شیکاریی دۆخی لاوان و کێشەکانیان لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا

0
1176

خوێنەری هێژا:

    بابەتی بەر دەستتان، وتووێژێکە لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٦ و ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی لەسەر مژاردی “دۆخی لاوان و کێشەکانیان لە خۆرهەڵاتی

جەلال ڕەوانگەرد
جەلال ڕەوانگەرد

کوردستاندا” لەگەڵ جەلال ڕەوانگەرد، سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کراوە. پێشکەشکاریی ئەو بەرنامەیە “کاروان شیرینی” چالاکی سیاسی بووە.

ڕاوێژ: کاک جەلال رەوانگەرد بەخێر بێن سەر سەر و سەرچاو، لەلایەن ژووری راوێژەوە بەخێرهاتنتان دەکەین.

ڕەوانگەرد: سڵاو و ڕێزم هەیە لە خزمەت سەرجەم ئەندامانی ژووری ڕاوێژ و خۆشحاڵم لە خزمەتتان

 ڕاوێژ: سەرەتا بەو پرسیارە دەست پێبکەین، لاو کێیە و بە کێ دەگوترێ لاو؟

  ڕەوانگەرد: لاو ئەو توێژە ئەکتیڤ و گۆڕانخوازەی کۆمەڵگایە کە بەردەوام لە بیر و ئەندیشەی گۆڕانخوازی و نوێبوونەوە و ئاڵوگۆڕ دایە. لە روانگەی دەروونزانیەوە دەروونزانە جیاجیاکان، پۆلێنبەندی جیاوازیان لە ڕووی تەمەنییەوە بۆ لاو کردووە بەڵام بە گشتی زۆربەیان کۆکن کە لاو بە پێی قۆناغی تەمەنی لە ١٥ ساڵ تا ٣٥ ساڵانە لە خۆ دەگرێت، بەڵام لە ئێران تا ٢٩ ساڵ دیاری کراوە.

ڕاوێژ: گەلۆ لاوان وەکوو نەوەیەک یان توێژێک لە هەر کۆمەڵگایەکدا کۆمەڵێک مافی تایبەتیان هەیە، ئەو مافانەی پێویستە لاوێک لە کۆمەڵگادا هەیانبێ، ئاماژەیەکیان پێ بفەرموون؟

کاروان شیرینی
کاروان شیرینی

ڕەوانگەرد: ناکرێ بڵێین لاو لە ناو کۆمەڵگایەک تاکێکی جیاوازە و مافێکی تایبەتی هەیە، بەڵام بە پێی جیاوازییە قۆناغە تەمەنییەکانی دەکرێ هندێک شێوە مامەڵە لەگەڵ کردنی لە ناو کۆمەڵگا جیا بکرێتەوە، ئەگەر بمانهەوێ باس لە مافی تایبەتی لاو بکەین، دەکرێ بڵێن وەک تاکێک لە کۆمەڵگا تەعامولی لەگەڵ بکرێ، بۆ نموونە دەبێ دەرفەتی گەشە کردن و لە هەمان کاتدا گەشت و گوزار و خۆشگوزەرانی بە پێی نۆرمە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگا بۆ دەستەبەر بکرێت. ژیانکردن لە کۆمەڵگایەکی شاد و کراوە و دابین بوونی ئازادی و سەربەستی و مافی دەربڕینی بیرورای ئازاد و دەیان پرسی دیکە، لە مافە سەرەتاییەکانن کە پێویستە لاوانێک هەیبێت. بەڵام بە داخەوە کە دێینە سەر باس لە وڵاتی ئێران دەکرێ بڵێن لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا مافی لاوان بریتییە لە ئەو پێناسەی کۆماری ئیسلامی و هیچی دیکە.  ئەمەیە کارەساتی وڵاتی ئێمە، نەپاراستنی مافی ئینسانی بۆ هەموو تاکەکان و لە پێشەوەی هەمووشیان لاوان و ژنان، پێناسەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

ڕاوێـــــــــــژ: بەڕای جەنابت لەو خاڵانەی وەک دابینکردنی مافی تاکەکان لە کۆمەڵگا بە تایبەت بۆ توێژی لاو کە باستان کرد، ئایا هیچ کام لەو خاڵانە بۆ لاوان دەستبەر بووە؟

ڕەوانگەرد: نە بە داخەوە، هەروەک ئاماژەم پێدا تەنیا ئەو خاڵانەی کە لە چوارچیوەی خواستی کۆماری ئیسلامییە دەستبەر بوون  کە ئەوانیش یەکجار سنووردارن. بۆ نموونە ئەگەر باس لە مافی خوێندن بکەین، لە زانکۆکان زۆربەی بوارەکانی خوێندن کە لە دەرەوەی پێناسەی کۆماری ئیسلامی و خواستی ئەون هەڵگیراون یا گرینگیان پێنادرێت، و هەڵاواردنی ڕەگەزیش کە ئیتر پێویست بە باسکردن ناکات و لە هەمان کاتدا پۆشین و خواردن و خواردنەوەش بۆ لاوێکی ئێرانی پێناسە کراوە کە ئەوەیان ئیتر مافێکی یەکجار تاکەکەسییە.

ڕاوێــــــــــژ: لاوان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی چ دەورێکیان هەیە؟ گەلۆ لاوانی ئێران وەکوو لاوانی وڵاتانی دیکه لە کۆمەڵگادا، دەور دەبینن ؟

ڕەوانگەرد: دەوری لاو لە کۆماری ئسلامیدا تەنیا بوونە بە ئامراز و کەڵک لێوەرگرتنیان بۆ بەرەو پیشبردنی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم، جگە لەوە هیچ دەورێکی کاریگەریان وەک توێژی لاو لە پێناسەی کۆماری ئیسلامی نیە .بەداخەوە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە ڕۆل بینینی لاو لە کۆمەڵگای ئێران و وڵاتانی دێموکراتیکدا.

بناغەی هەر کۆمەلگایەک، نەوەی داهاتوو و لاوەکانیەتی، بەڵام لە ئێراندا تەنیا پەروەردە کراوانی ڕێژیم بۆ درێژەدان بە ڕێبازی خۆیان دەرفەتیان پێ دەدرێت و شتێک بە ناوی ئازادی و دەور گێڕانی چالاکانەی لاو لە بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگا، لە کۆماری ئیسلامیدا مانایەکی ئەوتۆی نیە، بۆیە یەکێک لە وڵاتە دواکەوتووەکانی جیهانیشە.

ڕاوێژ: دەکرێ چەند خاڵ لەو جیاوازیانەی نێوان لاوانی ئێران و وڵاتانی دیموکراتیک  کە گوتتان بوونی هەیە بۆ هاوڕێیانمان باس بفەرموون؟

ڕەوانگەرد: لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا، لە بنەڕەتدا لاو لە ئێراندا دەوری چالاکانەی نیە و بەشداری پێناکرێ وەک نەوەی داهاتوو.

 بۆ نموونە لاوێک کە دەیهەوێ لە هونەر و مۆسیقای پاپدا ڕۆڵی هەبێت و داهێنان و هێزی خۆی نیشان بدا،  کە ئەمە لە دەرەوەی پێناسەی کۆماری ئیسلامییە، بۆیە ئەشکەنجە و زیندان دەکرێ و ئەگەر لاوێک داوای ئازادی بکا کە لە دەرەوەی خواستی کۆماری ئیسلامییە لە سێدارە دەدرێت. بەڵام لە وڵاتێکی کراوە و ئازاددا کەسێک ئەگەر داهێنان لە خۆی نیشان بداو کارێکی جیاوازتر بکا پشتیوانی دەکرێ، هان دەدرێ و زیاتر مەیدانی پێ دەدرێ بۆ ئەوەی ببێتە ڕێچکە بۆ تاکەکانی  دیکە کە ئەوانیش خۆیان بنوێنن ، بەڵام خۆ نواندن لە ئێرانیشدا زەوت کراوە و تاوانە.

ڕاوێژ: بەڕاێ جەنابتان لاوان لە ئێراندا چ گرفت و کێشەگەلێکیان هەیە؟

ڕەوانگەرد: تەنانەت بە نووسینی کتێبێکیش ناکرێ بە تەواوی ئەو بابەتە شرۆڤە بکرێت  چ بگات بە چەند دێڕ، پێم وابێ هەر چی لەم بارەوە بیڵێن هیشتا کەمە و بە تەواوی وڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە بەڵام لاو لە ئێران کێشەی ناسنامەی هەیە، پێناسە نەکراوە، مافی زەوت کراوەو هیچ دەورێکی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا  پێ نادرێت. دەکرێ بڵێین توێژی لاو لە ئێران بە دەیان کێشە و گرفت هەیە، لەوانە :

 پیلانی دزێوی رێژیم لە گەشەپێدان و بەردەوامی دیارە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە: ئیدز، ئیعتیاد، لەشفرۆشی، دزی، نامۆ بوون لە خۆی و کۆمەڵگا، هەڵاتنی مێشکەکان، خۆ کوژی، تەڵاق ، نەبوونی ئاسایش و ئەمنیەتی گیانی و ماڵی لەبار و گەنجاو،  نەبوونی هەلی کار و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و زۆر بابەتی دیکە.

ڕاوێـــــــــــژ: با بینە سەر باسی تایبەتی پرۆگرامی ئەمشەوی ڕاوێژ واتە لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات و دەور و پێگە و کێشە و گیروگرفتەکانیان.

 با لێرەوە دەست پێ بکەین کە گەلۆ جیاوازی دانان لە باسکردن وەک لاوانی کوردستان جیا لە لاوانی ئێران، دروستە؟!

ڕەوانگەرد: بەڵێ، زۆر جیاوازی هەیە لە نێوان لاوێکی کوردستانی و لاوێکی فارسستان و دەکرێ بڵێین جیاوازیشن لە لاوانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی دا، لە خزمەت دام بفەرموون پرسیارەکانتان.

ڕاوێــــــــــــژ: دەکرێ بفرموون جیاوازیەکانیان لەچیدان؟

ڕەوانگەرد: لە پێناسەی لاویەتییەوە بگرە تا ناسنامەیی و تاکوو ئاگایی و فامی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان . لاوی کورد بێ بەشە لە هەموو خۆشی و گەشت و خۆشگوزەرانییەک، بێ بەشە لە بەشداری پێکردنی سیاسی. ئەگەر بۆ لاوێکی فارس هێندێک مافی سەرەتایی بوونی هەبێت و لە لاوێکی غەیرەفارس کەمتر زیندانی بکرێ یان کەمتر بەرەوڕووی ئیعدام و لەسێدارەدان ببێتەوە. ئەوا خودی کورد بوونی لاوێکی نێشتمانەکەمان لای کۆماری ئیسلامی تاوانە و بۆی نیە داوای مافەکانی بکات.

 هەر لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئازادیە سەرەتاییەکانەوە بگرە هەتا هەر بابەتكی دیکە جیاوازی دینی و نەتەوەیی پێوەری سەرەکییە.

بەڵام لایەنە باشەکانی تاکی کورد و لاوانی کوردستان و جیاوازییەکانیان. بە بوێرییەوە دەکرێ بڵێم لاوی کورد زیاتر ئاشنایە بە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەوەش بەهۆی بوونی ڕێکخراوە و حیزبە کوردییەکان و دانی ئاگاییە بە تاکی کورد لە لایەن ئەو حیزب و ڕێکخراوانەوە. لاوێکی کورد لێکدانەوە و شعوری سیاسی زۆر زیاتر لە لاوێکی نەتەوەی بالادەست و تەنانەت مابەقی نەتەوە بندەستەکانی دیکەش هەیە. لە رووی ئاگایی و بەرەوپیشچووندا و تەنانەت هاتنە ناو گەمە سیاسی و جڤاکییەکانەوە لە سایەی ئەحزابی سیاسییەکانەوە کورد کۆمەڵگای کوردستان زۆر لە پیشترە، کە هەر ئەوەش وایکردووە زۆر زیاتر لە مابەقی نەتەوەکانی دیکە بەرەوڕووی زیندانی و ئەشکەنجە و بەربڵاوتر کردنی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەپێدانیان لە نێو تاکی کورد و بە تایبەت لاوانی کورد لە لایەن دژبەرانی ئازادی و دێموکراسی واتە کۆماری ئیسلامی ئێران و دەست و پێوەندییەکانیانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت. هەر ئەوەی کە ئێمە گەلێکی خەباتکار و ئازادی خواز و دادپەروەر و یەکسانی خوازین، دەڵێن کوردین و شانازی بە کوردبوون و کوردستانی بوونەمانەوە  دەکەین و زۆر جیاوازیمان لەگەڵ گەلانی دەورووبەرمان، هەیە.

ڕاوێژ: کاک جەلال کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی کوردستان چ دەرفەتێکی داوە بە لاوان؟ دەور و پێگەی لاوان لە کوردستان چۆن شرۆڤه دەکەن ؟

ڕەوانگەرد: هاوڕێیانی ئازیز لێرە باس کردن لە دەور و دەرفەت پێدانی کۆمەڵگای کوردستان بە لاوەکانی نیە، بەڵام ئەوەی کە بە ڕاشکاوی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە کە لە کوردستاندا لاوان چ لە کۆمەڵگا و چ لە بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگا و چ لە ڕۆڵگێڕان لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگادا ڕۆڵێکی یەکجار بەرچاویان هەیە. توێژی لاو یەکێک لە کاریگەرترین توێژەکانی کۆمەڵگای کوردییە. تاکی کورد بە ئومێدەوە دەڕوانێتە توێژی لاو.  هیوای کۆمەڵگای کوردستان لە راستای گۆڕانی نیزامی سیاسی لە ئێراندا بە لاوەکانیەتی و بەشداری لاوان لە خەباتی نەتەوەیی و مافخوازی کوردستاندا وڵامێکە بۆ پرسیارەکەی بەڕێزتان.

لەگەڵ ئەوەیدا کە لاوی کورد ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت هەر بۆیە لە لایەن نەیارانی نەتەوەکەمان و دژبەرانی ئازادی بەرەوڕووی دەیان گرفت و کێشە  دەبنەوە و گەشە پێدانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگای کوردستان و توێژی لاوی کورد و رۆژانە زیندانی و ئەشکەنجە و لەسێدارە دانی لاوی کورد  گەواهی ڕۆڵگێڕانی توێژی لاوی کوردستانە.

ڕاوێژ: لەبارەی خۆکوژیی لاوانی کورد بەتایبەتی کچانەوە چ روانگەیەکتان هەیە؟

ڕەوانگەرد: بێ گومان بەربلاوتر کردنی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان. نامۆ بوونی تاکەکان بە خودی خۆیان و نەبوونی ئەمنیەت و ئاسایش هۆکار گەلێکن بۆ هەمان دیاردەی خۆ کوژی کە وەک خۆشی جۆرێک نەخۆشییە و ئەگەر لە کۆمەڵگایەکی تەندرووست بووینایە، دەکرا هەنگاو بۆ کەم کردنەوەی بنرێت و تاکەکان زیاتر ئاگاه بکرێنەوە و ئەو ئاسایشە رۆحی و کۆمەڵایەتییەیان بوایە ناچار بە خۆ کوژی نەبوونایە . کچ بوون و ڕەگەزی مێ لە ئێراندا تاوانێکی زیاتر لە کورد بوونە ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی خۆکوژی لە ناو کچانە.

ڕاوێژ: هاوڕێیەکی ژووری ڕاوێژ دەڵێ: من پێم وایە کاک جەلال لە هەندێ بابەتی باسی لاوانی کورد هەندێ زێدەڕۆییان کرد. پێم وایە کاتێک دەڵێین لاوی کورد هوشیارترە لە چاو لاوەکانی میللەتەکانی تری ئێران، دەبێ هۆکارێک هەبێ، ئایا کۆمەڵە مەدەنییەکانی لاوانی کورد زیاترن؟ ئایا ژمارەی خوێندکارانی لاوی کورد زیاترن؟ ئایا ژمارەی ڕۆژنامەنووس و نووسەر و داهێنەرو .ت..تاد، لە ناو لاوانی کورد زۆرتر؟. بێ وەڵام دانەوە بەم پرسیارانە و پشت بەستنی تەنیا بە ژمارەی زیندانیانی کورد لەوانەیە هەڵەیەک بێت. ئەگەر وابیر کەینەوە لەوانەیە بە پێویستی نەزانین کاریش بکەین. بۆ نموونە سەرنج بدەین بزانین کاتێ کتێبێکی کوردی دێتە بازاڕ ، چەن لاوی کورد ئەیخوێنێتەوە. (بە ڕووی تیراژی کتێبەکەوە)

ڕەوانگەرد: بێ گومان زێدەڕۆیی نەکراوە، بەڵام جیاوازی هەیە کە هۆکارەکانیشی باس کراوە. ئەو هوشیارییە، باس لە ڕێژەی خوێندکار و توێژەر نیە ئەگەر بە وردی باسی بکەین ئیمکانی توێژینەوەی زانستی لە کۆمەڵگای کوردستان بۆخزمەت کردن بە لاڕێدا دەبردرێت، دەرفەتی خوێندن و هەنگاو نان بۆ بەرەو پیش وەچوونی کۆمەڵکا و تاکەکانیش زەوت کراون. مەبەست لە ئاگایی شعوری سیاسی و تێگەیشتن و ئازادیخوازییانە کە پێم وایە و دڵنیاشم کە لە بەراورد کردندا لاوانی کورد زۆر لە پێشترن، بۆیە شانازییە بۆم لاوی کوردم و کوردستانیم.

ڕاوێــژ: کاک جەلال دەکرێ لەسەر یەکیەتی لاوان زیاتر بۆ هاوڕێیانمان باس بفەرموون، یان بە شێوەیکی دیکە بڵێین، یەکیەتیی لاوان بۆ هاوڕێیان زیاتر شی بکەنەوە؟

ڕەوانگەرد:   یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران وەكوو یەكێك لە دەسكەوتە مۆدێڕنەكانی كۆماری كوردستان و دینامیزمی پێكهینانی گۆڕانکاری لە كۆمەڵگای كوردستاندا لە ٣٠ ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە كەش و هەوای ئازاد و دێموكراتیكی كۆماری كوردستان لە شاری مەهاباد دامەزرا و چالاكییەكانی خۆی لە ژێر ناوی “یەكیەتیی جەوانانی دێموكراتی كوردستان” دەست پێكرد. ئەو ڕێكخراوەیە كە تایبەت بوو بە توێژی لاوان، وەكوو یەكەم ڕێکخراوی تایبەت بە لاوان لە ئاستی چوارپارچەی کوردستان هاتە نێو كۆمەڵگای كوردی.

یەكیەتیی لاوان بە پشت بەستن بەم بەرنامەو پێڕەوە دێموكراتیك و سەردمیانەی خۆی، خەبات بۆ سڕینەوەی هەرچەشنە كولتورێكی چەق بەستوو دەکا و لە پێناو دێموكراتیزەكردنی كولتووری كوردی درێژە بە تێکۆسانی خۆی دەدات و باوەڕی بە ئازادی بیروڕا و دەرفەتی یەكسان لە نێوان هەموو تاكەكانی كۆمەڵگادا هەیە و پێی وایە دەبێ پێداویستی خۆشگوزەرانی و دەرفەتی كاری بۆ بڕەخسێندرێت‌ وبواری لەباری بە مەبەستی خوێندن بۆ ئامادە بكرێ، ڕێز لە بیرووباوەڕ و شێوەی بیركردنەوەكانی بگیردرێ‌ و داهاتووی ژیانی هیوا بەخش بێت.

٣٠ی رێبەندانی ئەمساڵ ٧٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی تایبەت بە لاوان تێپەر دەبێت و لە هەوڵدان  بۆخزمەت بە توێژی لاوی کورد، درێژە بە تێکۆشان دەدەین.

ڕاوێـژ: بە ڕای جەنابتان ئەرکی یەکیەتی لاوان لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟

ڕەوانگەرد: هەروەک لە پێشتر ئاماژەم پێدا بۆ باشتر و زووتر وڵام دانەوەی ئێوەی خۆشەویست هەوڵ دەدەم ئەو پرسیارانە کە لە بەرنامەی یەکیەتی لاوان دا هاتووە  بیخەمە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست و سەرنجێکی پێویست بوو پێیەوە زیاد دەکەم. بەشێک لە ئامانجە گشتییەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بریتین لە:

١. هەوڵدان بۆ پێكهێنان و جێگر كردنی كۆمەڵگایەك لەسەر بنەماكانی دێموكراسی و هەروەها ئەو بنەمایانەی سۆسیالیزم، كە لە گەڵ دێموكراسی و فرەیی و مافەكانی مرۆڤ دەگونجێن، لە پێناو ژیانێكی گوونجاو بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا.

٢. پشتیوانی كردن لە گەیشتن بە حكوومەتێكی دێموكرتیكی فیدراڵ و  سێكولار و پلۆرالیستی.

٣. پتەوكردنی هاوكاری و پەیوەندی لەگەڵ لاوانی نەتەوەكانی دیكەی ئێران كە باوەڕیان بە مافی نەتەوایەتی گەلان لەو وڵاتەدا هەیە، لە پێناو دروست كردنی كۆمەڵگایەكی ئازاد و دێموكراتیك.

٤. تێكۆشان بۆ دەستەبەر كردنی كەرەستەی زانیاری و تێكنۆلۆژیای سەردەم، بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵ.

٥. هەوڵدان بۆ رەخساندنی دەرفەتی كار و خۆپێگەیاندنی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵ لە لایەن دەسەلات.

٦. گوشار خستنە سەر دەسەڵات، لە پێناو دابەشكردنی داهاتی سەرجەم سەرچاوە سروشتیەكان و داهاتی وڵات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، بۆ نەهێشتی هەژاری.

٧. پشتیوانی كردن لە چین و توێژە سێنفییە دێموكراتیكەكانی كۆمەڵگا، تا لە رێگەی ڕێکخراو و رێكخستنی تایبەت بە خۆیان ویست و داخوازەكانیان، بێننە دیی.

٨. لەقاودان و بەربەرەكانێ‌ لە گەڵ هەرجۆرە سیاسەتێكی كۆنەپەرستانە و نەشیاو لە گەڵ سەردەم، كە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكان، پشت گوێ‌ بخا و ببێتە هۆی هەڵاواردنی مرۆڤەكان.

٩. هەوڵدان بۆ چەسپاندنی یاساسەروەری و پشتیوانی كردن لە پەرەپێدانی فەرهەنگی دیالۆگ و پێكەوە سازان، لە كۆمەڵگادا.

١٠ . هەوڵدان بۆ بنیادنانی كۆمەڵگایەكی مرۆڤ ساڵار و  نەهێشتنی هەڵاواردن لە نێوان كچ و كوڕ لە كۆمەڵگادا .

ڕاوێژ: یەکیەتی لاوان تا چ ئاستێک تووانیویەتی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی لاوانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران پیوەندی بگرێ و هاوکارییان لە نێواندا هەبێت؟

ڕەوانگەرد: بەداخەوە لەو بوارە دا کەموکوڕیمان هەبووە، هەرچەند لە کاناڵی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵەوە هەوڵ دراوە و و بۆ خۆشمان جار جار لە کۆڕ و دانیشتنە نێونەتەوەییەکان کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ لاوانی ئەو نەتەوانە بووە ئەو پرسەمان هێناوەتە ئاراوە، بەڵام بە داخەوە لە نێو لاوانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی بەو شێوەی کە پێشتر لە خزمەتتاندا باسم کرد، زۆر لە دواترن و ئەوەی لە ئاستی سەرتاسەریش هەیە لە ئێران سازمان جوانان ایران ـە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆماری ئێسلامی دایە و ڕێکخراوەیەکی دیکەش، “جوانان کومونیست ایران”ـە کە ئەوانیش کە زۆر گشتگیر  نین و پرسی نەتەوەکانیان زۆر لا گرینگ نیە، بەڵام پلانمان هەیە تا لە هەر دەرفەتێکی گونجاو ئەوەی ئیمکانی هەبێت هەنگاوی بۆ بنێین، چونکە لەو باوەڕە داین وەک تاکێکی دێموکرات، سەرجەم  نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران بە هاوخەبات و شەریکی داهاتوو و ئێستای خەبات بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دەزانین، بۆیە هەرچەند لە ناو نەتەوەی کورددا خەبات وەپێش بکەوێ پێویستیمان بەهاوخەباتی ماباقی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی و بەرەو پێشوەچوونی خەباتی ئەوانیش هەیە کە گشتگیر و هەمەلایەنە بەرامبەر سیستمە دواکەوتووەکان و دژبەرانی دێموکراسی، خەبات بکەین .

ڕاوێژ: لەگەڵ ڕێکخراوەکان تری لاوانی چوار پارچەی کوردستان بەتایبەتی ڕێکخراوە ڕۆژهەڵاتیەکان چ پەیوەندی و هاوکارییەکتان هەیە؟

ڕەوانگەرد: لەو پێوەندییەدا بە خۆشییەوە دەتوانم بێژم زۆر لە پێشین و لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوەکانی لاوان چ لە ئاستی ڕۆژهەڵات و چ چوارپارچەی کوردستان پێوەندی و دۆستایەتی و زۆر جاریش لەگەڵ زۆر لایەنیاندا لە ئاستی هاوپەیمانی و چالاکی هاوبەش، هەنگاوی زۆر باشمان ناوە و دۆستایەتییەکی زۆر نزیکمان هەیە.

ڕاوێژ: هەر دوو ساڵ جارێک کۆنفرانسی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات دەگیردرێت و دوو ساڵ پێش کۆنفرانس یەکەمی لاوانی ڕۆژهەڵات گیردرا. بەرنامەتان بۆ کۆنفرانسەکانی داهاتووی لاوانی ڕۆژهەڵات چییە؟

ڕەوانگەرد: لە پێوەندی بە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، ساڵانێکە بە خۆشییەوە لە نێو ئەحزابی دیکەی ڕۆژهەڵاتیدا ڕێکخراوەی تایبەت بە لاوانیان هەیە و نزیک بە ٣ ساڵ لەمەو پیش لێژنەیەکمان پێک هێناوە بە بەشداری سەرجەم لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوی “لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات”، پاش ئەو لێژنەیە کارمان بۆ ئەوە کرد کە بتوانین لایەنەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە شوێنێک یان کۆڕ و کۆنفرانسێک کۆ بکەینەوە کە بە خۆشییەوە ٢ ساڵ پێش یەکەم کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵات بە دروشمی “یەکریزی لاوان، بەرەو داهاتوویەکی گەش”مان بەست، هەر لەوێدا بڕیار درا هەر ٢ ساڵ جارێک ئەو کۆنفرانسە درێژەی هەبێت و لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتیش مەشروعیەتی پێدرا و بە دوای ئەوەدا تا بە ئیستاش ئەو لێژنەیە لە هەماهەنگی و بەرنامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات درێژە بە چالاکی دەدەن. لە دوایین دانیشتنی لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات  پرسی دووهەم کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵات باسکراوە و چالاکی هاوبەشی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات تاوتوێ کراوە و لە پلان دایە لە ماوەی داهاتوودا هەوڵ بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سمینار و کۆنفرانسانە بدرێت.

ڕاوێــژ: کۆنفرانسی لاوانی چوارپارچە چی؟ تا ئێستا لە ساڵانی رابردوودا سێ کۆنفرانسی لاوانی چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچووە و  بڕیار بوو چوارم کۆنفراسی لاوانی چوار پارچە ساڵی پێشوو بەڕێوە بچێت و لەلایان ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵاتەوە سەرپەرەستی بکرێ چۆن بوو نەگیرا؟ ئایا بەرنامەتان هەیە بۆ کۆنفرانسی نەتەوەی لاوانی چوار پارچەی کوردستان؟

ڕەوانگەرد: ئەگەر باس لەو کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچە بکەین، بە خۆشییەوە توانیویەتی دەورێکی باش لە نزیک کردنەوە و ئاشنا کردنی ڕێکخراوەکانی لاوان لە ئاستی چوارپارچەی کوردستاندا بگێڕێت. لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە هەر ساڵەو کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان بە دروشمی لە پێناو یەک گوتاری نەتەوەیی لاوانی کورد هەر جارە لە لایەن پارچەیەکی کوردستان دەکرا. بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٤ کە لە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بوو بە هۆی زاڵ بوونی هێژموونی لایەنێک بووە هۆکار بۆ کەرتبوونی ئەو کۆنفرانسە و لە ئەنجامدا لە دوو شوێنی جیاواز بەڕیوە چوو. لە هەر دوو کۆنفرانس بڕیار وابوو کە کۆنفرانسی چوارەم ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەلات سەرپەرەشتی بکەن. ئێمەش لە لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات یەک گوتار و یەک دەنگ بڕیاری یەک کۆنفرانس کردنەوەیمان دا و بڕیار ئەوە بوو کە بە هیچ شێوەیەک نابێ هیچ حیزب و لایەنێک هێژموونی خۆی بەسەر کۆڕ و کۆنفرانسە نەتەوەییەکان چ لە ئاستی پارچەیەک و چ چوارپارچە زاڵ بکا. ساڵی پێشوو هەوڵی زۆرماندا کە چوارەم کۆنفرانس بکرێ و چەندین دیدار و سمینارمان بۆ کرد کە هەوڵ بدەین وەک لێژنەی ڕۆژهەڵات سەرجەم پارچەکانی دیکە، یەک گوتار و هاوهەڵویست بکەین بەڵام ئەقڵیەتی هێژمونی خوازی و دژ بە پرنسیپە نەتەوەییەکان، ئیزنی یەک کۆنفرانسی بە لایەنەکانی یەکگوتاری لاوانی ڕۆژهەڵات نەدا. بۆیە سەرجەم لایەنەکانی ڕۆژهەلات ساخ بووینەوە بۆ ماوەیەک ئەو کونفرانسە ڕابگیردرێت و دەرەنجامی هەوڵەکان و هۆکاری پەکخستی کۆنفرانس بە ڕاگەیەندراوێک بە شێوەی ڕوون و بە ئاشکرا باس لە هۆکار و کەموکوڕییەکانی بکەین. ئەوە بوو ساڵی پێشوو ڕاگەیەندراوێکشێمان لەو پێوەندییەدا بڵاو کردەوە کە بەداخەوە لایەنێکی ڕۆژهەڵاتیش هاوئاراستەی بەرەی هێژموونیخواز بوو و ئەویش دژ بە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات هەڵویستی گرت، بەڵام وەک بڕیار و ئەوەی لە لێژنەی هاوئاهەنگی ڕۆژهەڵات باسی لێوە کراوە، بە دوای دووهەم کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵاتدا هەوڵ بۆ ئامادە کاری ئەو کۆنفراسە دەکرێ و بە لەبەرچاو  گرتنی هەلومەرجی سیاسی و وەزعیەتی لایەنەکانی چوارپارچە ئەگەر لەبار بوو یەکدەنگ و یەک گوتار، یەک کۆنفرانس بکرێ ئەوا هەنگاوی بۆ دەنێین بەڵام هیچ کات وەک ڕۆژهەڵات، ئیزنی زاڵ بوونی هێژمونی هیچ لایەنێک نادەین و تاکوو سەرجەم لایەنەکانی چوار پارچە وەک رۆژەهەڵات یەک لێژنەیی نەبنەوە،  کۆنفرانس ڕادەگرین، هەر وەک چۆن تا ئیستە بەڕێوە نەچووە . هەنگاوەکانی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی درووشمی کۆنفرانس، هەوڵدان بۆ یەک گوتاری نەتەوەیی لاوانی کورد لەسەرەوەی هەموو بەرژەوەندی و خواستێکە و تا ئەو کاتە چارەنووسی کۆنفرانسی چوارپارچە دیار نیە.

ڕاوێژ: ئێوە وەکوو ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات چیتان کردووە بۆ لاوانی ئەو بەشە لە نیشتمانی داگیرکراو؟  بۆ نموونە لە هەمبەر ماددە هۆشبەرەکانەوە چیتان کردووە؟

ڕەوانگەرد: لەو پێوەندییەدا تا ئیستە چەندین سمینار کراوە نەک هەر لەسەر مادەی هۆشبەر بەڵکوو سەرجەم دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و لە ماوەی داهاتووشدا سمینارێکی دیکەی هاوبەشی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتمان بە دەستەوەیە و لە هەمان کاتدا لە تی ڤی یەکانیش زۆر بەرنامەی تایبەت بە لاوان هەبووە کە تێیاندا هەوڵ بۆ رێنمایی و گەیاندنی زانیاری لەو پێوەندییانەدا دراوە. دەکرێ بڵێین بە گوێرەی دڵخواز نەبوەە و کەموکوڕیشی هەبووە و وەک ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە توێژی لاو  ئەرکی سەرەکیمانە بەرامبەر سەرجەم پرسەکانی بەرەوڕووی لاوان دەبێتەوە هەنگاوی جیددی تری بۆ بنێین و کاری زیاتری لە سەر بکرێت بەڵام کەموکوڕیش هەبووە لەو بوارەوە و هەوڵێش دراوە و هەر بەردەوامیش دەبین لە هەنگاو نان بۆ چارەسەر کردن و بینینەوەی رێکاری بەرەنگاربوونەوەی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

ڕاوێژ: بەڕێزتان بەشداری و رۆڵی یەکیەتیی لاوان لە ڕێکخراو و ناوەندە جیهانیەکان چۆن دەبینن و دەستکەوتەکانی چین؟

ڕەوانگەرد: لەو پێوەندییەشدا یەکیەتی لاوان هەنگاوی زۆری هەڵگرتوە و خوازیاری یەکگوتاری لاوانی کوردیش بووە لە ئاستی جیهانیدا. هەر ئەندام بوونی یەکیەتیی لاوان وەک یەکەم ڕێکخراوی کورد لە رێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستی لاوان و دواتر لاوانی یەکیەتی لە باشوور  کە زۆر جار لە کۆڕ و کۆنفرانس و کۆنگرە جیهانییەکاندا بەشداری دەکەین، هەوڵ دراوە وەک لاوی کورد و لە چوارچێوەی خواستی لاوانی کورد لە هەمبەر پرس و خواستەکانی لاوان هەنگاو هەڵبگرین، بەڵام ئەمەش بە گوێرەی دڵخواز نەبووە بۆ ئێمە و لە چەندین کاناڵی دیکە و کۆڕ  و کۆنفرانس لە ئاستی جیهانی کە نوێنەرانی یەکیەتیی لاوان بەشدار بوون بە هیچ شێوەیەک ڕوانگەی تاک ڕێکخراوەیی لەو کۆڕ  و کۆنفرانسە جیهانییانەدا زاڵ نابێ و هەردەم خواستی نەتەوەیی و لاوانی کورد لە سەرەوەی هەموو ڕوانگەیەکەوە دانراوە.

مانگی داهاتوو کۆنگرەیەکی دیکەی جیهانی IUSY دەبەسرێت و هەر دوو ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان (دێموکرات) و ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان (یەکێتی) بەشدارین و هەوڵمان داوە سەرنجی زۆر لایەنی دیکە وەربگرین لەمەڕ پرسی لاوی کورد بە یەک گوتار بەشدار بین و لە دەرەنجامی ئەو کۆنگرەیەش لە بڕیارنامەی کۆتاییەکەیدا لەهەمبەر پرسی لاوانی کورد بە تایبەت لە ئێراندا چەند خاڵێکی بۆ تەرخان بکرێت، لە کۆبوونەوەی لێژنەی ڕۆژهەڵات، نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاوڕێکی لە کۆنگرەی داهاتووی IUSY کە تەنیا ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی ئەندام لەو ڕێکخراوەیە دایەوە و داوای لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات کرد لە هەمبەر پرس و بابەتەکانی تایبەت بە لاوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یەک هەڵویست و یەک گوتار ئامادەین نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنەکان بکەین و داخوازی و خواستی لاوانی ڕۆژهەڵات لەسەرەوەی خواستی ڕێکخراوەییمان دەبێت.

ڕاوێــــــــژ: یەکیەتی لاوان دوو جار لە کۆنگرە نێودەوڵەتیەکاندا بەشدار بووە ئایا بەرنامەتان چییە بۆ کۆنگرەکانی داهاتووی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان؟

ڕەوانگەرد: هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا بەرنامەی ئێمە تەنیا هەنگاونان لە ڕاستای خواستی لاوی کورد و ناساندنی پرسی نەتەوەیی و داخوازییەکانی لاوانە و ڕاکێشانی سەرنجی دونیای دەرەوە و ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ پرسی لاوان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات و خەبات لەگەڵ رێژیمی دژبەری ئازادی و دێموکراسی کۆماری ئیسلامی ئێران

ڕاوێژ: ئایا یەکیەتی لاوان ڕێکخراوێکە لە ژێر چەتری حیزبی دێموکراتدا و سەربەخۆیی بڕیاردانی نییە یا ڕێکخراوێکی سەربەخۆوە ؟!

ڕەوانگەرد: یەکیەتیی لاوان، ڕێکخراوەیەکە لە سایەی حیزبی دێموکراتدا، بەڵام لە چوارچێوەی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاری ڕێکخراوەییدا سەربەخۆیە. بۆ نموونە تا ئیستە نەبووە سەرجەم ئەحزابەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کۆڕ  و کۆنفرانسێکدا کۆ ببنەوە بەڵام ئێمە وەک یەکیەتیی لاوان دامەزرێنەری لێژنەی ڕۆژهەڵات و کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵات و سەرقاڵی بەڕێوەبردنی زۆر پڕۆژە و بەرنامەین و هیچ کات حیزبی دێموکراتیش بە جێگەی ئێمە بڕیاری نەداوە و نادات. لەناو حیزبێکی دێموکراتین کەوابوو ئەو لایەنەش باوەڕی بە سەربەخۆیی بڕیاردانی ئورگانەکانی و ڕێکخراوەکانی هەیە. رێکخراوەکانی سایەی حیزبی دێموکرات بۆ خۆیان کۆنگرە و بەرنامە و پەیڕەو و دەستەی بەڕێوەبەرییان هەیە و لە پێوەندی بە کاری رێکخراوەیی تایبەت بە چوارچێوەی ئەو توێژەی کە نوێنەرایەتی دەکەن ، حیزبی دێموکرات بڕیاریان بۆ بدات بەڵکوو رێکخراوەکە بۆخۆی بڕیاراتی رێکخراوەکەی دەدات .

ڕاوێژ: پارەکە لاوانی پەکەکە دەیانویست کۆنفرانسێکی لاوان لە تەواو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەڕێوە ببەن و بە گوێڕەی بڕێ زانیاری لەگەڵ ئێوە کۆبوونەیەکیان لە بنکەی سەرەکیی یەکیەتیی لاوان پێکهێنا. ئەو کۆبوونەوەیە بە کوێ گەییشت و چی بوو کە ئەو کۆنفرانسە نەگیرا و بە گشتی ڕای ئێوە لەبارەی ئەو کۆنفرانسەوە چی بوو؟

ڕەوانگەرد: ئەو پرسە، پێم خۆش نیە لەم وتوێژەدا بیورووژێنین بەڵام لەبەر ئازادبوونی بابەتەکە و بە جۆرێک پەیوەست بوونی بە پرسی کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوارپارچەی کوردستان، بە شێوەیەکی گشتی روونکردنەوەیەکی ئەو بابەتە دەخەینە بەر دیدی خوێنەرانی خۆشەویست.

ساڵی پێشووی هەتاوی پرسی کۆنفرانسی لاوانی چوارپارچە کەوتە رۆژەڤەوە و ئەرکی سەرپەرەشتی کردنی لە ئەستۆی لاوانی رۆژهەڵات بوو، بە داخەوە پاش هەموو هەوڵی یەکدەنگی لاوانی رۆژهەڵات، چەند لایەنێک کە خواستیان زاڵکردنی هێژموونی خۆیان بەسەر کۆنفرانس بوو، ئیزنیان پێنەدرا. پاش ئەوە لایەنی لاوانی پەکەکە بیریان لە پرسێکی دیکە بۆ وڵامێک بەو کۆنفرانسە و دروست کردنی کۆنفرانسێکی دیکە لە دەرەوەی لایەنی نەتەوەیی بە جۆرێک کەمرەنگ کردنەوەی پرسی نەتەوەیی لای لاوی کرد، باسی کۆنفرانسێکیان هێنا گۆڕێ بەناوی کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

ئێمە وەک لایەنەکانی رۆژهەڵات ئەو پرسەمان لە لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات خستە بەرباس ، بە تێکڕا رەد کرایەوە . ئەمە لە کاتێکدا بوو خودی لایەنی پەکەکە هەموو شتیان لای خۆیان بڕیبوەوە و تەنیا داواکارییان لە ئێمە بەشداربوون بوو و هیچی دیکە نەک بە هاوبەشی یا وەک پرسی کۆنفرانسی چوارپارچە هەرکام لە پارچەکان لیژنەی رێکخراوەکانی خۆیان هەبێت.

ئەو بابەتە لای لایەنەکانی رۆژهەلات بە تەواوی دژایەتی کردن بوو لەگەڵ پرسی کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچە و رەد کرایەوە و بە هیچ شێوەیەک ئامادەی بەشدار وەها کۆڕ و کۆنفرانسێک نەبووین و ناکەین کە رۆڵی لایەنی رۆژهەڵاتی تێیدا دیار نەبێت.

کۆنفرانسەکە گیرا و تەنیا لایەنەکانی پەکەکە و یەک دوو لایەنی نزیک لە پەکەکە بەشدارییان تێدا کردبوو   و بە تێکڕای لایەنەکانی هەرچوارپارچە لە دەرەوەی پەکەکە بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبوون  و  بۆ دارشتنەوەی پرسیارەکەی بەڕێزیشتان دەکرێ  بڵێین کۆنفرانسێک پەکەکە بۆ لایەنەکانی ناوخۆیی خۆی گرت و هیچی دیکە.

بۆ زانیاری و ئاگادار ئێوەی بەڕێز  کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچەی کوردستان کە لایەنەکانی رۆژهەڵات سەرپەرەشتی دەکەن تاکوو هێژموونی خوازی هەر لایەنێک کە خوازیاری سپاندن بێ  وەلا نەنرێ و  قەبووڵ کردنی پلۆڕالیزم و فرەیی لە نێو هەرکام لە پارچەکان نەبێتە واقعی سیاسی، ئێمە وەک لایەنەکانی رۆژهەڵات ئیزنی بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفرانسە نادەین و هەموو هەوڵی خۆشمان ئەدەین بۆ ئەوەی هەموو لایەنێکی نەتەوەخواز و باوەڕمەند بە پرسی نەتەوەیی کورد و یەک گوتار کردنی لاوانی کورد، لە کۆنفرانسەکان لە ئاستی رۆژهەڵاتو چوارپارچە بەشدار بن .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.