فیلمی “چارەکێک هیوا” لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد، جەمشید بەهرامی، لە ئاڵمان نمایش دەکرێ

0
910

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، فیلمی “چارەکێک هیوا” لە دەرهێنانی دەرهێنەری کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات و نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان، کاتژمێر ٧ی ئێوارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ڕێکەوتی ١٥ی مانگی جولای لە شاری نۆرێنبێرگی ئاڵمان لە ماڵی کورد و ئاڵمانی نمایش دەکرێ.

فیلمی “چارەکێک هیوا” لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاری بەرهەمهێنانی کۆتایی پێهاتووە ویەکەم بەرهەمی دەرهێنەری ناسراوی کورد، جەمشید بەهرامی، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگەیە.

لەم نمایش کردنەدا جەمشید بەهرامی و فاتح ساڵحی (ئەکتەری سەرەکیی ئەم فیلمە) بەشدار دەبن.

فیلمی “چارەکێک هیوا” پازدە خولەکە و چیرۆکی پێشمەرگەیەک باس دەکات کە لە سەروبەندی شەڕی داعش سەرەڕای نەخۆشی و ئازاری زۆر، بە هۆی خۆشەویستیی وڵات و هەستی نیشتمانپەروەری لە وڵاتی ئاڵمانەوە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە کوردستان.

بڕیارە دوای نمایش کردنی ئەم فیلمە، باسێک لەمەڕ سینەما لە کوردستان لەلایەن جەمشید بەهرامییەوە پێشکەش بکرێت و دواتر وڵامی پرسیاری ئامادەبووان بدرێتەوە.

جەمشید بەهرامی

جەمشید بەهرامی لە وتووێژێکی تایبەت بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد لەمبارەوە گوتی: “بەنیازین فیلمی چارەکێک هیوا لە چەندین فستیڤاڵی جیهانی  و لە ئاستی کوردستان بەشدار بکەین”.

ئەم دەرهێنەرە کوردە، لەمەڕ بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە لە ئاستی گشتیدا باسی لەوە کرد کە ئەم فیلمە لە دوای بەشداری کردن لە فستیڤاڵەکان دەخرێتە بەر دیدی ڕای گشتی.

لەمەڕ دروست کردنی هۆکار و هاندەری بەرهەمهێننانی ئەو فیلمە، بەهرامی وێڕای ئاماژەکردن بە بێ دەرەتانیی بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر و هونەرمەندانی کورد بەتایبەت لە تاراوگە، گوتی: “ئێمە لەم فیلمەدا بەنیاز بووین و ویستوومانە، ڕواڵەتێکی نوێ لە کورد و کوردستان بخەینە بەر چاوی بینەرانی فیلمەکە و ئەو ڕەوتە کە تێیدا، کورد ڕواڵەتێکی گوندی هەیە و وا ناسراوە، نەخرێتە ڕوو و ڕواڵەتی ئەمڕۆیی و بوێریی کورد بخەینە ڕوو کە سەرەڕای هەندێک هەوڵ تا ئێستاش کەمتر سەرکەوتوو بووە”.

لەمەڕ کاری داهاتووشی، بەهرامی وتی: “لە ئەگەری ڕەخسانی دەەرفەت و بوونی سپۆنسەر، بە نیازی دوو کاری ترین کە ئەم دوو کارە بڕیارە بەو دوو ئێکیپەوە کە لەم فیلمەدا پێکەوە کارمان کردووە بەرهەم بهێنین کە ئێکیپەکە لە کەسانێکی نیشتمانپەروەر پێکهاتووەو لەگەڵ ئەوەشدا کە لە هەندەران دەژین بەڵام ڕووگەی کارەکانیان کورد و کوردستانە”.

دەست و پێوەندییەکانی فیلمی “چارەکێک هیوا” بریتین لە:

نووسین و دەرهێنان: جەمشید بەهرامی

دەورگێڕی سەرەکی: فاتح ساڵحی

دەورگێڕانی تر:

خاتوو ئاوات سەدیقی نیا

کەژوان محەممەدی

ڕۆژوان محەممەدی

 لینا کاروان

کورتە ئاوڕێک لە ژیان و چالاکییەکانی جەمشید بەهرامی:

جەمشید بەهرامی لەدایکی بووی  ١٣٦٠ی هەتاوی، خەڵکی مەریوان لە کوردستانی باشوورە و ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی خوێندنی لە بواری هونەرە جوانەکانی لە زانکۆی شەهید بەهەشتی تاران تەواو کردووە و دواتر وەک مامۆستای هونەر لە شاری مەریوان دەستی بەکار کردووە و دواتر ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە زانکۆی تەورێز، بەشی شانۆی لە ئاستی کارناسی تەواو کردووە و سەردەمی خوێندکاری لەلایەن ئیتلاعاتی ئێران لە مەریوان دەستبەسەر کراوە و وەک خوێندکاری ئەستێرەدار، مافی درێژەدان بە خوێندنی لێ زەوت کراوە.

بەهرامی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی سەر شەقام لە کورستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی شاری مەریوانە کە تا کاتی هاتنە دەرەوەی لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەیان کاری شانۆیی بەڕێوە بردووە و لە دەیان فستیڤاڵی ناوخۆیی و ناودەوڵەتی بەشداری چالاکانەی هەبووە کە ڕەوتی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان ئێستا وەک پێشەنگی شانۆی سەرشەقام لە ئاستی هەموو ئێران، ناسراوە.

بەهرامی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بە هۆی گوشاری ئیتلاعات بە ناچاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەرەو کوردستانی باشوور بەجێهێشتووە و ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٢ وەک مامۆستا لە بەشی شانۆی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بووە و لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە لە وڵاتی ئاڵمان دەژیت.

بەهرامی لە فیلمگەلی “زەلکاو”، فیلمی “بۆچی یان چرا”، فیلمی “ژان و ژین”، دەوری گێڕاوە.

شانۆی “چریکەی ئۆفیلیای ئەویندار”، یەکێک لە کارەکانی بەهرامییە کە وەک دەورگیڕ و وەرگێڕ و دەرهێنەر لە وڵاتی ئەویندار یەکێکی تر لە کارەکانی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە.

شانۆی “باوک”، “چوار سندووق” دوو بەرهەمی شانۆیی تری ئەو دەرهێنەرە کوردەن کە لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کراون.

هەروەها دەرهێنەریی فیلمگەلی “دیوار”، “هیوا”، “خنکاو”، لە ئەستۆ بووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت