عەلی یۆنسی، دژایەتیی خۆی لەگەڵ پێکهاتنی فراکسیۆنی “قەومەکان” ڕاگەیاند

0
761

ڕۆژی کورد: عەلی یۆنسی، وەزیری پێشووتری ئیتلاعاتی ئێران و ڕاسپێردراوی تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بۆ کاروباری قەومەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان، دژایەتیی خۆی لەگەڵ پێکهاتنی فراکسیۆنی “قەومەکان” ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی ئیرنا، عەلی یۆنسی ڕۆژی هەینی5ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی لە دانیشتنێک لە پارێزگاریی ئەحواز و لە وڵامی یەکێک لە بەشداربووانی کۆڕەکە کە بە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەحواز پێناسە کراون، دژایەتیی خۆی لەگەڵ پێکهاتنی فراکسیۆنی “قەومەکان” لە مەجلیسی ئێران ڕاگەیاند.

باس لە پێکهاتنی فراکسیۆنی نەتەوەکانی ئێران کە لە ئاسای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە “قەوم” پێناسە دەکرێن، کاتێک هاتە ئاراوە کە نوێنەرە تورکەکانی پارلمان، فراکسیۆنی نوێنەرانی تورکیان پێکهێنا و بەدوای ئەودا نوێنەرانی ڕژیم لە چەند شاری کوردنشین وەک میاندواو، سایین قەڵا و تیکاب،  داوای پێکهێنانی ئەو فراکسیۆنەیان کرد.

تا کاتێک باس لە پێکهاتنی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە ئارادا نەبوو، هیچ کام لە بەرپرسانی ڕژیم دژایەتییان لەگەڵ پێکهاتنی فراکسیۆنی قەومەکان نەدەکرد بەڵام دوای ئەو چەندین کەس لە بەرپرسانی ڕژیم بە ئاشکرا، پێکهاتنی ئەو فراکسیۆنانەیان بە سەرهەڵدانی ئاژا و دوورکرەوتنەوە لە یەکگرتوویی نەتەوەیی لەقەڵەم داوە.

هەڵبژێردرانی عەلی یۆنسی (کە لە ناو کاربەدەستانی ڕژیم بە عەلی ئیدریسی ناسراوە) وەک ڕاسپێردراوی تایبەتیی ڕوحانی بۆ کار وباری قەوم و کەمینە ئایینییەکان، لەلایەن ڕێفۆرمیستەکانەوە و بەتایبەت لەلایەن ڕێفۆرمیستە کوردەکانەوە، پرۆپاگەندایەکی زۆری پێوە کرا بەڵام لە کردەوەدا دەبیندرێ کە نەتەنیا دۆخەکە باشتر نەبووە بەڵکوو خودی یۆنسی یەکێکە لە برەوپێدرانی هەڵاواردن لەمبارەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ٢٥ گەنجی کورد بە تاوانی سەلفەی بوون لە سێدارە دران و هەروەها تا ئێستا چەندین جار بە ئاشکرا بێ ڕێزی بە کوردانی یارسان کراوە و پێش بە بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان گیردراوە.

لە سەردەمێکدا کە عەلی یۆنسی سەرۆکایەتیی دادگای نیزامی لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە ئەستۆ بوو، دەیان کەسی ناسراوی سیاسەتی ئێران و لە ناویاندا حەسەن ئازەرفەر، هەشەنگ عەتاریان، بەهرام ئەفزەلی، ئەبولفەزل و محەمەد بەهرامی نەژاد و دەیان کەسی تر لە سێدارە دران.

عەلی یۆنسی هەروەها وەک یەكێک لە تاوانبارانی تیرۆری ڕێبەرانی کورد، دوکتور عەبدووڕەحمان قاسملوو و دوکتور سەعید شەرەفکەندی، ناسراوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت