فیلمسازی كورد كه‌یوان كه‌ریمی ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین كرا

0
876

رۆژی چوارشەمە ٢٣ی نوڤەمبەر، کەیوان کەریمی دەرهێنەری کورد بە تەلەفۆنێک ئاگادار کرایەوە کە بەمەبەستی لێپێچینەوە، سەردانی فەرمانگەی جێبەجێکاری حوکمەکان لە لقی یەکی دادگەی “موقەدەس” لە گرتووخانەی ئەوینی شاری تاران بکات. کەیوان کاتێک سەردانی ئەو فەرمانگەیە دەکا، دەسبەجێ دەسبەسەر دەکرێت و لەوێوە بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی دەگوازرێتەوە بۆ ژووری ژمارە ٨ی گرتووخانەی ئەوین و لەوێ دەهێڵرێتەوە.

حوکمی ئەو دەرهێنەرە کوردە یەکساڵ مانەوە لە زیندان و هەروەها ٢٢٣ لێدان بە قامچییە.

کەیوان کەریمی ساڵی پار بەهۆی چێکردنی بەڵگەفیلمێک سەبارەت بە مێژووی گرافتییەکانی شاری تاران بەناوی “نووسین لەسەر شار”، بە تۆمەتی “پرۆپاگەندە دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها سووکایەتی کردن بە پیرۆزییەکان” سزای ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢٢٣ لێدان بە قامچی بەسەردا سەپا.

لە دادگەی پێداچوونەوەدا، حوکمەکەی بۆ یەکساڵ زیندانی و ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو گۆڕا، بەڵام لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی دادگەی پەیوەندییداردا ئەوا دەبێ ئەو پێنج ساڵەش لە گرتووخانەدا بەسەر ببات.

کەیوان پاش دڵنیابوونەوە لە بڕیاری دادگەی پێداچوونەوەدا لە دیمانەیەک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵنێری ڕویتەرزدا ڕایگەیاندبوو کە نایهەوێ ئێران بەجێبهێڵێ و ئامادەیە بۆ جێبەجێ بوونی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی گرتووخانە بکرێت.

کەیوان کەریمی سەرەتا لە مانگی نوڤەمبەری ساڵ ٢٠١٢ پاش بڵاوبوونەوەی پێش-وەشانی بەڵگەفیلمی “نووسین لەسەر شار” لە یۆتیۆب، لە ماڵەکەی خۆییدا دەسبەسەر دەکرێت. ناوبراو ١٢ رۆژ لە گرتووخانەی ئەڤین لە ژووری تاکەکەسییدا دەهێڵرێتەوە و پاشان بە دانانی بارمتەی ماڵی ئازاد کرا.

بڕیارەکەی دادگە گەلێک کاردانەوەی نێونەتەوەیی لێکەوتەوە. یەکەمین کاردانەوەی هەرەوەزی دەگەڕێتەوە بۆ دەرکردنی بەیاننامەی کۆمەڵێک فەیلەسووف، کۆمەڵناس، نووسەر و چالاکانی مافی مرۆڤ لەچوارچێوەی هەڵبەستێکدا بەناوی “هەڵبەست، سزایەک دژ بە دەوڵەت”.

پاشان ئەنجۆمەنی نەتەوەیی دەرهێنەران، سناریۆنووسان، ئەکتەران و سینەماکاران لە فەڕەنسە و ئیتالی و هەروەها ئەنجۆمەنی نەتەوەیی رۆژنامەوانان و ڕەخنەگرانی سینەمایی ئیتالی لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری دادگەکەیان شەرمەزار کرد و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە بوون.

هەروەها ٤٥ نوێنەری پەرلەمانی ئەورووپا بە واژۆ کردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی کەیوان دەربڕی و خوازیاری ئازادیی بێمەرجی ئەو دەرهێنەرە لاوە بوون. هەر لەم پێوەندییەدا فستیڤاڵی “پۆنتو دێ ڤیستا” بە هاوکاری دامەزراوەی “ناڤارو” و ماڵباتی “ژان ڤیگۆ” دەرهێنەری کۆچکردووی سپانیایی، بۆ پشتگیری لە کەیوان کەمپەینێکیان بەڕێخست و داوایان لە ٢٢٣ دەرهێنەری جیهانی کرد تا بە تۆمار کردنی یەک وشە و ناردنی بۆ فستیڤاڵەکە لە کورتەفیلمێکدا بەناوی “وشە، قامچی” بەشداری بکەن و بەمشێوەیە دژ بەو ٢٢٣ لێدان بە قامچییە، هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن.

لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی ٦٩یەمین فستیڤاڵی کاندا، دەستەی دادوەرانی بەشی بەڵگەفیلمەکانی ئەم فستیڤاڵە لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنییدا خوازیاری زیاتر کردنی هەوڵە نێونەتەوەییەکان بوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگەی شۆڕشی تاران.

فیلمی “نووسین لەسەر شار” دەپەرژێتە سەر مێژووی نووسین لەسەر دیوار و گەرافیتییەکانی شاری تاران لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ هەتا سەردەمی پاش بزاڤی سەوزەکان. ئەو فیلمە هەتا ئێستە لە زۆرێک فستیڤاڵی جیهانییدا بەشداری کردووە. دواهەمین بەشداری کردنی بەڵگەفیلمی “نووسین لەسەر شار” ٢٨ی سێپتەمبەری ئەمساڵ بوو لە فستیڤاڵی فیلمی ڤیەننا.

بەرهەمەکانی تری کەیوان کەریمی بریتین لە “ژن و مێردی کرێکار”، “سنووری شکاو” و هەروەها “تەپڵ” کە دواهەمین بەرهەمی ئەو دەرهێنەرەیە.

تەپڵ یەکەمین بەرهەمی سینەمایی کەیوانە کە هاوینی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە بەشی هەفتانەی ڕەخنەگرانی فستیڤاڵی ڤنیزدا پیشان درا. تەپڵ بەسەرهاتی پارێزەرێک دەگێڕێتەوە کە پاش وەرگرتنی پاکێجێک، ژیانی ژێروژوور دەبێ و لەم نێوەدا گەلێک کەس بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پاکێجە سەردانی دەکەن.

کەیوان نەورۆزی ئەمساڵ و ئەوکاتەی لەژێر فشاری هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا بوو، ئەو فیلمەی لە تاران بەرهەمهێنا کە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی بەرچاوی لێکرا. ژان میشل فرۆدۆن سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری سینەمایی “کایەدوسینەما” ئەم فیلمەی بە باشترین فیلمی ئەمساڵی فستیڤاڵی ڤنیز زانی.

kkkklllll

2g9a08362g9a10692g9a9419

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت