەیمانی ئێرانی شیعی کە لە سەر بەرەی ڕووسیا دەگیرسێتەوە. پەکەکە وەکوو حیزبێکی گەورە و خاوەن پێگەی کوردی، ئەتوانێ بەشێک بێت لەو هاوپەیمانییە، بەڵام ناتوانێ لە هەمان کاتدا ئیدەعای دژایەتی ئێران بکات. واتە ئەو شتەی ڕەوایی و خاوێنی سیاسەتی پەکەکە لە پێوەندیی لە گەڵ بلووکی ئێرانی شیعەدا دەباتە ژێر پرسیارەوە بوونی پژاکە، نەک شتێکی تر. ئەوە شتێکی ڕوونە کە پێوەندیی و دۆستایەتی لە سیاسەتدا بگۆڕە و هێچ پێوەندییەک هەمیشەیی نیە، بەڵام هیچ مەعقوول نیە پەکەکە دۆستی ئێران بێت و پژاکیشی دروست کردبێت بۆ دوژمنایەتی ئێران.

سێهەم: ئەوەی پژاک خۆی بەدوور بگرێت لە سیاسەت و ئامانجەکانی دەوڵەت نەتەوە هەنووکەییەکان نە سیاسەتێکی ڕوون و ڕۆشنە و نە دروشمێکی باش و گونجاو. لە هەمان کاتیش وەک ڕایگەیاندووە ئیتر خۆی بەوەوە نابەستێتەوە کە تەنیا حیزبێکی کوردستانی بێت. پژاک و پەکەکە هیچ ڕوونیان نەکردووەتەوە کە چۆن دەڕواننە ئەو دەوڵەت نەتەوانە. ئایا دەوڵەت نەتەوە لەم ناوچەیەی ئێمە بەرهەمی ڕەوتێکی سروشتیی مێژوویی و دیمۆکراتیکە و لە سەر بنەمای لۆژیکی پێکەوە ژیان هاتووەتە ئاراوە، یان دیاردەیەکی زۆرەملییە و لە دەرەوی ئیرادەی گەلانی ناوچەکە و لە سەر بنەمای خواست و بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکان دانراوە (سایکس پیکۆ، 1911١٩١٦1119). ئەگەر سروشتییە ئەوە هەموو ڕەوت و جەریان و حیزبە کوردییە چییە کە لە سەر بنەمای مافی زەوتکراو و خاکی داگیر کراو سەریان هەڵداوە، ئەگەریش داسەپاوە و لە دەرەوەی ئیرادەی گەلانی بندەست، ناسیۆنالیزمی فارس و تورک و عەرەب، بوونەتە هێزی باڵادەست و لە چەقی دەسەڵاتی بەناو دەوڵەت نەتەوەکاندا جێی خۆیان کردووەتەوە و ساڵەهایە بە ژینۆسایدی ڕەش و سپی هەوڵی تواندنەوەی کورد و گەلانی ژێر دەستی تر دەدەن، ئایا لە دوای ئەو هەموو قڕکردن و کوشتنی بە کۆمەڵ و هەوڵی سڕینەوەیە، پەکەکە چۆن پێناسەیەکی لە دەوڵەتی دیمۆکراتیک هەیە و بە پێی کامە دەرفەت و ئیمکان خەون بە کۆنفیدرالیزمێکی دیمۆکراتیک، لە دەرەوەی پێکهاتەی نادیمۆکراتیکی خۆیەوە دەبینێت. بۆیە ئەم دژوازییانەی خوارەوە بە دروشمی دڵڕفێن ناسڕدرێتەوە:

ئا) پێکهاتەوی سیاسی پەکەکە خۆی سیستەمێکی نادیمۆکراتیکە و هەر بۆیەش ناتوانێ مزگێنی دەری داهاتوویەکی دیمۆکراتیک بێت.

ب) ئەوەندە هەرای ناوەتەوە لە سەر دەوڵەت نەتەوە و دژایەتی کردنی وەک بڵێی کورد چەندین دەوڵەت نەتەوەی دامەزراندبێت و دیاردەیەکی ئەزموون کراو بێت.

ج) لە ئەساسنامەی هیچ حیزبێکی کۆن و خاوەن پێگەی کوردستان وەک پارتی و یەکیەتی و دیمۆکرات و کۆمەڵەدا، باسێک لە دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوە نەکراوە و هەموویان لە سەر دوو بابەتی ئۆتۆنۆمی و فیدرالیزم، و دیمۆکراسی خوازی یەک دەگرنەوە، کەوابوو هەموو حیزبەکانی پێش پەکەکە داواکاری دەوڵەتی دیمۆکراتیک بوونە بە دیسکۆرسێکی دیار و شەفافەوە، ئیتر ئەم ئیدەعایانەی پەکەکە کە گوایە ناسیۆنالیزمی تێپەڕاندووە و لە خەونی ناعەقڵانی کوردستانی گەورە بازی داوەتەوە بۆ ئەنتەرناسیۆنالیزمێکی سەقەت و پێشتر ئەزموونکراو و هەروەها دروشمی دەوڵەتی دیمۆکراتیک بە دیسکۆرسێکی ناڕوون و ناشەفافەوە، هەمووی ڕیشەی لە قەیرانی ستراتیژیکی ئەو حیزبەدایە تا خوێندنەوەیەکی پوختە و عەقڵانیی، واقیعی کوردستان و ناوچەکە.

