عارف باوەجانی: سیستەمی کۆماری ئیسلامی، هەرگیز ناتوانێ گۆڕانکاری لەخۆیدا بکات

0
1581

تەنیا ماوەی ٢٥ ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەو خولەی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا، جیاوازیی ئەو خولە لەگەڵ خولەکانی پێشوو، گؤڕانکاریی بەرین و شڵەژانی دۆخی جیهان و خۆرهەڵاتی ناڤینە، گۆڕانکاریگەلێک کە زۆرێک لە کارناسانی سیاسی لایان وایە، ئێران دەگرێتەوە و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی، پێکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامییە، حیزبە کوردییەکانیش بڕیارە بەشێکی زۆریان یەکدەنگ ئەو هەڵبژاردنە بایکۆت بکەن، بۆ تاووتێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکی تایبەتیمان لەگەڵ “عارف باوەجانی”، سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان ئەنجام داوە.

ڕۆژی کورد: بە پێناسەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵبژاردن لەو سیستەمەدا دەکرێ چۆن چاوی لێبکرێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەو سیستەمەدا هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەو ئەنجامەکان ئە وئەنجامانەن کە خەڵک دەنگی پێداون یان نا ڕەوت و ئاسۆیەکی تری لەبەرە؟

عارف باوەجانی : کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەر سیستەمی ویلایەتی فەقێ دروستبووەو هەر بەو سیستەمەش حوکمداری دەکات، ئەو شێوە سیستەمەش هەرگیز ناتوانێت گۆرانکاری لە خۆیدا بکات، یا گۆرانکاری بەرەو ڕەوتی دیمۆکراتی و مافی خەڵک دروستبکات. ئەوەی کە بە ناو هەڵبژاردنە هیچ بنەمایەکی دیمۆکراتی و مافی شارۆمەندیی تێدانیە. تەنیا ڕێگە خۆشکراوە بۆ کۆمەڵێک کەسی تایبەت بەخۆیان کە لە ژێر ناوی هەڵبژاردن، و سەرکەوتنی هەرکام لەو کەسانە، مەبەستەکانی ڕێژیم جێبەجێ دەکرێت. هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەک سەر بە ڕێژیم یا دەزگا ئەمنییەکانیان نییە بە هیچ شێوەیەک قبووڵیان ناکەن خۆیان بپاڵێون، و لە ڕێگەی ٤ فیلتەری پێداچوونەوە بۆ پەسەندکردنیان وڵامی ڕەدیان پێدەدرێتەوە. هەروەها قەدەغەبوونی هەر لایەنێکی سیاسیش کە لە ژێر سێبەری ویلایەتی فەقێ نەبێت، ئەمانە هەموو بەڵگەی بەرچاو حاشا هەڵنەگرن.

ڕۆژی کورد: بە بەراوردێک لە نێوان سێ سەرۆک  کۆماری دوایی واتا خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و ڕوحانی، بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی نە لە ڕووی خزمەتگوزاری و پێشەسازی نە لە ڕووی مافی مرۆڤ و نە لە ڕووی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان نەک نەهاتۆتە ڕوو، بەڵکوو دۆخەکە خراپتریش بووە، بەو پێیە بەشداری کردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێ چ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک هەبێ؟

عارف باوەجانی  : تەنیا جیاوازییەک  کە من هەستم پێکردبێت ئەوەیە، کە بە هاتنی ئەحمەدی نژاد ژمارەی لە سێدارەدانەکان و هەژاری و نەداری لە زەمانی خاتەمی زیادتر کرد، هەروەها بە هاتنی حەسەن ڕۆحان هەمان شێوە هەر لە ساڵی یەکەمەوە ژمارەی لە سێدارەدانەکان زیاتری کرد، بگرە کوشتنی کۆڵبەرانیشی پێوە زیاد بووە. ئەوانەش کە پۆستی سەرۆککۆماریان پێدەدرێت ناتوانن سەربەخۆ دەسەڵاتی خۆیان بە کاربێنن، هەموو شتێکیان لە لایەن مەجلسە تایبەتەکانیان بۆ دیاری دەکرێت و بێپرسی ئەوان هیچ شتێک پێش ناچێت. کەوابێت هیچ سەرۆکێک ناتوانێت خۆی بریار بدات، و تەواوی ئەو قسانە پێش هەڵبژاردن دەکرێت تەنیا بۆ ڕاکێشانی خەڵکە بۆ سەر سندووقی دەنگدان.

ڕۆژی کورد:  بەشێک لە ڕیفۆرمخواز و هەروەها چالاکانی سیاسیی کورد کە ڕێژەشیان زۆر نیە دەڵێن دەبێ کورد پرۆسەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت، دژبەرانیش دەڵێن ئەو گریمانەیە لەلایەن حیشمەتوڵا تەبەرزەدیشەوە هاتە ئاراوە و ئەنجامی نەبوو و لە ئەنجامدا تەنیا تەندووری هەڵبژاردن بۆ ڕژیم گەرم دەکات، ئێوە بە گشتی لاتان وایە، تەحریم دەتوانێ دەردێک دەرمان بکات؟

عارف باوەجانی : ئەمجۆرە لێدوانانە خزمەتکردن بە سینیارێۆ ئامادەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران، چەند تەکتیکێک بە کار دێنن بۆ ڕاکێشانی خەڵک  بۆ سەر سندووقەکان، ئێستا بۆ نموونە لە ژێر ناوی ئەوەی کورد بە قازانجی خۆی بیگوازێتەوە نازانم فڵان بەلێنی باشتری داوە، بەو شێوە هیندێک خەڵک دەهێنەوە سەر سندووق ، بە بێ ئەوەی خۆیان هەستی پێبکەن شەرعیەت بە پرۆژەی رێژیم دەکەن، پێش هەڵبژاردن ڕێژیم هەموو شتێکی بریوەتەوە، بەڵام خەڵکی دەوێ بە جلو بەرگی کوردی وبەلوچی و ئازەری و عەرەبی بەس بێنە سەر سندووقەکان و وێنەیان بگرن.

ڕۆژی کورد: پێدەچێت حیزبە کوردییەکان ئێستا لەسەر تەحریم زۆر هاودەنگ بن، لاتان وایە کاریگەرییەکانی چۆن دەبێت و بە گشتی ئایا تەحریم دەتوانێ دەنگی ناڕەزایەتیی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری ناو ئێران بە گوێی جیهان بگەیێنێ؟

عارف باوەجانی : لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانداو بە تایبەت لە سەردەمی هاتنی خاتەمیدا دەورەی دوای خاتەمیش. من پێموایە هیندیک حیزبی کوردی بە هەڵەدا چوو، هەڵەکەش لەوەدا بوو پێیان وابوو کە سەرۆک کۆمارێکی تازە هاتوو دەتوانێت گۆرانکاری بکات. هەر ئەوەش دیتمان کە هیچ ئاکامێکی نەبوو بگرە کێشەکانی زیاترکرد.
من پێموایە هاندنی خەڵکی کوردستان بۆ بەشداری لەهەڵبژارنی ڕێژیمێک کە خاکی کوردستانی بە زۆر داگیرکردوەو خەڵکی وڵاتەکەمان قەتڵ و عام دەکات، گەورەترین تاوانە لە بەرامبەر خەڵک و مێژوو لە ژێر ناوی کەڵکوەرگرتن گوایە لە ناکۆکیەکانی رێژیم.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت