شەوە سپییەکان

0
1741

هیوا باران

 

بەھەر لایەک دا بجوڵێینەوە

بەسەر گۆڕی خەونێک دا دەخلیسکێین

”شەوە سپییەکان”

زیندوکەرەوەی یادگاریەکانن

گلانە بەسەر خەونی گوڵاڵەکان دا

کەوتنی دواین ئەستێرەیە

بەسەر تەمەنی دڵویستان دا

ورک گرتنی داھاتوویە بە چەقۆیەکی ژەنگاویەوە

گینگل دانی دوو کەسە لەیەک کەس دا

 

 

کەس تێناگات

لە گیرۆدەبوونی خوێنێکی نووساو بەجەستەوە

لە پەرەی سیگار بۆ سپیە؟

بۆ با’ ڕاومان دەنێت؟

بۆچی باز بەسەر خالەکانی جەستەی قەحپەکان دا ئەدەین؟

کەس تێناگات لە بیرەوەری بۆن لە جادەکان

وڵات پڕبووە

لە حەکایەتی نیوە چڵ

لە بێدەنگی کە لەبەردەم ھەرماڵێکدا دەستپێدەکات

لە ئاسەواری بێ ئۆقرەیی!

لە سەعاتچییە دوو ڕووەکان

کە شەوەکانمان لەسەر

شەوە سپیەکان میقات دەکات

 

ئێستا

کێ یاسەمینەکانی مردنی ماردین بگێرێتەوە؟

کێ بمان گەیەنێتە دەربەندی پەپولەکەی شێرکۆ؟

کێ نەھێلێت دیدەنی ئەوینەکەی بەکر علی بگاتە قیامەت؟

مردن بمگرەوە خۆت

من کوری ئەم شەوە سپیانە نیم

من نەقارە نیم ، داھاتوو بلاوێنم

من و ئۆقرەیی لەژێر ئەم دارە بە شوو دراوە ئۆقرەناگرین

من نەریتێکی تفتم ، کەڵکی ئەم غەریبستانەم نەماوە

من ھەمیشە دەنگم ، پێش جەستەم دەکەوێت بۆ گوناھ

بۆیە تا ئەبەد شەوەسپیەکان

شاھیدی حاڵنامەکانم دەبن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.