قاسم سلێمانی، فەرماندەیی هێزەکانی ئێرانی لە شەڕی حەلەب بە ئەستۆوە بووە

0
1450

ڕۆژی کورد: سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەست تێدابوونی خۆی لە تێکچوونی ئاگربەستی حەلەب ڕەت دەکاتەوە و وەزارەتی دەرەوەی بریتانیاش لەمەڕ توندوتیژیی ئێران و ڕووسیە، باڵویزی ئەو دوو وڵاتەی بانگ کردووە و نیگەرانییەکانی خۆی پێ ڕاگەیاندوون،  ماڵپەڕێکی نزیک لە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەواڵی بەئەستۆوەبوونی فەرماندەیی هێزەکانی ئێران لە حەلەب ـی لە لایەن قاسم سلێمانی فەرماندەی “سوپای قودس”ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانـی بڵاو کردەوە.

ماڵپەڕی “فەردانیوز” و ماڵپەڕی “ئەلف” کە دوو ماڵپەڕی سەر بە سپای پاسدارانن، وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی قاسم سولەیمانی، ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە کە فەرماندەی سوپای قودسی ڕژیمی ئێران فەرماندەیی شەڕی حەلەبی بە ئەستۆوە بووە.

هەرچەند پێشتر هەندێک لە ماڵپەڕەکان باسی ئەوەیان کردبوو کە لە کاتی هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیلی حەلەبدا، فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران بەناوی “سەید جەواد” ئەو، هێرشانەی کردووە، بەڵام هەندێ ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو کەسەی کە فەرماندەیی ئەو ئۆپراسیۆنەی حەلەبی کردووە، قاسم سولەیمانی بووە، نەک کەسێکی تر.

لە حاڵێکدا ڕووسیە باس لە ڕاگواستنی ٥ هەزار کەس لە خۆرهەڵاتی حەلەبەوە بۆ ڕۆژئاوای ئەو شارە دەکات، بوریس جانسۆن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥٥ی هەتاوی، باڵوێزی هەردوو ولاتی ئێران و ڕووسیەیان بە هۆی دڵەڕاوکێی قوڵ لە دۆخی خۆرهەڵاتی حەلەب، بانگ کردووە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتێرز، جانسۆن وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە گوتوویەتی: “زانیاریمان لە دەست دایە کە هێزەکانی ڕژیمی سووریە و هاوپەیمانەکانی، خەڵکێکی زۆریان لە گۆڕەپانەکان لە سێدارە داوە، تەقە لە ئامبوڵانسەکان دەکان و زۆر کەسیش لە حەلەب، بێسەروشوێن بوون و ئەوە جێگای نیگەرانییە”.

هاوکات، ڕۆژی هەینی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، باراک ئۆباما لە دوایین کۆنفرانسی هەواڵی خۆی لە ساڵی ٢٠١٦ دا، ئێران و ڕووسیە و سووریەی بە بەرپرسیاری کوشتنی خەڵکانی سڤیل لە حەلەب لە قەڵەم دا و گوتیشی: “جیهان لە هێرشە دڕندانەکانی سووریە و هاوپەیمانەکانی وەزاڵە هاتووە”.

4444

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت