فەرمانگەی باج (ماڵیات)ـی پیرانشار، تەنگی بە هاووڵاتیانی ئەو شارە هەڵچنیوە.

0
1225

فەرمانگەی باج (بە فارسی ماڵیات و دارایی)ـی شاری خانێ بە نوسینی باجی زۆر بۆ کاسبکاران و دووکاندارانی ئەو شارە، تەنگی پێ هەڵچنیون و ئەوەش نارەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە و گوشارێکی زۆری بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو شارە ساز کردووە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە پیرانشار، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی باجی پیرانشار و سێ کەس لە فەرمانبەرانی، دەستیان کردووە بە نووسینی باجی زۆر بە بیانووی ناڕەوا بۆ خەڵکی ئەو شارە و بەتایبەت دووکانداران و بازاڕیانی پیرانشار.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، “ئەسعەد پەروینی”، بەڕێوەبەری فەرمانگەی باجی پیرانشار کە خۆی یەکێک لە مۆرەکانی ڕژیم و نزیک لە سپای تیرۆریستیی پاسدارانە، بە هاوکاری و هاوفکریی سی کەسی تر بە ناوەکانی “ڕەحیم زادە خەڵکی شنۆ” و تەهازادە، خەڵکی بۆکان” و “باستانی خەڵکی شنۆ”، لە ڕێگای جیاجیا و بە نووسینی باجی لەڕادەبەدەر و بە بیانووی سەیروسەمەرە، گوشارێکی زۆریان بۆ سەر خەڵکی ئەو شارە هێناوە.

ئەو باج نووسینانە کە بەدەر لە چوارچێوەی یاسایین، بە ڕادەیەکی زۆر و نابەجێن کە تەنانەت بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای دارایی و ماڵیاتی پارێزگای ورمێ ـیش وەدەنگ هێناوە.

بەپێی زانیاریەکان، “ئەسعەد پەروینی” و ئەو سێ هاوکارەی، تا ئێستا گوێیان بۆ ناڕەزایەتیی سەرووی خۆیان لە ورمێش شل نەکردووە و هۆکاری ئەو سەرەڕۆی و ڕقەیان لە خەڵکی پیرانشار ناڕوونە.

یەکێک لە بازاڕیانی بازاڕچەی خانێ بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی گوت: “باجەکان لە رادەبەدەرن، ئەوەی ڕۆژانە پەیدای دەکەین دەبێ بە دوو لەسەر سێ بیدەین بە فەرمانگەی باج، ئاوا بڕواتە پێش دەبێ دووکان و بازاڕ داخەین و تەختەی بکەین”.

هاووڵاتیەکی تری خەڵکی پیرانشار بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی گوت: “وەدەست هێنانی بژیوی ژیان لە ئێران بە گستی زۆر ئەستەمە، خەڵک بەزۆری سەری خۆی ڕاگرتووە بەڵام ئەو شێوەی جووڵانەوە نامرۆڤانەی ئەسعەد پەروینی و هاوکارانی، بە گشتی چرای هیوا و ژیانیان لە ئێمە و خاووخوێزانەکانمان داخستووە، ئاوا بڕواتە پێش ناچارین ڕووبەڕووی ببینەوە جا بە هەر شێوەیک بۆمان لوابێ”.

لاوێکی پیرانشاری کە تازە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و دەستی بە کار لە دووکانێک لەو شارەدا کردووە دەڵێ: “ئەو شێوەی هەڵسووکەوتەی ئەو کەسانە وایکردووە کە ژیانی هاوبەشیی من و خێزانم لە سەرەتاوە گرێ کوێرەی تێبکەوێ، داخی لە هەمووی گرانتر ئەوەیە کە ئەوانە کوردیشن، بۆیە پێویستە ئێمەش بیدەنگ نەبین و بە شێوەی خۆمان لێی وەدەنگ بێین”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.