شێکارییەک لەسەر تاک و کۆمەڵگای کوردی و خۆدەربڕینی/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ مەجید حەقی

0
4031

خوێنەری هێژا

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکی چڕوپڕی گەورەژووری ڕاوێژە کە لە ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی سەر مژاری “شێکارییەک لەسەر تاک و کۆمەڵگای کوردی و خۆدەربڕینی” بە میوانداریی مەجید حەقی، نووسەر و چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژوور ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: ئەگەر بە پێوەرە دەروونناسی و کۆمەڵناسییەکان لە کۆمەڵگا و تاکی کوردی بڕوانین، تووشی سەرلێشێواوییەک هەم لە ڕووی ئامانج و هەم لە ڕووی کردارەوە بوون، تاکی کورد زۆربەشی نازانێ چی دەوێ و زۆربەی ئەوەش کە دەزانێ چی دەوێ، هەڵە هەنگاوی بۆ دەنێ، بۆ نموونە ئەندامی حیزبێکە بەڵام لە جیاتی داگیرکەر، هاوڕێ بیرجیاوازەکەی دەکوتێ و لە هیچ میکانیزمێکی نەرێنیش ناپرینگێتەوە، ئێوە لەمبارەوە ڕاتان چیە و هۆکار لە چیدا دەبینن؟

مەجید حەقی
مەجید حەقی

حەقی: مرۆڤ بەرهەمی ژینگەیە، ژینگەی مرۆڤ چەندین ڕەهەند لە خۆیەوە دەگرێت، بنەماڵە، دەرو جیران، کۆمەڵگا، سیستەمی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیستەمی پەروەردەیی. هەرکام لەوانە شوێندانەرن لە سەر هەڵسوکەوتی مرۆڤ و شویندانەرن لە پێوەندی لە گەڵ کار و چالاکی وبڕیارەکانی ئێمە. ئێمە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی گشتی مان هەبێت، چاکە چاوێک لە سیستەمی پەروەردەیی ئەو کۆمەڵگایەی کە ئێمە تێدا گەورەبوون واتە ئێران بکەین.

ئامانجی سیستەمی پەروەردەیی ئێران، ئەوە کە مرۆڤ گەلێک پەروەردە بکات کە گرێدراو بێت بە نیزامی سیاسی حاکم، وەفادار بێت بە بایەخەکانی ئیسلامی شیعە، پێرەوی بکات لە ولایەتی فەقیە و دەسەڵات و حاکمیەت لە سەرەوە تا ئاستی ناوچەیی بە نوێنەری خوا و شتێک نەگۆر بزانێت. ئەم جۆرە سیستەمە مرۆڤ پەروردە دەکات کە پرسیار نەکات، نیازەکانی خۆی وەدینەهێنێت و پرسیار و پێویستیەکانی خۆی یان سەرکوت بکات یان لە ڕیگای نادروستەوە ئەو پێویستیانە بەرهەم بێنێت،

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ئەگەر ئیجازەم بدەن نەختێک باسی پێویستیەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی تیۆری ماسلۆ دەکەم و بە پێی ئەو هەوڵ دەدەم قۆناغ بە قۆناغ باسی ئەوە بکەم کە بۆچی هەلسوکەوتی ئێمە ڕاسیۆناڵ نیە کێشەکە لە کوێیە، چونکە لەوەها فەزایەکدا دەتوانین ڕەوشی خۆمان جوانتر لێک بدەینەوە. بەرلەوە بانەختێک قووڵتر بینەوە لە ئاسەواری سیستەمی پەروەردەیی ئێران بەسەر مرۆڤدا،

سیستەمی پەرورەردەیی ئێران سیستەمێکی ئایدئۆلۆژیک و لە سەر بنەمای بارهێنانی مرۆڤ لە چوارچێوەیەکی دینسالار، مەلاسالار، باوکسالار و پیاوسالارە، هەمووی ئەوانە مرۆڤ دەکەنە مطیعی و پێرەوی دەسەڵات و سیستەم، بەرهەڵست لەبەرامبەر ئەو سیستەمەدا کە لە قورئانەوە سەرچاوەدەگرێت دەبێتە هۆی گوناح و تێکچوونی پیوەندیەکانی نێوان مرۆڤەکان واتە بنەماڵەکان. ئەگەر دۆستان لە بیریان بێت لە مەدرەسەدا لە ڕۆژی یەکەمدا فێر دەکرین لە بەرامبەر گەورەدا هەلسین، لە بەرامبەر گەورەدا بێدەنگ بین، برا گەورە هەمیشە دوا قسە دەکات، مناڵان مافی قسەکردنیان نیە و بۆیان نیە لە بۆنەکاندا نەزەر بدەن، ئەم سیستەمە وادەکات کە پیوەندیەکانی ئێمە لە ئاستی کۆمەلایەتی، بنەماڵە و لە پێوەندی لە گەڵ سیستەمدا یەکسان نەبێت و هەمیشە پیوەندی نێوان حاکم و مەحکووم بێت، واتە نیازی خۆمان سەرکەت کەین یان سەرکوت دەکرین

ئێستا بگەرینەوە سەر نیازەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی تیۆریەکانی ماسلۆوەوە و بزانین کوێ نیازەکانی ئێمە سەرکوت دەکرین و ئاسەواری چین. بە پیی تیۆری مەسلۆڤ مرۆڤ پێویستی و ئەنگیزەکانی ئینسان بەسەر پێنج قۆناغ دابەش دەبن ئەوانە بە سێ گۆشەی پێویستی مەسلۆڤ ناسراون.

یەکەم پێویستی پیویستی سەرەتایی واتە پێویستی فیزیکین: کە بریتی بن لە نان، خوارن، خواردەمەنی، جل و بەرگ و ماڵ و شوێنی حەوانەوە

لە کوردستاندا ئێمە دەبێ شەو ڕۆژ زەحمەت بکێشین تا ئەو پێویستیە بەدی بێت، کۆماری ئیسلامی کاریکی کردووە کە لە پێناو بەدەست هێنانی پیویستی سەرەتایی و فیزیکی تووشی مەترسیدارترین کارەکان وەک کۆلبەری و زۆر بواری دیکە بین، بە هۆی ئەوەی کە تا نیازی مرۆڤ پێک نەهیەت و پێویستیەکە تامین نەکرێت، مرۆڤ تەنیا لە دەوری ئەو پێویستیە دەجۆڵیتەوە مەجالی ئەوە نابێت کە مرۆڤ بتوانێت کارێکی دیکە بکات. ئەمەش هەڵبژاردە و ستراتێژیەکی سیاسیە کە ڕژێم هەڵبژاردووە، واتە برسی هێشتنی خەڵک بۆ ئەوەی قەت بیر لە پێویستیەکانی دیکەیان نەکەنەوە. ئەمەش یەکێک لەو هۆیانەیە کە مرۆڤەکان بەردەوام بەدوای کار و پارەدا وێلن

قۆناغی دووەمی پێویستی مەسەلەی هەست بە هێمنایەتی یان پیویستی احساس امنیت ە. مرۆڤ دەبێ هەست بکات دوای کارکرند، دوای بوونی مال ئەمنیەتی پارێزراوە، خەڵکی کورد بەگشتی احساسی ئەمنیەت ناکەن، چونکە بەردەوام ترسی گیران، قەیرانی ئابووری، کێشەکانی بەردەم کۆمەڵگا دەبنە هۆی ئەوەی کە هەستی ئەمنیەتی خەلك کەمتر بێت. بە هۆی نەبوونی ئەمنیەتە کە مرۆڤی کورد و کۆمەڵگای ئێرانی بووتە کۆمەڵگایەکی ماددی تا بە پوول و پارە بتوانێت لە ڕۆژی تەنگانەدا خۆی ڕزگار بکات.

