عەلی قازی، داواکارییەک ڕوو بە حیزبەکان و ڕای گشتی بڵاو کردەوە

0
1332

ڕۆژی کورد: عەلی قازی، سەرۆکی پێشووی پارتی ئازادیی کوردستان کە ماوەیەک لەمەوبەر دەستی لە کارکێشاوە و ئێستا زیاتر وەک چالاکیکی سیاسیی کوردی سەربەخۆ دەردەکەوێ، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بە سرنج دان بە دۆخی ئێستای خۆرهەڵاتی ناڤین و کوردستان، داوا لە سەرجەم حیزب و لایەنەکان دەکات تا بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن.

ئەو داواکارییە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە پێشتر، پارتی ئازادیی کوردستان بە هۆی “بێ دەرەنجام” لە قەڵەم دانی دانیشتنی نێوان حیزبەکان، خۆی لە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بواردبوو.

دەقی بانگەوازەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

بەڕێزان : پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

وەک هەموان دەزانن کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ…گۆڕانکاریی نوێ و خێرا چاوەڕێ دەکرێ…ئەودۆخەی ئێستا لەهەرکات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ڕیزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە……بۆئەوەی لەداهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕەخسێن لەکیس نەدەین و لە لایەکی دیکەوە دڵی خەڵکی ناڕازیی کوردستانێ کە پەرتەوازەیی حیزبەکان ناهومێدی کردوون، ئاشت بکەینەوەو بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات پێش بخرێ و هاودەنگ و یەکگرتووبکرێ..لێک نزیکبوونەوە و کاری جددی بۆ پێکهێنانی چوارچیوەیەک کە سیاسەت و گوتاری سیاسی رۆژهەڵات یەک و رێکبخات ئەرکێکی هەرە لە پێشی لایەنە سیاسییەکانە..

لەپێناوی ئەو ئامانجەدا بەندەی برای هەموولایەکتان بانگهێشتی بەرپرسانی یەکەم یان بریاربەدەستی حیزبەکان دەکەم بۆ کۆبوونەوەیەک لەم مانگەدا لەپێناوی یەکێتی و یەکڕیزی و سەرەنجام پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

داواکارم لە بەڕێزتان کە تاکو 10/8/2017 وڵامی بانگهێشتەکەم بدەنەوە .

براتان

عەلی قازی محەمەد ” کوڕی رەش”

1/8/2017

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت