فەرمانبەر و کرێکارانی کشت و سەنعەتی مهاباد ٣ ساڵە مووچەیان نەدراوەتێ/مانگرتن بەردەوامە

0
1148

لە حاڵێکدا کە ماوەی ١٣ ڕۆژ بەر لە ئێستا، حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، جاڕنامەی مافی شارۆمەندی واژۆ کرد، هیچ دەزگا و بنکەیەک نیە گوێ بە داواکاریی مانگرتووانی کشت و سەنعەتی مهاباد بدات.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مهاباد، ماوەی ٢٢ ڕۆژە کرێکارانی دامەزراو و نیوەکاتی “کشت و سەنعەت”ـی مهاباد، بە هۆی نەدان و دواکەوتنی مووچە و حەق دەستەکانیان، مانگرتنێکی گشتییان وەرێ خستووە و ناچنەوە سەر کارەکانیان.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، ماوەی پتر لە سێ ساڵە مووچەکانیان وەدوا کەوتوون و تا ئێستاش هیچ بەڵێنییەکیان پێ نەدراوە، هەر بۆیەش لە ماوەی ٢٢ ڕۆژی ڕابردوودا، نەیانهێشتووە کشت و سەنعەتی مهاباد، کار بکات و کارەکانیان وەستاندووە.

هەواڵنیری ڕۆژی کورد رایگەیاند، ماوەی ٣ ساڵە ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە یان مووچەیان پێنەدراوە و یان لە باشترین حاڵەتدا بە ٦ مانگ جارێک ٥٠٠ هەزار تمەنیان پێ دەدرێت.

 تا ئێستا موچەی وەدواکەوتووی ئە وکرێکار و فەرمانبەرانە، بووە بە ١٠ ملیۆن.

کاربەدەستانی “کشت و سەنعەت” ماوەی چەند ساڵ لەمەوبەر ئەو کارگەیەیان کرد بە کەرتی تایبەت و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەشدا ٣ جار ئەم پرۆژەیە دراوە بە کەسانی جیاواز، بەڵام هەرکامیان بە جۆرێک ماف و موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانیان خواردووە.

photo_2016-12-23_19-00-38یەکێک لە مانگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد، لەمەڕ داواکارییەکانیان، گوتی: “دوای ئەوەی کە کشت وسەنعەت درا بە کەرتی تایبەت، چەند جاران کرێکارەکانی بێکار کراون، ئێستاش خۆ لە دانی موچەکەمان دەبوێرن، هەر بۆیەش دەستمان داوەتە مانگرتنێکی بەرین و بەڕاستیش تا گەیشتن بە مافە یاساییەکانمان، بەردەوام دەبین و ناکشێینەوە”.

یەکێکی تر لە مانگرتووان لە لێدوانی خۆی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی: “جیا لە خاوەن کارەکانمان، گازندەمان لە ڕاگەیاندنەکانیش هەیە، مخابن بۆ بێدەنگییان.”

ئەو فەرمانبەرەی کشت و سەنعەتی مهاباد، هەروەها گوتیشی: “بەرپرسان لە بری وڵامدانەوە بە داواکاری و مافەکانمان، خەریکی دەرکردنی فەرمانبەر و کرێکارە نیوەوەخت و ناڕەسمییەکانن و تا ئیستاش چەند کەسیان دەرکردووە. ئێمە ئیستا لە دۆخێکی خراپی ئابووریی خۆمان و بنەماڵەمان دەستمان داوە بە مانگرتن و لە مانگرتن بەردەوامین بەڵام حکومەت و دام و دەزگاکانی بە هیچ جۆر وڵامدەرمان نین”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت