شەڕی ڕەوانی نەیاران و خەباتی خۆرهەڵاتی کوردستان

0
888
خەلیل جەنگی
خەلیل جەنگی

خه‌لیل جه‌نگی‌

شەڕی ڕەوانی یان دەروونی یانی بەکارهێنانی هەرجۆرە کەرەستەیەکە بە مەبەستی شوێن دانان لەسەر ڕۆحیەوهەڵسوکەوتی کۆمەڵگا، بە واتایەکی تر شەڕی ڕەوانی بەکارهێنانی گەڵاڵەیەکی داڕێژراوی هەوڵەکانی ڕاگەیاندن و تەبلیغی زمان بە زمان”شایعە” بە مەبەستی شوێن دانان لەسەر بیروبۆچوون و هەست و ئیحساس و هەڵوێستی گروپ یان لایەنی بەرامبەرو نەیارە بە چەشنێک کە ئامانجەکان و سیاسەتەکانی لایەنی بەکارهێنەر بەدی بێنێت.

هەروەها ئەرکی شەڕی ڕەوانی”دەروونی” بریتییە لە سەپاندنی ویست و ئیڕادەی لایەنی بەکارهێنەر لەسەر لایەنی بەرامبەر بە مەبەستی زاڵ بوون بەسەر هەڵسووکەوت و ئیڕادەو جموجۆڵی ئەو لایەنە دیاری کراوە لە ڕێگای غەیری نیزامی و سەربازیییەوە.

جۆرەکانی شەڕی ڕەوانی بریتییە لە ١.ستڕاتیژیک ٢.تاکتیکی ٣.سەقام گرتو هەروەها شێوازەکانی ئەم شەڕە بریتییە کە ١.شیکردنەوەی ڕاستییەکان ٢.دووبەرەکی و هەڵخەڵەتاندن ٣. ئاژاوە ٤.درۆ و خەیاڵات و گەورەکردنی شتە بچووکەکان و بچووک کردنی شتەگەورەکان.

ئەرکی ئێمە دەبەرامبەر شەڕی ڕەوانی دا چییەو دەبێ چی بکەین؟

١.تێگەیشتن لەو پیلانانەی کە دەزگاکانی سیخوڕی و ئیتلاعاتی دوژمن لە دژی ئێمەو حیزب و بزووتنەوەکەمان بەکاری دەهێنن.

٢.هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی تەواو لە چەمکی خەباتی نەتەوەیی دێموکڕاتیک و سیاسەت و هەڵوێستەکانی.

٣.ئەندامانی حیزب دەبێت لە تەواوی ئاست و بەرپرسیارەتی دا هەوڵ بدەن کە دەگەڵ شێوەکان و مێتۆدەکانی شەڕی ڕەوانی و دەروونی دوژمن ئاشنایەتی و شارەزایی پەیدا بکەن.

٤.وشیاری و گرینگی دان بە شتە نامۆیەکان و هەڵوێستی ئاقڵانە و ژیرانە نواندن دەبەرامبەریان دا.

٥.کەڵک وەرگرتن لە نەزم و دیسیپلین و لەسەرخۆبوون.

٦.پەرە پێدان بە پێوەندی و ڕکەبەرایەتێکی ساڵم لە ئاست کاری ئیداری و تەشکیلاتی و تاکەکەسی و بنەماڵەیی دا

٧.کەم تەرخەم نەبوون لە بەرامبەر ئەو کەسانە یان ئەو شتانەی کە ڵێڵ و ناڕوون و گوماناوین

٨.نابێ بەبێ لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنێکی ئاقڵانەو جوان هەنگاو بنێین و پەلە بکەین بۆ کارێک یان بەرنامەیەک

٩.پاراستنی نهێنییەکانی سەربازی،تەشکیلاتی و خەرج و داهات و ئابووری

١٠.دیتن و لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکان وەک خۆی

١١.خۆبواردن لە تەنبەڵی و دیقەت کردن لەسەر ئەنجامی کارەکان بە باشی

١٢.جیاکردنەوەی کاروباری حیزبی و سیاسی لە کاری شەخسی و تاکەکەسی و بنەماڵەیی

*ئامانجەکانی درووست بوونی ئاژاوەو شاییعە؟

١.پێک هێنانی گومان و بەدبینی لە ناو کۆمەڵگادا

٢.درووست کردنی کۆمەڵگایەکی پڕلە ترس و دڵەڕاوکێ

٣.تیرۆری شەخسییەتی

٤.نەخۆش کردن و ناساڵم کردنی کۆمەڵگا

٥.دووبەرەکی نانەوە لەناو خەڵکی

٦.پێک هێنانی ترس و وەحشەت و بێ متمانەیی

٧.تێک شکاندنی ورەو هەستی خەڵک

٨.تێک دانی بیروهۆشی خەڵک و دوور خستنەوە لە ڕاستییەکان

٩.هیدایەت کردنی کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر و دوور خستنەوە لە ئامانجەکانی

١٠.سارد کردنەوە لە ویست و داخوازییەکان

*جۆرەکانی ئاژاوە و شاییعە؟

١.خزاندن و لێخشاندن؛جۆرێک ئاژاوەو شاییعەیە کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە ناو خەڵک دا زوو بڵاو دەبێتەوەو بەگشتی خەڵکی ناوێرن زۆر باسی لێوەبکەن وەکوو قسەکردن دەبارەی سەرانی حکومەت دا مەبەست ترسی هەمیشەگێ لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی

٢.ڕق ئەستوو و بێ ڕوحم؛ئەم جۆرە شاییعە لەماوەیەکی کەمدا هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەو کە زۆرتر دەکاتی شەڕو جەنگدا بەکاردێت وەکوو بڵاوکردنەوەی ئاژاوەو درۆ لەبارەی شکست یان سەرکەوتنی شەڕ یان بڵاوکردنەوەی شاییعاتی شەڕ لەناو کۆمەڵگادا بۆ ڕاگرتنی لایەنگری و پشتیوانی خەڵک لەلایەنی بەرامبەر

٣.دامرکاو؛جۆرێک ئاژاوەو درۆیە کە کە لە ماوەیەکی زەمانی کورت دا سەر هەڵدەدەن وەکوو ئەفسانەو داستان کە دوای ماوەیەکی خەڵکی لەبیری دەکات و دووبارە لە زەمانێکی تردا سەر هەڵدەداتەوە.

٤.خەیاڵی؛ئەم جۆرە شاییعە بە هیچ شێوەیەک بوونی نییەو لە یەک کاتدا لە لایەن کەسێکەوە لە خەیاڵی خۆیدا درووست دەبێت و هیچ کارێکی پێ ناکرێت و شتێکی تاکەکەسێ و تەنیا بۆخۆمان خۆشە بۆنموونە دەڵێن بابە فڵانی خەیاڵاتی بووە هەر لە خۆیەو پێدەکەنێت یان لەبەرخۆیەوە قسەدەکات!

٥.ترس هێنەر؛ئەم جۆرە شاییعە و ئاژاوەگێڕێ لە کاتی شەڕدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ پێک هێنانی ترس بە دژی یەک بۆ ئەوەی کە خەڵکی بۆناو ڕێزەکانی جەنگ نەچن کە دەوڵەتەکان و حیزب و گروپەکان بە دژی یەکتری بەکاری دەهێنن.

٦.دووبەرەکی؛جۆرێک لە ئاژاوەیە کە مەبەستی نانەوەی دووبەرەکییە لە نێوان خەڵک یان دوو عەشیرە یان دوو دەوڵەت یان دوو گروپ بۆئەوەی کە بەیەکەوە بەشەڕیان بدەن و لەیەکتری جیایان بکەنەوەو لە هێزیان کەم بکەنەوە.بۆ نموونە جیابوونەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەلات لە یەکتری کە بۆتە هۆکاری کزولاواز بوونیان.

*کەڵک وەرگرتن لە شاییعەو ئاژاوەگێڕی؟

١.بۆ ڕوخاندنی باری ڕوحی و ڕەوانی؛

بە مەبەستی سەرلێ شێواندنی خەڵک دوژمن جارێک هەواڵێکی خۆش و جارێک هەواڵێکی ناخۆش بڵاو دەکاتەوە واتا هەواڵی ضدونقیض!