د) سەرەڕۆیی یەکێکە لە بنەمایی ترین و بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی پەکەکە، ئەم حیزبە تا پێش قەیرانی سووریا، لە هەموو پارچەکانی کوردستان هێزی ئینسانی بردە شەڕی شۆڤینیزمی تورکی، کەچی یەک گوندیشی پێ ڕزگار نەکرا، بەڵام ئێستە ئەیەوێ ڕۆژهەڵاتیش ڕزگار بکات و گوایە کۆمەڵە و دیمۆکرات بەریان پێ گرتووە. لە سەردەمێکەوە کە قەندیل بووە بە هێمای خۆڕاگریی پێشمەرگە و گەریلا، هیچ حیزبێکی کوردیی ئیدەعای خاوەندارێتیی نەکردووە و هەموو حیزبەکان لێی ژیاون و کار و چالاکی خۆیانیان کردووە و هیچ لایەنێک لە لایەنێکی تر ڕوخسەتی هاتنە قەندیلی وەر نەگرتووە. کەچی لە کێلەشیندا ئەو شەڕەی سەپاندە سەر حیزبی دیمۆکراتدا و پێشمەرگەیەکی لێ شەهید کردن، تەنیا بیانووشی ئەوە بوو کە بۆ هاتنەوەی پێشمەرگە بۆ ڕۆژهەڵات دەبێ ئیزن لە ئەو وەربگرن.

ه) پەکەکە لە پێناوی دروشمی برایەتیی گەلان زۆر بە ئاسایی خۆی لەوە دەدزێتەوە کە لە هەڵبژارندنەکانی تورکیادا، ئەندام و لایەنگرەکانیان، هاوکات و بە دوو دەست ئاڵای پەکەکە و ئاڵای تورکیا بە دەستەوە بگرن، بەڵام لە ڕۆژاوای کوردستان هەرکەس ئاڵای کوردستان بەز کاتەوە، سزای دەدات.

چوارەم: هەڵبژاردنی بەڕێزان سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین وەکوو هاوسەرۆکی پژاک، خاڵێکی ترە کە پێویستە بە تایبەت هۆکارەکانی دەسنیشان کردنی سیامەند موعینی کوڕی شەهید کاک سولەیمانی موعینی لێکدرێتەوە.

ئا) شەهید کاک سولەیمانی موعینی کاتی خۆی یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، کە لە ئەنجامی مامەڵەکانی مەلا مستەفا بارزانی و حەمە ڕەزا شای پەهلەوی، ڕادەستی ڕێژیمی پاشایەتی ئێران کرایەوە و شەهیدیان کرد. و بمانەوێ و نەمانەوێ بارزانی بەرپرسیار و تاوانبار بووە لەو کارە قیزەونەدا. یەکێک لە ئامانجەکانی پژاک ئەوەیە کە سیاسەتی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان قووڵتر و بەربڵاوتر بکاتەوە، کە گوایە پارتی هەر کورد کوژ و دارەدەستی ڕێژیمەکانی داگیرکەری کوردستان بووە و بەمجۆرە ڕۆڵی بەرچاوی پارتی لە سیاسەتی هەنووکەیی کوردستاندا بخاتە پەراوێزی ڕووداوێکی مێژووییەوە کە بەداخەوە ڕووی داوە و تازە هیچێکی لێناکرێت.

ب) سیامەند موعینی بەر لەوەی ببێتە ئەندامی پەکەکە ئەندامی کۆمەڵە بووە، پژاک بە هەڵبژاردنی سیامەند وەکوو هاو سەرۆکی خۆی سێ ئامانج دەپێکێت. یەکەم، ئەگەر ڕێبازی باوکی کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، ڕێبازێکی باشتر بوایە، ئەوا ئەمیش بە هەمان ڕێبازدا دەرۆیشت. دووەم، کاتێ کە بووە بە ئەندامی کۆمەڵە، دیارە لە نەبوونی پژاکدا، کۆمەڵەی لە دیموکرات بە باشتر زانیوە کەچی ئەویش هەر حیزبێکی باش نەبووە بۆیە بە جێی هێشتووە. سێهەم، ئەیەوێت بڵێت سیامەند وەکوو نوخبەیەکە کوردی ڕۆژهەڵاتی لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە قەدری نەزانراوە و دوایی کە هاتووەتە ناو پەکەکە، ئێمە بەشایانی سەرۆکایەتیمان زانیوە و بەڵێنی نوخبە پەروەریمان بردووەتە سەر و ئێستا لای ئێمە لە بەرزترین ئاستی ڕێبەرایەتی پژاک دایە.

 

لە ئەنجامدا پژاک هەرچەندە خۆی بە خاوەنی دۆزی ڕۆژهەڵات بزانێ، مادامێکە خاوەن بڕیار و ستراتیژییەکی سەربەخۆ لە پەکەکە نیە، لە سیاسەتی نەگونجای دۆستی و دوژمنی هاوکاتی پەکەکە، لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا گومانی زۆری لە سەرە. بەو هیوایەی پژاک لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتر و عەقڵانیتر بە سیاسەتەکانیا بچێتەوە و لەمە زیاتر ئەندامانی خۆی کە ڕۆڵەی خۆبەخشی نەتەوەکەمانن، نەکاتە قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی پەکەکە لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستاندا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت