شەش حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەڵبژاردنی ئەمجارەیان بایکۆت کرد

0
1651

ڕۆژی کورد: هەروەک پێشتر، شەش حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوای کۆبوونەوە لە بارەگای کۆمەڵە (حیزبی کومونیستی ئێران- لقی کوردستان) ڕایانگەیاندبوو، ئەمڕۆ ئەمڕۆ ئەو شەش حیزبە، لە ڕێگای بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، دەنگدانەکانی سەرۆک  کۆماری و هەروەها شۆڕای شاروگوندەکانی ئەمجارەی ئێرانیان، بایکۆت کرد.

ئەوان داوایان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان کردووە لە هەڵبژاردنەکان‌دا بەشداریی نەکەن.

پێشتر ئەو شەش حیزبە، ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ دەسپێکی بانگەشەی بەربژێرانی سەرۆک‌کۆماری وشووڕای شارەکان لە شاروناوچەجیاجیاکانی ئێران، شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی لە بنکەی سەرەکیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی  حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، کۆببوونەوە و ئەو باسەیان تووتوێ کردبوو.

لە بەشێک لەو بەیاننەمە هاوبەشە کە لە نێوان ٦ حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕوو لە خەڵکی کوردستاندا هاتووە: “مادام هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ پێورێکی دێموکراتیک وئەورۆیی ناتواندرێت ناوی هەڵبژاردنی لەسەر بێ، ئەم بەناو هەڵبژاردنە بە واتای بێمافکردنی خەڵک لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیانە و ، یەکێک لە هۆکارەکانی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.”

 لە بەشێکی تر لەو ڕاگەیێندراوە هاوبەشەدا، داوا لە سەرجەم چالاکانی سیاسی ومەدەنی وچین وتوێژەکانی کوردستان  کراوە، بەدەم ئەو بانگەوازە بێن و ڕیزەکانی ئەو کۆدەنگییە بەهێزتر بکەن.

شارەزایانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو بەیاننامە هاوبەشە بە سەرەتایەکی باش بۆ لێک نزیکتر بوونەوە، یەکگرتنەوە یان کاری هاوبەش لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەزانن کە دوای کشانەوەیان بۆ کوردستانی باشوور، بە تێکڕایی تووشی ئینشعاب و لێک ترازان بوون و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکیان بۆ یەکگرتنەوە سەرکەوتوو نەبووە.

لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پارلمانی ئێران، بەشێکی بەرچاو لە حیزبەکان بایکۆتیان نەکرد و بگرە خەڵکیشیان بۆ دەنگدان هان دا کە ئەوە کەلێنێکی بەرینی خستە ناو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانە کە بە هاودەنگیی ئێستای نێوان حیزبەکان، پێدەچێ ئەو کەلێنە نەمێنێت.

شرۆڤەکارێکی سیاسیی کورد کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بدرێت لەمبارەوە دەڵێ: “ئەو یەکگرتوویی و یەکدەنگییە، سەرەتای مەرگی ئیسلاح تەڵەبییە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەل و پۆیەکی بەهێزی لە ناو هەندێک حیزب و لایەنی کوردستانی ڕۆژهەڵات هاویشتووە و چەکەرەی دابوو، بەڵام بەو کارە هاوبەشە کە ئەویش لەمەڕ بایکۆتی ڕژیمە، واتای ئەوە دەدات کە ئیتر دەبێ زیاتر چاوەڕوانی بەرگری کردن لە خەباتی بەرگری بین تا ڕەوتی ئیسلاحات و ڕیفۆرمخوازی”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت