عەلی قازی: لە دژی بێرێزییەکان سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەم

0
683

عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەناوی (لەمەڕ سەرهەڵدانەوەی تۆمەتی “دەست ماچکردنی شای ئێران“) بە تووندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێ: “لە ماوەی رابردوودا جارێکی دیکە، تۆمەتی ماچکردنی دەستی شای ئێران لە لایان منەوە، سەریهەڵدایەوە. تۆمەتێکی ناڕاست و بێ بەڵگە کە ٣٧ ساڵە، هەر کات بەپێویست بزاندرێ، دژی من دەجووڵێندرێ و هەڵەسوون دێنێتەوە. ”
عەلی قازی ئاماژە بەوە دەکا کە “چاوپێکەوتنی من لە گەڵ شای ئێران، حەقیقەتی هەیە. ئەو چاوپێکەوتنە بۆ ساڵی ١٩٥٣ دەگەڕێتەوە کە من ئەو کات تەمەنم ٢٠ ساڵان بوو. بەڵام ئەو دیدارە نە لە سەر داوای من بوو و نە بە حەز و ئارەزووی من. هەروەها تایبەت بە منیش نەبوو. بەڵکوو لە سەر فەرمانی شاو لە رێگای فەرماندەی ئەرتەشی ئێران لە ئازەربایجانی رۆژاوەوە بوو کە دەبوو من و ژمارەیەک لە کەسایەتی و سەرۆک عێل و عەشیرەتەکانی کوردستان، بڕۆینە تاران. ئەوەندەی بۆ من دەگەڕێتەوە، بەش بە حاڵی خۆم، هەتا کوو لەو ژوورەدا کە منی لێدانرا بوو، شا لێم وەژوور نەکەوت، نەمدەزانی بۆ ئەوە بانگ کراومەتە تاران کە شا بمبینێ. رکێش کردنی من و کەسانی وەک من و ئەوانی دیکەش بۆ دیتنی شا، تەنیا حاڵەتی لەو جۆرە نەبووە. هاوکات نیشانەی پشت لە کورد کردن و روو لە دوژمن کردنیش نەبوو. بەڵکوو راست بە پێچەوانەوە، ئەوە شای ئێران بوو کە سەبارەت بە شەهید کرانی سمایلاغای سمکۆو پێشەوا و هاورێکانی، لە حاست ئێمەدا شەرمەزار بوو و پاکانەی بۆ خۆی کرد. ئەگەر ئامانجی تایبەت و گرێ و گۆڵی دەروونیی لە پشت داڕشتنی ئەو تۆمەتەوە نەبایە، دەبوو پاکانەی شای ئێران لە حاند کوڕی پێشەوا و کوڕی سمایلاغای سمکۆ؛ بە سەرکەوتن و سەرشۆڕیی بنەماڵەی پەهلەوی و رێژیمەکەیان دابندرایە.
عەلی قازی لە دریژەی روونکردنەوەکەیدا ڕایدەگەیەنێ: ” لێدانی تۆمەتی دەست ماچ کردنی شا، لە کوڕی پێشەوا قازی محەمەد، ئامانجی سیاسی لە پشت بوو و لە پێناو لێدان لە پێگەی بنەماڵەی پێشەوا و شەخسی من بوو. ئەو تۆمەتە لە پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی و لە جەنگەی ململانێی کەس و لایەنە سیاسییەکانی ” کوردستانی ئێران” بۆ باڵا دەستیی سیاسیی لەو سەردەمەی رۆژهەڵاتدا سەریهەڵدا. ئەو کەس و لایەنانەی کە بوون وخۆشەویستیی بنەماڵەی پێشەوا و قازییان، بە زیانی پێگە و نفووزی سیاسیی خۆیان دەزانی و لایان وا بوو، ئێمە، لە گەڵ ئەوان شەڕی دەسەڵات دەکەین، ئەو تۆمەتەیان دروست کرد و بە پشت بەستن بەو تۆمەتە ناڕەوایە، ئازاری مادی و مەعنەوی زۆریان بە ماڵی پێشەوا و بنەماڵەی قازییان گەیاند؛ تۆمەتێ کە هەر لە بناغەڕا ناراست بوو و هەرگیز نەیانتوانی بیسەلمێنن. لە حاڵێکدا ئێمە هیچ نیازێکمان بۆ پێکەوە نانی دەسەڵات و ململانێ لە سەر دەسەڵات لە گەڵ کەس نەبوو.”
کوڕێ تاقانەی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆککۆماری کوردستان هەر وەها باسی لەوە کردووە کە “وەک نەریتی ئەو جۆرە چاوپێکەوتنانە، راپۆرت و وێنە و دیمەنەکانی دیداری ئێمە؛ لە هەر دوو گوڤاری ” تهران مصور” و ” ترقی” دا چاپ و بڵاو کرانەوە. ئێستا ئەو دوو گۆڤارە لە بەر دەستدان. ئەوانەی ٤ دەیەیە ئەو تۆمەتە دەم بە دەم دەگوێزنەوە ودەیڵێنەوە، ئەگەر وێنەیەکیان پیشانی خەڵکدا کە من کڕنۆشم بۆ شا بردبێت ودەستم ماچ کردبێت، ئەوە ئامادەی هەموو سزایەکم و موستەحەقیی هەموو ئەو ئازارانەم کە بە بیانووی ئەوەوە دراوم . دەنا ئەوان لە سەریانە قەرەبووی مەعنەویی تۆمەتبار کردنی ناڕەوای تاقە کوڕی سەرکۆماری کوردستان، بکەنەوە. یان هیچ نەبێ داوای لێبووردن لە خەڵک بکەن، کە تۆمەت و بوختان و چەواشەکارییان لە گەڵ کردووە.
عەلی قازی باس لەوە دەکا “بوختانکەران و چەواشەکارانی درۆزن، گوتویانە و دەیڵێنەوە کە” وێنەی کوڕی رەش لە حاڵی دەست ماچ کردنی شادا، لە گۆڤاری( ترقی) دا چاپ کراوە. بەڵام ئەوە ئێوە و ئەوە گۆڤاری” ترقی”! تەنیا وێنەیەک کە لە گەڵ رێپۆرتاژی چاوپێکەوتنەکە، بڵاو کراوەتەوە، وێنەیەکی ئاسایی منە کە لە تەنیشت وێنەی دیداری بانگهێشت کراوانی دیکە، چاپ کراوەو بەس.  ئەوانەی ئەو تۆمەتە ناڕەوایەیان داوەتە پاڵ من و بێپسانەوە ، لە هەر بۆنەیەکدا دەیڵێنەوە، دەبوو لە بیریان بێ کە ئەگەر شتی وا هەبایە، پێویست بەوان نەبوو؛ ساواکی شاو و وەزارەتی ئیتلاعاتی جمهوری ئیسلامی، بۆ ئەوەی تۆزێ لە شکۆ و گەورەیی ماڵی پێشەوا و بنەماڵەی قازی کەم بکەنەوە، ئەرکی ئەوانیشی دەکێشا و بە هەزاران نوسخەیان لێ چاپ و بڵاو دەکردەوە.
بۆیە ئەمن وێڕای رەتکردنەوە و بەدرۆ خستنەوەی ئەو تۆمەتە ناڕەوایە، رادەگەێنم کە ئەگەر لەمەولا هەر کەس و لایەنێک ئەو تۆمەتە کاوێژ بکەنەوە، لە هەر کوێ بن، لە دادگا سکاڵای یاساییان لە سەر تۆمار دەکەم. یان راستەخۆ و بێ پەردە لە قاویان دەدەم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.