قۆناغی سێهەمی پێویستیەکان دوای وەدیهاتنی پێویستی سەرەوە ئاماژە پێکراو واتە هەستی ئەمنیەت پێویستی پیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، خۆشەویستی و هەست کردن بە بوون بە ئەندامی کۆمەڵگایە.

لە ئیراندا سیستەمەکە بەجۆرێک دامەزراوە کە کەمتر مرۆڤی کورد یان ئەندامانی کۆمەڵگا بەو ئاستە بگەن، بۆیە هەموو پێوەندیەکان یان زۆربەی پێوەندیەکان لە ئاستی پێویستیە ماددی و عاتفیەکاندان و پێوەندیەکانی مرۆڤ نەیتوانیوە ببێتە هۆی پێکهاتنی کۆمەڵگا و ئاڵ و گۆری ئەزموون و تاقیکاریەکان و گەشەکردنی هاوکاتی کۆمەڵگا. پێویستی چوارەم هەستی نرخلێنانە، کاتێک مرۆڤ هەموو سێ پێویستی سەرەوەی وەدی هات، هەوڵ دەدات لە ناو کۆمەڵگادا ڕۆڵێک بنوێنێت تا هەست بەوە بکات کە قەدری دەگرن، جێگای ڕێزە و کار و کردەوەکانی لە ناو کۆمەڵگادا شوێندانەرە، بۆ نموونە بەشداری لەکاری خێرخوازانە دەکات، کۆمەلە و ڕێکخراو دادەمەزرێنێت، ڕێگا و بان ساز دەکات و ….

هەروەک دەبینن ئەو پێویستیە لە مرۆڤی کورد و کۆمەڵگای کورد بەتەواوی سەرکوت کراوە، کەوابوو زۆر سروشتیە کاتێک پێویستیەکانی مرۆڤ سەکوت کرا مرۆڤ بکەوێتە ناو تەنگەژەی هەڵسو کەوت و تووشی تشنج ڕفتاری بێت. پێویستی کۆتایی بریتیە لە پێویستی خۆگەیاندن یا خود جێبەجێ کردنی هەستی دەروونی خۆی. ئێمە لەدەرەوە نموونە بێنین: دوای ئەوەی کە بیل گێتس دەوڵەمەند بوو بۆ ئەوەی جێگای ڕێزی کۆمەڵگا بێت دەستی کرد بە سازکردنی مەدرەسە و فێرگە لە وڵاتانی ئەفریقایی. لەو دواییانەدا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکی خۆی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی جێبەجێ بکات، نیوەی سەرمایەی خۆی بۆ مناڵان و کەمداهاتەکان تەرخان کرد و پێی وایە سۆسیالیزم دەتوانێت کۆمەڵگا و ژینگە ڕزگار بکات.

کاتێک ئەو پێویستیانە بۆ مرۆڤ وەدی هاتن، سروشتیە کە مرۆڤ تەندوروست دەبێت و کۆمەڵگاش پێشکەوتوو . بەڵام سیستەمی سیاسی، پەروەردەیی و ئابووری ئێران جۆرێکە کە تەنیا قۆناغەکانی یەکەم و دووەمی پێویستیەکان بەدی بێت و ئەونای دیکە هەمووی سەرکوت بکرێن. مرۆڤ کە هەست بە هێمنایەتی نەکات هەموو کارەکانی عکسل العملی و دژکردەوەیین و تشنج ڕەفتاریش زۆر سروشتیە.

ڕاوێژ: کۆمەڵگای کوردی لە هەر چوارپارچەی داگیرکراوی، لەگەڵ ئەوەیدا کە هەندێ جیاوازییان لە هەر ڕوویەکەوە پێکەوە هەیە بەڵام هەموویان لە ڕووی دەستەوئەژنۆ داماوی، خۆ بە کەم زانین لە هەمبەر داگیرکەر، لاوازی لە ڕووی مێشکی ئابووری و داهێنان و زۆر لایەنی تر لێک نزیکن، پێتان وانیە هەڵە بێ هەموو شت هەر بخەینەوە ئەستۆی داگیرکەر و سیستەمی پەروەردەکەی؟ خۆمان چەند تاوانبارین وەک حیزب و ڕووناکبیر و میدیا و زۆر لایەنی تر؟

حەقی: لە پلەی یەکەمدە خەتاکەی بە ئەستۆی داگیرکەرانە چونکە سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتانە جۆرێک ئێمەوی پەروەردەکردووە کە خۆمان بە مرۆڤی پلە دوو بزانین،. حیزبەکانی سیاسیش نەیانتوانیوە سیستەمێکی پەروەردەیی ئاڵترناتیڤ پێک بێنن کە بروابەخۆبوون لە ناو کۆمەڵگادا گەشە پێ بدەن، ئێوە ئەگەر سەردانی باشووری کوردستانتان کردبێت و کتێبەکانی سەرەتایی باشوور بخوێننەوە دەبینن پەروەردەکە هەمان پەروەردەی مرۆڤی پلە دوو و ژێر دەستە.

بزاڤی سیاسی و حیزبە سیاسیەکان وێرای میدیاکان ئەرکدارن لە پەروەردەی بروابەخۆبوون و خۆبەهێزکردن. لەو باردا ئەرکی سەرەکی حیزبەکان پەروەردەی ئینسانی پێوەندیەکانی نێوان مرۆڤەکان کە دەبێ لانی کەم چەند ئامانجی خوارەوە لەخۆیدا بگرێت:

١-  یارمەتی بۆ ناسینی مرۆڤ و تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ بۆ مرۆڤ بتوانێت نیازەکانی خۆی بناسێت، تایبەتمەندیەکانی دەوروبەری خۆی بناسێت و بە پێی ئەو هەڵسوکەوت بکات

٢- ناسینی کردەوە و دژکردەوە: چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی پێوەندیەکانی مرۆڤی ناسینی هەموو کردەوە و دژکردەوەکانە و بەرێوەبردنی ئەو هەلسوکەوتانە

٣- ناسینی ڕیشە و بناغەی جیاوازیەکان و کێشەکان

٤-  دۆزینەوەی ڕێگاکانی بەکردەوەی هاوکاری و پێکەوە کارکردن

٥-  دۆزینەوەی ڕێگاکانی دروستی هاندان و سزادانی گونجاو

٦-  پێکهێنانی کەشی گونجاوی کارکردن لە ئاستی ڕێکخراوەیی و پێوەندیەکانی نزیک و ناوچەیی

٧- بەهێز کردنی ڕۆحی خزمەتگوزاری ڕێکخراوەیی و ڕازی کردنی ئەندامانی کۆمەڵگا

٨-  وەدیهێنانی نیازەکانی سەرەتایی مرۆڤ لە پێوەندی لە گەل خۆناسین و ژینگەی خۆی بە شێوەیەکی مەنتقی

٩- پێکهێنان  و بەرفەروانکردنی پێوەندیەکانی گشتی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا حیزبی و ڕێکخراوە سیاسیەکان.

١٠- بەهێزکردنی شێوازەکانی بەرێوەبەری دروست و ئوسووڵی بۆ پیوەندی مرۆڤی و گەشەپێدانی سیمای مرۆڤیی کاری ڕێکخراوەیی.

ڕاوێژ: یەکێک لە فاکتەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگا، هەبوونی ڕێکخراوی پێشڕەوە، بەڕای ئێوە کۆمەڵگای کوردی لەمبارەوە نەخەسیوە و پەسیو نەبووە؟

حەقی: ڕێکخراوی پێشرەو کاتێک دەتوانێنت شوێندانەر بێت کە لەناو خودی کۆمەڵگادا بێت بەداخەوە ڕێکخراوەکانی کوردی زۆربەیان لەدەرەوەی کۆمەڵگادا دەژین و ناتوانن شویندانەر بن، لەوبارەدا ڕەخنەیەک کە لە ڕێکخراوە سیاسیەکان دەگیرێت ئەوەیە کە ئەوان تاک ڕەهەندانە کاریان کردووە و هەوڵیان نەداوە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگادا شوێندانەر بن و ڕێکخراوی جۆراوجۆر بۆ باسەکانی سەرەوە ئاماژە پێکراو دامەزریین، بۆ نموونە بۆ کاری بازار، وەرزش، ژینگە، پرسی ژنان، پرسە کۆمەڵایەتیەکان، کێشەکانی هاوسێتی و هتد. چونکە هەمووی ئەوانە وەک بەشێکی بچووک لە کۆمەڵگا شوێندانەرن لە سەر تەواویەتی کۆمەڵگا و تەواویەت پێکدێنن.

ڕاوێژ: ئەو ڕێکارانەی لە وڵامی سەرەوە باستان کرد، هەمووی بەجێن بەڵام پرسیار ئەوەیە کێ و چۆن جێ بە جێ بکرێن مادام حکومەتمان نیە؟ لە هەمان کاتدا ئەگەر بەو کەسایەتییەی تاک وکۆمەڵگا کە هەمانە حکومەت پێک بێنین، چارەنووسمان چۆن دەبێ؟

حەقی: ئێمە لە ئاستی جیهانی دا سێ نموونە دەتوانین بهێنینەوە بۆ ئەوەی بزانین کە بەرپرسی ئەو نموونانەی سەرەوەیە:

ئەلف: ناوچەی تەبەت کە لەژێر دەسەڵاتی چینە، بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێت، فەرهەنگ، زمان و ئایینیان قەدەغەیە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشی ڕێبەری سیاسی و مەزهەبی تەبەت توانیویانە لە سنوورەکانی هیندوستان ئوردووگای تایبەت بکەنەوە و لەوێ پەروەردەی فەلسەفەی دالایلاما بکەن و لەرێگای ئەو پەروەردەیەوە و بە شێوەی خەباتی مەدەنی سنووردار لە چوارچێوەکانی تاک، خانووەکانی عبادتی، شێوەی بازار و هتد، ڕەفتار و کرداری تەبەتیەکان بەشێوەیەک ڕێنوێنی بکەن کە جیاوازیکی بەرچاوی ناسنامەییان هەبێت لە گەڵ چینیەکان و ناسنامەی نەتەوایەتی و ئایینی خۆیان سەرەرای هەموو سەرکوتەکان بپارێزن.

ب: کاتێک نێلسۆن ماندێلا لە زیندان دا بوو، کۆنگرەی نەتەوایەتی ئەفریقای باشووری بە پێکهێنانی کۆرس، ڕێکخستنی ڕەشپێستەکان بە شێوازی جۆراوجۆر لە خەباتی مەدەنی و پەروەردەیی و هتدەو ەبگرە توانیان بەقووڵایی نفووز بکەنە ناو سیستەم و هەروەها پەرورردەی ئەندامانی کۆمەڵگا پێک بێنن، بە شێوەیەک کاتێک کە خەباتی دژی ئاپارتاید گەشەی کرد، ڕەشپیستەکان زۆربەی هەرەزۆریان سازمان درابوون، ئەوان مۆسیقا، جل پۆشین و هەموو شتیان جیاواز بوو لە گەل سیستەمی حاکم، لەراستیدا ئەوان سیستەمێکی پەروەردەیان لەناو سیستەمی حاکم دا پێک هێنابوو

سێهەم ئەزموون لەوانەیە بەدڵی بەشێک لە ئێمە نەبێ ئەزموونی باکووری کوردستان و پەروەردەی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە ناو کۆمەڵگادا بەشێوەیەک بۆ نموونە هاوسەرۆکی کردە بەشێک لەسیستەمی حیزبی و ئیداری ناو خودی تورکیا و زۆر ناوەند و فێرگەی جۆراوجۆری پەروەردەی ئایدئۆلۆژی و ڕێکخراوەیی پێک هێناوە کە هەرکات بیهەوێ دەتوانێت کۆمەڵگا مۆبیلیزە بکات و بەرەو ئامانجی دیاری کراو ببات. هەروەک وتم کارم بە ڕاست و دروستی ئەو نیە بەڵام وەک ئەزموون شتێکە کە ئێمە لە ڕۆژهەڵات دەتوانی کەڵکی لێ وەرگرین بۆ بردنە پێشی کار و چالاکیەکانمان و سیستەمی پەروەردەییمان بۆ قووڵایی کۆمەڵگا.

ڕاوێژ: کەواتا کورد پێویستی بە کاریزمایەک هەیە؟ دەگوترێ ئێستا سەردەمی کاریزمایان نیە و لاشموایە کوردسیان دوای دوکتور قاسملوو نەک لە ڕۆژهەڵات، بە گشتی بێ کاریزما مایەوە.

حەقی:  کاریزما وەک شمشێری دوو لەبە وایە، لەلایەک دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەموو هیواکانمان بە ڕێبەری کاریزما بێت و لەلایەکی دیکەوە خودی کەسی کاریزما بەهۆی “تمرکز” لە سەر خۆی و کاری خۆی نەتوانێت کەسێك یان کەسانێک دوای خۆی پەروەردە بکات، بە جیاتی کەسی کاریزما پێویستمان بە سیستەم هەیە، سیستەمێک کە بتوانێت کەسایەتی تێدا بخوڵققێنێت و بتوانێت مرۆڤ و کۆمەڵگا پەروەردە بکات.

ڕاوێژ: بەڵام کەسێکی ئەوتۆش هەر نابێتەوە کاریزمایەک؟ لانیکەم لە سەرەتادا؟

حەقی: ئامانجی ئێمە لانی کەم خۆم ئەوەیە کە لەباشەوە ببین بە باشترین، کەسی کاریزما دەتوانێت بۆ ئێمە ببێتە سێبەرێک و وێنەیەک بۆ پێشکەوتن، چونکە پێویستمان بە ڕێبەری هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا گرنگ ئەوە کە ئێمە سیستەمێک پێک بێنن، کە بتوانێت بێ ئەو کەسە کاریزمایانەش پەروەردە بکات و کۆمەڵگا بەرەو پێش بەرێت

لە ئاستی سیاسی، ڕێکخراوەیی و نەتەوەییدا پێویستمان بە ڕێبەرایەتیەک هەیە کە نوێنەری بایەخ و بایەخە هاوبەشەکانمان بێت بەلام لەگەڵ ئەوەش پێویستمان بەوە هەیە کە:

ئامانجی ڕوون و دیاری کراومان هەبێت بۆ هەموو ئاستەکان و قۆناغ بە قۆناغ

گەشەپێدانی کاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش لە هەموو ئاستەکاندا

بەشداری کردن و هەوڵدان بۆ بەشداری پێکردنی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا و لا بردنی هەڵاواردن و تبعیضی ڕێکخراوەیی و فکری سیاسی

گفتگۆ کردن بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان و دۆزینەوەی پێناسەی هاوبەش نەک تحمیل کراو لە پیوەندی لە گەڵ کێشەکاندا

گەشەپیدانی دیالۆگی ناوخۆیی، دیالۆگێکی تەندروست و بەرابەر و لە چوارچێوەی ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ گرتن.

ڕاوێژ: ڕاستە دەبێ ڕێکخراوی پێشرەو لە ناو کۆمەڵگدا بێ تا کاریگەر بێ، بەڵام قسەی من ئەوەیە کە کورد لە بنەڕەتدا (لانیکەم ئێستا)، لە هیچ پارچەیەکی ڕێکخراوی پێشڕەوی نیە، ئەوەی هەیە هەوڵی تاکەکەسیە نەک ڕێکخراوەیی، ڕێکخراوەکان لاڕێ بوون، ترازاون، پەسیو بوون لە سیاسیەوە بوونە ئابوور و دەیان شتی تر، لێرەدا چارە چیە؟

حەقی: بۆ ئەوەی کە ڕێکخراوێک دامەزرێت، دەبێ هەرچۆن مرۆڤێک پێویستیەکانی وەک ئەوەی لەسەرەتادا باسم کرد وەدی بێن، ڕێکخراویش ئەو پێویستیانەی وەدی بێن، لە کوردستان دەوڵەتان، من تەنیا حەز دەکەم باسی ڕۆژهەڵات بکەم، چونکە ڕەساڵەتی ئێمە ئەوەیە کە پێشتر خۆمان سازمان دەین، ڕێک بخەین و ڕزگار دەین، ئەوکات دەتوانین بیر لە ڕزگاری بەشەکانی دیکەش بکەینەوە.

کەوابوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەجالی ئەوە نیە کە پێویستیەکانی سەرەتایی ڕێکخراو وەدی بێن، بۆیە حیزبە سیاسیەکان کە خاوەنی پۆتانسیەلی ماددی، مرۆڤی، سیاسی و ئەزموونی کارن، دەتوانن هاوکار بن بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی پێشرەو لە ناو کۆمەلگادا و تەنانەت لە چوارچێوەی یاساکانی سیستەمی حاکم لە ئیراندا، ئێمە دەبێ وقک “بۆق” (قرباغە) منعطف بین، وێرای ئەوەی کە بۆق بۆقێتی خۆی ناگۆرێ بەڵام شكلی خۆی بەپێی هەلومەرج دەگۆرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بژیت و پێویستیەکانی خۆی وەدی بێنیت.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیکە: ئایا کورد لە ڕووی بیری نەتەوەییەوە وەک نەتەوەیەک ئەژمار دەکرێ تا ڕێبەرییەکی کاریزمای هەبێت؟

حەقی: ئێمە دوو دەستەواژەمان هەیە: نەتەوە و دەوڵەت. ئێمە لەرووی بیری نەتەوەییەوە و لەرووی ستانداردەکانی زانستی سیاسی – کۆمەڵایەتی هەموو مەرجەکانی نەتەوە یان “شبهە ملت” کە بە فارسی بە “ملیت” ناودەبردرێت پردەکەینەوە:

خاوەنی هەستی هاوبەشین، خۆزگە و ئاواتی سیاسی هاوبەشمان هەیە، زمانی سەربەخۆی خۆمان هەیە، چەندین سالە بۆ ئامانجەکانی خۆمان بەشێوەی کۆلێکتیڤ خەبات دەکەین، شێواز و ژیانی ئابووری و کولتووری ئێمە لە گەڵ نەتەوەکانی دەورەبەر جیاوازە، مۆزیک، تازیە و جەژنەکانی هاوبەشیشمان جیاوازن بۆ نموونە جەژنی قوربانی خەڵکی کوردستان لە گەڵ جەژنی قوربانی تورکەکان یان فارسەکان زۆر جیاوازە، تەنانەت عاشوورا تاسووعای ئێمەش جیاوازە

تەنیا شتێک کە لە نەتەوەی خاوەن دەوڵەت جیامان دەکاتەوە، نەبوونی دەسەڵاتی سیاسیە. لەراستیدا بە پێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە نەتەوەیەکین کە خاوەنی مافی یاسایین بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆمان. بەڵام خاوەن ماف بوون و بەدەست هێنان و جێی قەبووڵ بوون لە ڕوانگەی بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە چەند شتی جیاوازن. ئێمە بۆیە دەبێ هەوڵ بدەین ستراتێژی خۆمان بەشێوەیەک دارێژین کە دژی بەرژەوەندی وڵاتانی زڵهیز بەتایبەت ئەمریکا، ئورووپا، چین و ڕووسیا نەبێت و بگرە ئامانجی ئێمە ڕێخۆشکەری بەرژەوەندیەکانی ئەوان بێت، ئەوکات خێراتر بە ئامانج دەگەین.

ڕاوێژ: لە شەوی یەکەم باستان لەوە کرد کە پەروەردەی داگیرکەر زۆر کاریگەری هەبووە، پرسیار ئەوەیە ئەدی چٶنە ئەو کوردانەی کە سەردەمانێکە لە دەرەوە دەژین یان لە ناو حیزبەکانن، ئەوانیش تایبەتمەندیگەلی وەک درۆ، دووڕوویی، جوێن فرۆشی و خۆ بەکەزانی و دەیان دیاردەی نەرێنیی تری دەروونناسیان پێوە دیارە کە وەک خەساری کۆمەڵایەتی دەئەژمێردرێن؟

حەقی: کەسایەتی مرۆڤ لە تەمەنی پێنج تا حەفت ساڵە شکڵ دەگریت، کەسێک کە لەو تەمەنەدا لە ژینگەیەک بێت کە نیازەکانی سەرەتایی و نیازەکانی “ثانوی” ئەو وەدی نەهاتبن، کەسایەتیەکەی لەوانەیە “متشنج” بێت،. هۆی ئەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەو توندوتیژەی کە لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا وەک “ژێن” لێهاتووە و بووە بەشێک لە سروشتی ئێمە، بۆ نموونە توندوتیژی ناو خێزان، مناڵ  کوتان، توندوتیژی دژی ژنان و کچان، توندوتیژی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیەک کە لە کۆمەڵگای مەزهەبیەوە لە ڕێگای مزگەوتەکانەوە بانگەشەی بۆ دکرێت، توندوتیژی سیستەمی ئابووری حاکم، توندوتیژی لەشکەری و پۆلیسی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، توندوتیژی پەروەردەیی کە تەواوی جۆری بیرکردنەوە و ڕێگا چارەسەری کێشەکان لە ڕێگای هیزی “ماسوولکەوە” دەبینێت و بۆمان وێنا دەکات

ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەوە بوونی شەری ڕەوانی و تەبلیغاتی هەیەجانگەری لە ناو کۆمەڵگادا کە لەلایەن دەوڵەتەوە گەشە پێدەدرێت دەبێتە هۆی ئەوەی کە جۆرە هەستی “نا امنی”یەکی زاتی لە گەل مرۆڤی کورد دا هەبێت. یەکێک لە ڕێگاکانی کە سیستەمە داگیرکارەکان توانیویانە لە ناو نەتەوە بندەستەکاندا وەپێش بگرن، دابەشکردنی نەتەوە بندەستەکان وەک کوردەکان بە کوردی باش و کوردی خراپە. واتە فەرهەنگی جاشگەری، بەکرێگیراوی و لە لایەکی دیکەوە سووک کردن و شکاندنی کەسایەتی مرۆڤ. ئەوانە دبنە هۆی ئەوەی کە مرۆڤی کورد بڕوا بەسێبەری خۆشی نەکات و هەمیشە لە گوماندا بسەر بەرێت. کاتێک مرۆڤ لە گوماندا بەسەر ببات، هێزی دیفاعی ئەو لە بەرامبەر هەگەر و لەمپەرە لەوانەییەکانی دەوروبەر بەهێز دەبێت و یەکەم شت بە شێوەی “تشنجی” هەلسوکەوتی لە گەل دەکات.

ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەکردنی هەندێک مکانیزمی “دفاعی” یان بەرگری ناخوداگاهانە کە دەتوانین لە سەر سیزدە خاڵ دابەش کەین:

١. یەکەم پاڵ پێوەنان یان سەرکوت کردن و بەرخودان لە بەرامبەر هەر جیاوازیەکدا

  1. گۆرێن و شكل دانی ڕاستیەکان بە شێوەیەکی دیکە واتە تەفسیری نا واقعی لە کێشەکان
  2. توورەبوون و هەڵچوون یا خود درۆ و گەورە کردنی باسەکان، بە قەوڵی کورد کایەک دەکەن بە کێوێک
  3. تۆڵە سەندنەوە یان چاو لە چاو کردن، یانی من ئەگەر خراپەیەکم کرد، تەرەفی بەرامبەریشم خراپە دەبێ بکات، بۆ ئەوەی وەک خۆم لێ بێتەوە
  4. سازکردنی خەیاڵ و هێما خوڵقاندن
  5. چاولێکەری و قووڵتر کردنی کێشەکان بە ئاستی دوژمنایەتی

7.حاشا کردن لە ڕاستیەکان و سەرپۆش دانان لە سەر کێشەکان

8.هەوڵ دان بۆ نیشان دانی ئەوە کە هەمووشت سەقامگیرە

  1. هۆ هێنان و بەقەوڵی فارسی دەلیل تراشی
  2. دژکردەوەی بەرەواژی و
  3. خۆ گێل کردن و نیشاندانی ئەوەی کە کێشەکان بۆم گرنگ نیە
  4. چوونە ناوخۆ و خۆپاراستن لە دەوروبەر وپێوەندی نەگرتن

وەک زۆرجار ئێمە لە کاتی توورە بوون دا حاشا لە کوردایەتی خۆمان دەکەین

  1. جنێودان و هەڵچوون یان پەرخاشگەری

هەمووی ئەوانە بە هۆی ژینگەیەکی نا تەندوروستە کە تێدا گەوروبووین. تەنانەت ڕێبەرانی ئێمەش ناتوانن لەو پرسانە و ژینگەیە خۆیان ڕزگار بکەن. مەگەر ئەوەی کە پەروەردەیەکی دروست هەبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە گەڵ خۆی گفتگۆ بکات و لە کێشەکان ڕزگار بێت. ئەمەش بەواتای ڕزگاری کەسایەتی مرۆڤ دێت کە بەداخەوە پرۆسەیەکی ژانهێنەر و زۆر کەم کەس هەیە بوێرێ گفتگۆ لە گەڵ خۆی بکات.

ئێمە زۆرجار لە کاتی کێشەکاندا تەماشای پەنجەرە دەکەین و هەموو دەوروبەرمان تاوانبار دەکەین بەوەی کە بە هۆی ئەوانەوە شکستمان خواردووە بەڵام کاتی سەرکەوتن تەماشای ئاوێنە دەکەین و تەنیا خۆمان دەبینین، ئەمەش پرسی نەبوونی بڕوا بەخۆ و نەدیتین ڕاستیەکانە. ئێمە بۆ ئەوەی لەو قۆناغە تێپەربین دەبێ جێگای ئاوێنە و پەنجەرە لە سەرکەوتن و شکستەکانی خۆمان بگۆرینەوە بۆ ئەوەی بتوانین شکڵێکی جوانتر بە ژیان و خەباتی خۆمان بدەین

ڕاوێژ: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو ڕەفتارانە یان بە گشتی هەڵە ڕەفتارییەکان دووبارەبەرهەم هاتنەوە یان بازتەولیدە، واتا لە نەوەی نوێشدا ساز دەبنەوە، ئەوە وایکردووە لە ناو ڕێکخراوە کوردییەکانیشدا هەر بەرهەم بێتەوە بۆیەش زۆر جار پێشەنگ بوون یان توانای پێشەنگ بوونیان لێ دەستێنێ و زۆر جار دەبنە بنکە و مۆڵگەی توندوتیژی، چ بکرێ کە چیتر لە ناو ڕێکخراوە کوردییەکاندا ئەو ڕەفتارە نەرێنییانە دووبارە بەرهەم نەهێندرێنەوە؟

حەقی: من دوو نموونە لە وڵاتانی جیهان لەو بارەدا دێنمەوە کە هیوادارم ئەگەر فرسەت بوو زۆرتر لەوبوارەدا یان گفتگۆ بکرێت یان خوازیاران لێکۆلینەوەی لەسەر بکەن:

یەکەم ئەفریقای باشووری: دوای شکستی ڕژێمی ئاپارتاید و سەرکەوتنی نیلسۆن ماندێلا، ئەوانە بەجیاتی تۆلەسەندنەوە دەستیان کرد بە سازکردنی کۆمیتەکانی “حقیقت یاب” لەو کۆمیتانەدا ڕەشپێستەکان و سپی پێستەکان پێکەوە کۆ دەبوونەوە و ئەزموونی خۆیان لە سەردەمی ئاپارتاید دەگێرایەوە واتە مەجالی ئەوە هاتە پێش کە هەردوو لا باسی ئەزموون، هەست و ئازارەکانی خۆیان بکەن، بەمە هەردوولا ئاگاداری دەروونی “ئینسانی” یەکتر بوون. لەو ڕێگایەدا دروستە هەمووکەس بە سزای “کردەوەکانی خۆیان” نەگەیشتن بەڵام کۆمەڵگا توانی لە گەل تراوما بەکۆمەڵەکانی خۆی گفتگۆ بکات و ڕووبەرووی هەستەکانی خۆی ببێتەوە و لە ئەنجامدا کەمترین جینایەت و تۆلەسەندنەوە لە ئەفریقای باشووری ڕووی دا.

لە فینلاند دوای شەری ناوخۆی ساڵەکانی 1917 و 1918دا کە نزیک بە یەک لە سێی حەشیمەتی فینلاندی تووشی زیان و لە نێوچوون بوو دەستیان کرد بە سازکردنی کۆمیتەکانی ئاشتی نەتەوایەتی نەک بۆ چارەسەری کشێەکان بەڵکوو بۆ باسکردن و هێنا نەبەرباسی ئاسەواری شەری ناوخۆیی و ئەو برینانەی کە لەو کاتەدا تووشی کۆمەلگا بووە. هەڵبەت ئەو کارەیان چڵ ساڵ دوای کۆتایی هاتنی شەری ناوخۆیی کرد. ئەمە بوو کە لە فینلاند شێوەیەکی نوێیان بۆ کاری کۆمەڵایەتی دۆزیەوە بەناوی “هاوپشتی هاوتا” کە لەودا ئەندامانی کۆمەڵگا بۆ نموونە ئەندامانی حزیبە جیاوازەکان پێکەوە لە فەزایەکی یەکساندا دەدەنیشن و بە نۆرە گفتگۆ دەکەن،. گفتگۆکان ئاسۆیین و هەمووکەس بە پێی توانا باسی خۆی دەکات و لەو پێوەندیەدا ڕیگاگەلی جۆراوجۆر و پانێلی جۆراوجۆر داهێنراوە کە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی هەستەکانی خۆی لێک بداتەوە و لەگەڵیان بەرەوروو بێت

بەو ئەزموونانە کە جارێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی سەربەخۆ نیە و خاوەنی هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی و ئیداری نیە ئێمە چیمان پێ دەکریت؟

لە پلەی یەکەمدا لە ناو حیزبەکاندا ئیمکانی ئەوە هەیە “پشتیوانی هاوتا” ساز بکرێت بە گەشە سەندن و پەروەردەی فەرهەنگی سازان و چارەسەری کێشەکان بە شێوەی ئاسۆیی و لە ئاست ذێهنیەتەدا، هەروەها دەکرێ گرووپی پەروەردەیی و ڕاهێنان ساز بکری

لە ناو کوردستاندا دەکرێ لە ڕێگای کۆمەڵە جۆراوجۆرەکان و ئوردوو جۆراوجۆرەکان کاری پەروەردە و پشتیوانی هاوتا لە گەڕەکەکانەوە بگرە تا شارە و گوندەکان ساز بکرێت. ئەوانە ئەو شتانەن کە یاسای ئێستا ی ئێرانیش لەبەریان ڕیگر نین و لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیشدا دەکرێ ئەنجام بدرین. تەنیا شتێک کە گرینگە ئەوەیە کە ئێلیتی کورد و بەتایبەت ئەوانەی کە نەختێک شارەزای دەروونناسی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی ڕێکخراوەیین دەست پێشخەری بکەن بۆ ئەو کارانە. گرینگترین شت لەو پێوەندیەدا داهێنانی سیستەمێکی نزیک بوونەوەی گەورەساڵ ومناڵان و گفتگۆیەکی نێوان مرۆڤ بە مرۆڤ نەک گەورە بە مناڵ بێت و هەروەها مەجالی گفتگۆیەک بۆ مرۆڤ بخوڵقێت کە بتوانێت هەستی دەروونی خۆی بە بێ ترس دەرببرێت.

ڕاوێژ: دەستتان خۆش بێتا ئاستێکی یەکجار باش گرفتەکە پێناسە کرا و باستان کرد، با بچینە سەر میکانیزم و شێوازگەلی چارەسەری، بەڕای ئێوە ڕێکارەکان چین؟ چۆن تاکی کورد لەو کاول بوونە بێتە دەر و ئاوەدان بکرێتەوە؟

حەقی: تاکی کورد بەتەنیا لەوانەیە نەتوانێ، چونکە ئێمە خاوەنی سیستەمێک وا نی، بەڵام بە بڕوای من هەروەک لە پرسیاری پێشووشدا باسم کرد، ئەگەر حیزبە سیاسیەکان و کۆمەلگای مەدەنی بتوانێت بە هەماهەنگی یەکتر سیستەمێکی پەروەردەیی  و گفتگۆی ئاسۆیی و پشتیوانی هاوتا لە ناو کۆمەڵگادا گەشە پیبدات ئێمە دەتوانین شاهیدی کەمبوونی ئەم کێشانە بین، یەکێک لە ڕێگاکان بوونی کاناڵێکی زیندووی پێوەندی گرتنی مرۆڤەکان بە شێوەی نەناسە بۆ ئەوەی پرسەکانی خۆی بەئازادی و بە بێ ترس باس بکات. ئەمەش ڕاستیەکەی پێویستی بە سەرمایەیەکی مرۆڤی، دارایی و سیاسی هەیە و دەبێ لەراستیدا ببێتە بەشێک لە بەرنامەی سیاسی حیزبەکان.

بە بڕوای من یەکێک لە ڕەهەندەکانی “راسان” دەتوانێت بەرەو پێش بردنی پرسی کێشەدەروونەیەکان و “تشنج”ە کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەییەکان بێت

واتە ئێمە دەبێ پلانمان هەبێت، پلان لە ئاستی بنەماڵە، گەڕەک، لادی و شار چونکە لەو ڕێگایەوە دەتوانین لە خوارەوە بۆ سەرێ کۆمەڵگا پێکەوە بەرەو ژینگەیەکی تەندوروست ڕێنوێنی بکەین.

ڕاوێژ: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای کوردی، چاولێکردنی سێکسیانەی ژنە، ئەوە بەشداریی ژنانی لاواز کردووە، ترسی تێدا خوڵقاندوون، زۆر جاریش بووە بە هۆیکاری لێک ترازانی کۆمەڵە و ئەنجوومەنەکان و زۆر بابەتی تر، ئەو ڕوانینە سێکسیە بۆ ژن لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟ هەڵبەت ئەوە لە کۆمەڵگای ڕۆژئاواداش هەیە و نکوڵی لێ ناکرێت.

حەقی: ئەوە یەکێک لە کێشە و لەمپەرە هەرە گەورەکانی کوردە. سێکیزم نەخۆشیەکی “واگیر” و جیهانیە بەڵام لە کۆمەڵگا ئایین سالارەکاندا سێکسیزم لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا دەبیندرێت. ئێمە لە کۆمەلگایەک دا دەژین کە هەموو ڕۆژێ لە مزگەوتەکاندا مەلاکان بانگەشەی سەرکوتی ژنان دەکەن، کە باسی بهشت دەکەن وەک “رێنوێنی تو ڕیستەکان” باسی عیاشی و شەرابخۆری و ژیانی سێکسی لە بەهەشت دا دەکەن، لە باسە ئایینیەکاندا ئازاری ژیان، بەکار هێنانیان وەک “زەوی” و “مڵکی”خۆ دەبێندرێت، لە کتێبەکانی پەروەردەییدا ئەرکی ژن ماڵداری و “تامین”ی پێویستەکانی پیاوانە. بۆ نموونە بە پێی یاسای بنەماڵە لە ئێراندا کە لەسەردەمی مەشرووتەوە تا ئێستا نەگۆراوە ئەگەر ژن پیاو تەمین نەکات، پیاو بۆی هەیە ژنەکە تەمبێ بکات، خواردنی پێ نەدات و نەفەقە و ،،.. پێ نەدات یان “ژنی دیکە بێنێت.

هەروەها ژن ناتوانێت بە پێی ئەو یاسایە تەلاق وەرگرێت، هەمووی ئەوانە بە هۆی ئەوەی کە سەدان ساڵە بەشێک لە پەروەردە و زێهنیەتی کۆمەڵگای ئێمە پیک هێناوە بووتە هۆی ئەوەی کە ژن وەک کەرەسەی نیازی جنسی پیاو سەیر بکرێت و لە ناو حیزبەکانیشدا وەک تزیین و بۆ وەدیهێنانی نیازی جینسی و حسی جینسی سەیر بکرێت. سەرەرای ئەوەی کە لە بەرنامەی حیزبە کوردیەکاندا باسی یەکسانی ژن و پیاو کراو،ە بەڵام بە کردەوە پیاوان یەکسانتر لە ژنانن و ژنان وەک شارۆڤەندی پلە دوو تەماشا دەکرێن. چونکە حیزبەکان سیستەمێکی پەروەردەی یەکسانیان گەشە پێنەداوە و بۆخۆیان خۆیانیان پەروەردە نەکردووە. جیا لەوە هەموو دروشمەکانی یەکسانی خوازانەی پیاوان لە ڕوانگەی پیاوسالاری و پێویستیەکانی پیاوانەوە بووە و ژنان بەشداری نەدراون لە داڕشتنی سیاسەتی یەکسانی خوازی و جێندەری دا.

ئابووری نەخشێکی زۆر گرنگ دەگێرێت، ئیستاش ئەگەر پێشکەوتووترین حیزب کاتی ژن و پیاوێک ژیانی هاوسەری پێک دێنن پرسی مارەبڕین و هەروەها خاوەندارێتی بە جۆرێک دەنووسن کە پیاو خاوەنی هەموو شتە و ئەوە ژنە کە “دهندە” و و پیاو “گیرندە” یە بەو واتایە کە ژن پاشكۆی پیاوەکەیە. سروشتی پیاو توندوتیژانە و بە هۆی نەبوونی “هووشمندی حسی” ئێمە پیاوان تەنیا لە ڕێگای سێکسیزم و سەرکوتی ژنانەوە هەوڵمانداوە ئەو هەستە سروشتیەی ژنان واتە هووشمندی حسیان بەچۆکدا بینین.

ڕاوێژ: باستان لەوە کرد کە دەبێ حیزبەکان ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ، بەڕای ئێوە ئەو پتانسیەل و تواناییە یان ئەو ویستە لە حیزبە کوردییەکاندا هەیە؟ چون بەڕای زۆر کەس حیزبە کوردییەکان خۆیان لە هەندێ بواردا سەرچاوەی هەندێ قەیرانن. ئێوە ڕاتان چیە؟

حەقی: دکتۆر قاسملوو لە کتێبی کوردستان و کورد ساڵی 1964 و هەروەها لە کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزم ساڵی 1985 باسی پێویستی هاوکاتی خەباتی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی دەکات و پێیوایە ئەو دوو خەباتە دەبێ شان بە شانی یەکتر و لە گەڵ یەکتر گەشە پێ بدرێن. حیزبە کوردیەکان ئەگەر بڕیاری سیاسی بدەن توانایی و پۆتانسیەلی ئەوەیان هەیە. گرینگترین شت لەو پێوەندیەدا بوونی بڕیاری سیاسیە لە مەڕ گەشەپێدانی یەکسانی و خەبات دژی سێکسیزم و هەڵاواردنی جێندەری. کاتێک بڕیارێکی سیاسی درا، سەرمایە و ئیمکانات و تواناییەکانی مرۆڤی و مادیش بۆی تەرخان دەکریت. بۆ حیزب و ڕێکخراوێک و هەروەها بۆ تاکەکەسیش وایە: ئەگەر بیهەوێ ڕێگای دەدۆزێتەوە ئەگەر نەیهەوێ ئەنجام بدات بیانوو دێنێت و بیانووش بێ ئەژمار زۆرن.

ڕاوێژ: وەک خۆتان کە چاوەدێریی کۆمەڵگای کوردی دەکەن و خوێندنەوەی تیۆری و کردەیی زۆرتان لەسەر هەبووە هەم وەک تاکەکانی و هەم وەک ڕێکخراوەکانی، پێتان وا هەیە ئەو کۆمەڵگایە بەو شێوەی ئێستا دەتوانێ خۆی لە کۆیلەیی و بندەستی ڕزگار بکا؟ چون زۆۆر جار دەگوترێ بۆ نموونە دروشمی حیزبەکان، خواستی سەرەکیی خۆیان و خەڵکەکەیان نیە بەڵام بە هۆکاری سیاسی، نزمی دەکەن، تاکیش ئامادەی هەر جۆرە نرخ دانێک نیە بۆ ئەو ویستەی خۆی. ئێوە ڕاتان چیە؟

حەقی: حەز دەکەم وتەیەکی شەهید قاسملوو بێنمەوە: ئێمە ئەگەر بتوانی مرۆڤی کورد ڕزگار بکەین پەروەردەی بکەین کە سەربەخۆ بیر بکاتەوە، سەربەخۆیی کوردستان زۆر بەئاسانی بەدەست دێت.

راستیەکەی بۆ ئەوەی کۆمەلگا ڕزگار بێت، دەبێ مکانیزم و ڕێگا و پێشرەوێکی هەبێت لە خۆرزگارکردنی لە ئاستی تاکەکەسی دا. ئێمە لە کوردستان و مێژووی کوردستاندا کەسانی زۆرمان هەیە کەدەتوانن هەرچۆنێک دالای لاما و گاندی و نێلسۆن ماندێلا بۆیان سەمبۆل و هێمای خۆ ڕزگارین بەکار بێنین بۆ ڕزگار بوون. دەڵێن کاتێک کە پێشەوایان بەرەو سێدارە بردووە ئەو سەر بڵندانە و بە پێکەنینەوە چووە بەرەو سێدارەو داوای کردووە چاوەکانی بکەنەوە تا لە دوایین ساتەکانی ژیاندا کوردستان ببینێت. پێشەوا بەهۆی ئەوەی کە لە ڕووی ڕۆحی و دەروونیەوە ڕزگار بوو توانی لە ئاستەمترین کاتەکاند هەم خۆی ڕاگرێ و هەم سەربلندانە دوژمن بەچۆک بێنێ.

بەڵێ مرۆڤی کورد دەتوانێت لەو هەلومەرجە و لەو هەموو کێشەیە ڕزگار بێت بەلام بۆ ئەم کارە پێویست بە پرۆژەیەکی سیاسی و نەتەوایەتی دەکات. پێویست بەوە دەکات کە کۆتایی بە قەیرانی بڕوا بهێندرێت و “قراردادێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی” ببەسترێت لە پێناو نەهێشتنی کێشەکان و پەروەردەی کۆمەڵگایەکی بوێر لە ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ کێشەکان و چارەسەریان. حیزبە سیاسیەکان و بەتایبەت حیزبی دیموکرات کە بەمێژینەترین و لە ئاستی کولتووری و احساسیەوە بەنفووزترین حیزبی کوردستانیە ئەرکی هەرە سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی.