٢.پێک هێنانی جەوێکی دووکەڵاوی؛

کاتێک خەبەرێکی راست و درووست لەسەر ئۆڕگانێکی حکومەتی بڵاو دەبێتەوەو نهێنێکی حکومەتی درز دەکاتە دەرەوە ئەو ئۆڕگانە یان حکومەت بۆ سەر لێ شێواندن چەند جۆر هەواڵی ڵێل و ناڕوون و سەیروسەمەرە بڵاو دەکاتەوە بە مەبەستی سەر لێ شێواندنی ڕای گشتی و شاردنەوەی ڕاستییەکان کە لەناو کۆمەڵگاداجەوێک و فەزایەکی دووکەڵاوی پێک دەهێنێت.

٣.بێ قیمەت کردنی ڕاگەیاندنە گشتییەکان؛

هێندێک ڕاگەیاندن هەن کە جێگای متمانەو باوەڕن بۆ خەڵک کە لێرەدا دوژمن بۆ سوک کردنی ئەو کاناڵانە یان ئەو راگەیاندنانە دێن هێندێک زانیاری هەڵەو درۆ و دوور لە راستی پێ دەدەن یان نا بۆخۆیان دێن هەواڵی درۆ بە دژی ئەوان بڵاو دەکەنەوە تا ئەو ڕاگەیاندنانە کە بۆ خەڵکی جێگای متمانەن سوک ببن و ئیتر لەناو کۆمەڵگادا جێگەو پێگەی خۆیان لە دەست بدەن.

٤.کەڵک وەرگرتن لە ئاژاوە وەکوو نێچیر”طعمە”؛

بۆنموونە شاییعەو درۆ لەبارەی شەڕێک دا کە هیچ زانیارێکمان لەسەری نییە ئەوەندە دووپاتی دەکەینەوە بە شێوەی هەواڵی ضدونقیض تا دوژمن لەداخان بۆ ئەوەی کە فشاری ڕوحی و ڕەوانی بۆ خەڵکەکەی نێ یە ڕاستییەکەی ئەو شەڕە بدرکێنێ و بڵاوی بکاتەوە ئەوکات ئێمە دەتوانین زانیاری تەواو لەم جۆرە ڕێگایە بەدەست بێنین و لە شاییعە وەکوو نێچیر کەڵک وەربگرین.

 ئێمە بە وشیاری و ئیڕادەیەکی بەرز و باوەڕ بە خەباتەکەمان و خۆڕاگری لەم دۆخە هەستیارەدا دەتوانین بە سەر شاییعە و ئاژاوەگێڕییەکانی دوژمنان دا زاڵ بین.حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و حیزبەکانی تری بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی مێژووی بەرخۆدان و خەباتیان تووشی زۆر تەنگ و چەڵەمەو دۆخی هەستیار هاتوون و زۆرجار تووشی کزولاوازی بوونە بەڵام دووبارە بوژاونەتەوەو ئەم خەباتەش ڕەنگە درێژ بووبێتەوە بەڵام هیچکات خامۆش نەبووەو نەڕووخاوەو بزووتنەوەکە فەشەلی نەهێناوە،لێرەدا هەر هەموومان وەکوو ئەرکێکی نشتیمانی و حیزبی دەبێ ئاگاداری پیلانە گڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بین کە لە زۆر ڕێگای جۆراوجۆر و بە کەڵک وەرگرتن لە دەست و پێوەندییەکانی ئەنجامیان دەدات یان تەمایەری بۆ ئەنجام دانیان هەیە.لەم دۆخە هەستیارەدا کە باڵی بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بە سەر کوردستان دا بە تایبەتی کێشاوە یەکدەنگی و یەک هەڵویستی و باوەڕ بەخۆبوون دەتوانێت کورد بە کەنارەیەکی ئارام بگەیێنێت و دەستکەوتی باشی بۆخۆی مسۆگەر بکات،ئەگەر کورد نەتوانێت لە ئێستادا خۆی ڕێک بخات بە دڵنیاییەوە شاهیدی چەند بەش بوونی نشتیمان و خاکەکەمان دەبینەوە! هیوادارم ئەو لایەنانەی باشوری کوردستان کە کەوتوونەتە بەر ئایدۆلۆژیاو هێژمۆنی دەوڵەتی داگیرکاری فارس و بەرەی ڕووسیا وشیار ببنەوەو لەم بەرە ماڵوێرانکەرە کە هیچ قازانجێکی بۆ کورد و بۆخۆیان تێدا بەدی ناکرێت بکشێنەوەو پاڵ وە بەرەی ڕۆژئاوا بدەن بە دڵنیاییەوە دەستکەوتی باشتریان بۆخۆیان و بۆ خەڵکەکەیان دەبێت هەروەها حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ نێوماڵی خۆیان ڕیک بخەن و چیتر لەناو کەمپەکانیاندا دانەنیشن و چاوەڕوانی مهدی موعود نەبن!دەبێ هاوپەیمانەتی یان بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان خۆیان دا درووست بکەن یاخود لانی کەم ئەگەر تێکەڵیش نەبنەوە دەتوانن قەراردادی درێژخایەنی هاوکاری سەربازی و تەشکیلاتی و سیاسی یان بەیەکەوە هەبێت و بە هەموو هێز و توانای خۆیان هەستەی چەکداری دە گروپ چەند کەسی دا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و ئێران بە گشتی وەخۆبخەن و زەبری بچوک و گەورە لە دەوڵەتی داگیرکاری فارس بدەن و دەست بکەن بە نانەوەی ئاژاوەو شاییعەو خەرابکاری بەڵام هیچ لایەنێک وە ئەستۆی خۆیانی نەگرن!چۆن لە ئێستادا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی شەڕێکی ماڵوێران کەر بووەو تا ملان چۆتە دە قوڕێ و زۆربەی هێزوتوانای خۆی بردۆتە دەرەوەی سنوورەکان هەر بۆیە لە ئێستادا باشترین کاتە بۆ زەبر لێدان و شێواندنی ناوخۆی ئێران و بوژاندنەوەی هەستی شۆڕشگێری خەڵک و هێنانە سەر شەقامی کۆمەڵگا،ئێران بە هۆی فرە نەتەوەیی بوونی و بێزار بوونی کۆمەڵگاکەی لە سیاسەتەکانی حکومەت و باری گوزەرانیان ئەگەر تووشی پڕیشکێکی بچووکی شەڕو ئاژاوە بێت بە دڵنیاییەوە ئەم شەڕە وەها گەورە دەبێتەوە کە دەبێ بڵێین سەت خۆزگەم بە سووریا!

فاکتەرێکی بە هێزی تر بۆ حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەرگرتنە لە حیزبە دژبەرەکانی ئێران وەکوو بەلوچ و عەڕەبەکان!ئەوان دەتوانن لە شێواندن و پێکانی ئامانجەکان بە دژی ئێران یارمەتیدەرێکی باش و کاریگەربن کە بە دڵنیاییەوە هاوکار دەبن بەو شەرتە لەیەک تێ گەیشتنێکی باش بێتە ئاراوە!بە دڵنیاییەوە ئێران هەموو ترسی ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆن وشیار ببێتەوەو وەخۆ بکەوێت چۆن بە چالاکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد بە تایبەتی ئێران ناتوانێت وەکوو ساڵانی پێشتر شەڕ لە کوردستان هەڵگیرسێنێت چۆن ئەو باش دەزانێت ئەگەر ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگیرسێنێت ئیتر کوژانەوەی نابێت کەواتا ئێمە دەبێ لە ئێستادا لەم ترسە کەڵک وەربگرین و هێزەکانمان بۆ هەنگاوێکی مێژوویی ڕێک بخەین و چیتر لەم کەمپانەدا بۆ کورسی و دەسەڵات شەڕ نەکەین و لەوە زیاتر دابڕان و ماڵوێرانی تووشی خۆمان نەکەین!

پشتمان بە ئیڕادەی خۆمان و گەلەکەمان ئەستوور بێت و چاوەڕوانی مهدی موعود نەبین!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت