شتی سەیرو سەمەرە دەبیسین و دەبینین

0
1083
عارف باوەجانی

لە پاش ئاشکرابوونی ئاکامی ڕاپرسییەکەی باشوری کوردستان، کە ٩٢،٧  دەنگەکان بە بەڵێ بوو. بوو بە هەواڵی سەرتاسەری ڕاگەیاندنەکانی جیهان،  تەواوی وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد.بە گشتی دەنگدانەوەیەکی گرنگی لە ئاست جیهاندا هەبوو.
دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان، لە جاران زیاتر کەوتنە جموجٶل و پلانگێری بە دژی کورد، هەروەک دەیانساڵەی پێشوویان کە چەندین هاوپەیمانییان بە دژی کورد بەڕێوەبردووە. ئیستاش لە هزری گەلەکۆمەیەکن بە دژ ئەو دەستکەوتەی باشووری کوردستان. هەر لەو ماوەدا چەندین دیداری ٢ قۆڵی و ٣ قۆڵی لە تاران و ئەنکەرەو بەغدا بەڕێوە چووە، هەموویان هێزەکانی خۆیان هێاوەتە سەر سنوورەکانی کوردستان،  بە مەبەستی چاوترساندنی خەڵکی کوردستان خەریکی مانۆر لێدانن، کە تازەترینیان مانۆری سەربازی ڕۆژی ٢ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ی  هاوبەشی هێزەکانی شیعەی ئێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری قەسری شیرینی رۆژهەڵاتی کوردستان. لەو مانۆرەدا ڕاگەیاندنەکانی بەغدا و تاران بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە مەبەستیان هەرەشەکردن لە گەلی کورد و خاکی کوردستان.
کەچی بە داخەوەم ژمارەیەکی زۆر کەم  لە ڕاگەیاندن و کەسی کوردی وەک شێوەی پێشوازیکردن لەو هەنگاوانەی داگیرکەران  هەواڵەکە بە گەرم و گوری دەگوازننەوە، و سەرکردایەتی کوردی بەوە تاوانبار دەکەن، کە گوایا ئەگەر بریاری ڕێفراندۆمیان نەدابایە ئەوا ئەو هێزانە نەدەهاتنە سەر سنوورەکان و هەرەشەیان نەدەکرد. یا زۆرجار بە داخەوە گۆیم لە ئەندام پەرلەمانی کوردە لە کاناڵە عەربییەکان لە بەغدا پاکانە دەکات، و داوا لە دەسەڵاتی سیاسی ئێراقی بە سەرپەرەستی قاسم سلێمانی دەکات، کە سزای سیاسی و ئابوری کوردستان بدات، بۆ ئەوەی ملکەچی یاساکانی ئێراق بن. سەیرو سەمەرە لەوەدایە کە لەم ئانووساتەدا دوژمنان و داگیرکەرانمان کە پێشتر چەندە ناکۆک و ناتەبا بوون، ئیستا پێکەوە بە دژی کورد یەکیان گرتووەو  کاری هاوبەش دەکەن بۆ زەربەدان لە کوردستان و بیرۆکەی بەرەو دەوڵەتبوون. بەڵام بەداخەوە دەبینین  و هیندێک کەس و لایەن لەم کاتەدا پێچەوانەکەی هەڵس و کەوت دەکەن و گلێی و گازندەی چەندین ساڵ پێش دەهێننەوە ئاراوە. سەیرە لەوەدایە کە گوایا ئەم وڵاتانە پێشتر هەرگیز هەرەشە نەبوون لە سەر کوردستان و تەنیا پرسی ڕێفراندۆم هاری کردون؟. لەوەتی هێزی نگریسی سەربازی ئەم وڵاتانە هەبووەو هەیە هەمیشە بە سەر خاکی کوردستان تار تارێنیانە، و قوورسترین چەکیان بە سەر گەلی کوردا تاقیکردوەتەوە.
هەربۆیە پێویستە گەلی کورد بە تێکرا بیر لەوە بکاتەوە با یەکجار شەهید و قوربانی بدات لە پێناو سەربەخۆیی یەکجاری، نەک هەموو ساڵ کارەساتی هەمان شێوەمان لە سەر دووپات بێتەوە. ساڵانی ڕابوردوومان لە پێناو ئوتۆنۆمی و داخوازی بچووکترن بە سەدان هەزار کەسمان لێ شەهید و ئەنفال و جینۆسایدکران. بە هەزاران گۆرستانی بە کۆمەڵ شایەتی ئەم کارەساتانەن. گەلۆ ئیستا چۆنە لە پێناو سەربەخۆیی گەلەکەمان لەو بەشدا بە چاو سوورکردنەوەیەکی دەوروبەر هەموو کەوتوونەتە هات و هاوار، مەگەر هەر ئەم گەلە خۆراگرەنەبوو، کە هێزەکانی سەدامی بە چۆکدا هێابوو، لە بیرم دێت لە هەشتاکاندا لە باشوری کوردستان لە پاشنیوەروان لە ترس هێزی پۆڵاینی پێشمەرگە، لە لایە ڕێژیمی بەعسەوە  هاتووچۆی شارەکانی کوردستان قەدەغە دەکرا.
ئەم شێوە هەرەشەکردنەو ئاستەنگ دروستکردنە بۆ سەر فرۆکەخانەکانی کوردستان، باشتر بۆ جیهان ڕووندەبێتەوە کە گەلی کورد لەگەڵ چی ڕێژیمێکی دواکەوتووی و تایفەگەری و دژە ئازادی گیریانخواردوە. زیاتر بۆ جیهان ڕووندەبێتەوە کە ئەم گەلە ئەو هەموو ساڵە چیان چێشتووە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم داگیرکەرانەدا.
هەمووما ئەوە دەزانین کە لە ئیستادا گەلەکەمان، ئەو کوردی دەیانساڵ پێش نییە کە بێ پشت و پەنابێت، ڕاستە لە ئیستادا هیندێک وڵات لە بەر عورف و عادەتی دیپلوماتی نێونەتەوەیی، واخۆیان نیشاندەدەن کە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی ئێراقدان، بەڵام لە کاتی خۆراگری و داکۆکیکاری خەڵکی کوردستان لە پێناو داواکارییەکانیدا، بێگومان دەیان وڵاتی گرنگی جیهای لە  پشتوانی گەلەکەمانن، کە هەر ئیستا نۆێنەریان لە هەولێرەو ڕێنمایی سەرکردایەتی کورد دەکەن.
با لەم کاتەدا دژوارەی کە ڕووبەرووی کوردستان بووەتەوە واز لەو گلێێ و ناکۆکییە ناوخۆییانە بێنین. بۆ نموونە ئەوەی کە ٢ رۆژ پێش لە لە لایەن سوپای ئیسپانیا بە سەر کەتەولۆنییەکاندا هات، ئایا ڕووناکبیران و ڕاگەیاندنەکانی ئەوان وتیان هەڵەی سەرکردایەتیمان بووەو کە هێزەکانی ئیسپانیا وامان لێدەکەن؟ یا پێچەوانەکەی هەموو گۆێرایەڵی بریارەکانی سەرەوەی خۆیان دەکەن، و بەرەو مانگرتنێکی سەرتاسەری خۆیان ئامادە دەکەن.
هیوادارم هەموو لایەنەکانی کوردستان بە گشتی و باشوری کوردستان بە تایبەت پشت و پەنای یەکبن و لە سەر پرسی پاش ڕێفراندۆم کە سەربەخۆییە بێ کۆڵنەدان درێژەی پێبدەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.