ڕاوێژ: لێرە لەو ژوورە، جیا لە ئێمە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ژوورەکە، دەیان تاکی تر ئاگای لەو باسەیە کە هەر کام لە ئێمە تاکێکی ئەو کۆمەڵگایەین و بگرە بەشێک لە و کێشە ئێمە دەیخوڵقێنین یان تێیدا بەرپرسیارین، یەکەم قۆناغ چیە بۆ خۆگۆڕینمان؟ پێشنیارتان چیە و چٶن دەست پێبکەین بۆ هەرەس پێ هێنانی ئەو دیاردانە و بوون بە تاکێکی نۆرماڵ؟

حەقی: حەز دەکەم لە خۆمەوە دەست پێ بکەم، باسی شتێک بکەم کە زۆر شەخسی و زۆر سەختە بەڵام بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ڕزگار بێت و بتوانێ یارمەتی خەڵکی خۆی بکات بۆ ڕزگار بوون ئەو باسە دەکەم.

ساڵی 1980 من تەمەنم نۆ ساڵ بوو، لە باخچەی خۆمان لە نزیک شاری ورمێ دوو پاسدار گرتیانم و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر “دەستدرێژی جینسیان” لێ کردم. ئازاری ئەو ئەشکەنجە و دەستدرێژیە تا تەمەنێکی زۆر لە گەڵم ماوە. من سوێندم خواردبوو ئەو کەسانەبکوژم تەنانەت ئەگەر ڕۆژێکیش لە ژیانم مابێت. لە سالی 1366 واتە 1987 بە هۆی چالاکیەکانی سیاسیم لە ڕیزی حیزبی دێموکرات و ئاشكرابوونم ناچار بووم هەڵبێم، دوای سێ ڕۆژ ون بوون لە شاخەکان، شەوی چوارەم تووشی ورچێک بووم لە سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باکوور. ئەو ورچە نازانم بە چ هۆیەک هیچی لێ نەکردم و نە هێرشی پێکردم و نەش کاری بە من بوو. من لە دەست درندەترین بوونەوەری شاخیی لای خۆمان ڕزگارم بوو. ئەو ڕووداوە بوو بە هۆی ئەوەی کە هەموو فەلسەفەی ژیانی من تووشت ئال و گۆر بێت. کاتێک گەیشتمە پێشمەرگەکان ئێمە چووینە دەورەی سەرەتایی سیاسی نیزامی، لەوێدا یەکێک لەدەرسەکان ئەخڵاقی شۆرشگێری بوو کە لەلایەن شەهید سەروان چەکۆوە بە ئێمە دەوترا. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی مرۆڤی شۆرشگێر بە پێی وتەکانی شەهید چەکۆ توانایی زال بوون بەسەر ڕقی خۆ و لەکاتی پێویست دا بەخشین و ڕەفتاری ئینسانی و مرۆڤ دۆستیە. ئەم دەرسە واتە ئەخڵاقی شۆرشگیری بۆ من لەهەموو بابەتەکانی دیکە بەنرختر بوو. دواتر لە گەڵ فەلسەفەی لێخۆشبوون واتە بەخشین ئاشنا بووم. ساڵی 1990 کاتێک ئێمە لە مەنتەقەی مەرگەوەر بوون، یەکێک لەو کەسانەی کە کاتی خۆی دەستدرێژی بە من کردبووم گرت. دوای چەک کردنی ئەو کەسە بەسەرهاتی خۆمم بۆی باس کرد و وتم کە سوێندم خواردووە بت کوژم. بەڵام من لێرەدا لە گەڵ کێشەیەکی ئەخڵاقی بەرەوروو بووم. من پێشمەرگەی دێموکرات بووم، ئەو ئەسیری من بوو کە بە پێی ئامووزەی قاسملوو نابێ بەدرەفتاری لە گەڵ ئەسیر بکرێت لەلایەکی دیکەوە من کێشەی شەخسیم لە گەڵی هەبوو بۆیە دوای گفتگۆیەکی کورد ئەو مرۆڤەم ئازاد کرد و پێم وت بە چ هۆیەکم ئەو بەخشیوە و هیوادار بووم هیچ بەسەر مناڵەکانی نەیەت. بەدوای ئەو ڕووداوە بۆخۆم ئازاد بووم.

مەبەستم ئەوە ئەگەرمرۆڤ بتوانێت هەستی بەخشین لەناوخۆیدا گەشە پێبدات و بە جیاتی تۆڵە ئەستندنەوە و قووڵتر کردنی برینەکان ئاستی زیانەکانی کەم بکاتەوە دەتوانێت زۆر کار بکات و لە هەموو گرینگتر خۆی ڕزگار دەبێت. ئێمە دەبێ پێشتر خۆمان ڕزگار کەین. ڕێگای ئەمەش ئەوە کە هەست تۆڵەسەندن و ئێگۆی شەخسی خۆمان لە ناو ببەین.

ڕاوێژ: وەک دوایین پرسیار، باستان لەوە کرد کە دەبێ تاکی کورد سەربەخۆ بیر بکاتەوە، ئەگەر بکرێ زیاتر شی بکەنەوە، تاکێکی ئەوتۆ کە سەربەخۆ بیر دەکاتەوە چ تایبەتمەنییەکی هەیە؟

حەقی: بیرکردنەوەی هیچ مرۆڤێک بەتەواوی سەربەخۆ نیە، چونکە بۆ ئەوەی ئێمە بریارێک بدەین جهانبینینی خۆمان دەکەینە قازی. ئەو جەهانبینیەش بەرهەمی ژیانی دەورەبەر و پەروەردەی ژینگەی سیاسی کۆمەڵایەتی ئێمەیە. بەڵام مەرجی سەربەخۆیی بیرکردنەوە نزیک بوونەوە بە پرسەکان بە شێوەی ڕەخنەگرانە واتە واتە وەڵامی پرسیارەکان چی؟ بۆچی؟ چۆن؟دانەوە لەروانگەی تاکەوە و هەروەها لە بەراورد لە گەڵ دەوروبەردا. ئێمە ئەگەر بەجیاتی کەسی بەرامبەری خۆمان بین چۆن بیر دەکەینەوە. چۆن بتوانین کاتێک کەسێک خراپەمان لە گەڵ دەکات، بۆ نموونە جنیومان پێدەات هەلسوکەوت بکەین. جیاوازی کردار و گفتارمان لە چیدایە؟ چەندە ئامادەین لەخۆمان بگوزەرێین بۆ ئەوەی ڕاستیەکان دەرکەوێت. سەربەخۆیی بیرکردنەوە پێویستی بە پەروەردەی سەربەخۆ هەیە. بۆیە بە بڕوای من بنەمای هەموو چارەسەریەک پەروەردە و پلانێکی دروستی پەروەردەیە، ئەمە ڕێگایەکی دریژ، ماندووکەرەوە بەڵام پێویست و بەبەرهەمە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت