فراكسیۆنی پارتی: هەوڵی خیانەتكردن لە سەربەخۆیی دەدرێت

0
760

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی “ڕووداو”، ڕۆژی شەممە 22 ـی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەیەكی لەبارەی دۆخی ژیانی مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان بڵاوكردەوە.

فراكسیۆنی پارتی رایگەیاندووە “درك بە بارگرانی ژیانی خەڵك دەكەین و لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە تاوەكو ئێستاش، لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە بە بەردەوامی لە پرس و راوێژداین، لە هەمانكاتیشدا درك بەو مەترسییانە دەكەین، كە لە پەنای داوای رەوای خەڵكەوە، خەریكی جێبەجێكردنی ئەجێندای مەترسیداری خۆیان و نەیارانی سەربەخۆیی كوردستانن”.

فراكسیۆنی پارتی باس لە هەندێك لایەن دەكات، كە “یاری بەسۆزی خەڵك دەكەن و خەریكی شاردنەوە و جێبەجێكردنی ئەو ویستە مەترسیدارەن”.

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی داوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندجارێك شاندی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە “ئەمەش دەربڕینی نیازپاكییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە هەن، تاوەكو كۆتایی بەو بارگرانییە بهێنرێت كە بەهۆی بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، پەڕیوەتەوە نێو ژیانی خەڵكی كوردستان”.

باسی لەوەش كردووە “بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی دەوڵەتی یاسا، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە داوایەك لە بەغدا كراوە، ئەگەر رێككەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەولێر و بەغدا سەری نەگرت، ئەوا بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكات، ئەمەش بە هەموو پێوەرێك راوەستانەوەیە لە دژی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و دژی ئەو هەموو شەهید و قوربانیانەیە، كە گەلەكەمان لەو پێناوەدا بەخشیونی”.

فراكسیۆنی پارتی ئەو داواكارییانە بە دژایەتی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان وەسف دەكات و رایدەگەیێنێت “ئێمە بە هەموو لایەك و بەتایبەتی ئەو لایەنانەی كە ئەو داوایەیان ئاراستەی بەغدا كردووە، رایدەگەیێنین یاریكردن بە چارەنووسی خەڵكی كوردستان و دژایەتیكردنی خەباتی گەلی كوردستان و بێبەها سەیركردنی خوێنی شەهیدان و ئەنفال و قوربانییەكانمان، دەچێتە خانەی دژایەتیكردنی راستەوخۆی تەواوی خەڵكی كوردستان و مێژووە خوێناوییەكەیەوە، هەروەها دەچێتە خانەی خیانەت و خۆفرۆشییەوە و بۆ كەس ناچێتە سەر”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت