شانامەی کوردی بەشێک لە ئاسەواری وێژەیی و کەلتوری جیهانه

0
1861

د،بێهروز چەمەنئارا

د،بێهروز چەمەنئارا

دکتۆر بێهروز چەمەنئارا دەرچووی زانستگای ئاگۆست گۆتینگن ئاڵمان لە لقی خوێندنەوەکانی ئێرانی کەونارا و کوردناسییە، جێگەی ئاماژەیە کە نامیلکەی دکتۆرای بەڕێز چەمەنئارا تایبەت بە شانامەی کوردی بووە و لە توێژەرە ناسراوەکانی ئەم بووارەیە.

دکتور چەمەنئارا لە بابەت شانامەی کوردی و شێوازی دەرکەوتن و سەرهەڵدانی دەڵێت: لە گەڵ پرۆسەی بەرهەم هاتن، لە گەڵ شێوازی بەرهەم هاتن، لە گەڵ باوەڕمەندییەکانی سەردەمی خۆی و … لە راستی دا شانامەی کوردی و شانامەی فردەوسی هەر دووکیان بەرهەم و ئەنجامی پرۆسەگەلێکی بەرهەم هاتنی جیاوازن، بەم روانگەوە کە شانامەی فردەوسی لە گێڕانەوەیەکی حکوومیەوە دێت و شانامەی کوردی لە گێڕانەوەیەکی ناحکوومییەوە. من لە توێژینەوەکانی خۆم بەو ئەنجامە گەیشتووم کە شانامەی کوردی گێڕانەوەیەکی رەسەن و گێڕانەوەیەکی سەربەخۆ بووە و هەیە. گێڕانەوەی بەرخۆدانی و پاڵەوانی ئێرانێکە کە لە دەڤەری زاگرۆس بەزیون و من پێی دەڵێم گێڕانەوەیەکی بەرخۆدانی و پاڵەوانی لە کوردستانی رۆژهەڵات.

وەرگێڕان و ئامادە کردن: هاشم عەلی وەیسی

هەڤپەیڤین لە گەڵ دکتۆر بهروز چەمەنئارا- سەبارەت بە شانامەی کوردی

پ: سڵاو و سپاس بۆ قبووڵ کردنی ئەم چاوپێکەوتنە، وەکوو یەکەمین پرسیار ئایا دەکرێت ناسنامە و شوناسێکی سەربەخۆ بۆ شانامەی کوردی دابنێین و بڵێین تەنیا پێوەندییەکی نێوان دەقی لە گەڵ شانامەی فردەوسی هەیە؟ یان نە، شوناسێکی سەربەخۆی نییە و بەس وەرگێڕانێک لە شانامەی فردەوسییە کە تەنیا کەم و زیاد کراوە؟

و:ئەگەر بمانەوێت هەڵسەنگاندنێک لە نێوان شانامەی کوردی و شانامەی فردەوسی بکەین، دەبێت سەرەتا چاوێک بە سەرچاوەکان دا بخشێنین و بزانین لە باسی سەرچاوەکانی شانامەی کوردی ئایا پەیوەندییەک لە گەڵ شانامەی فردەوسی ئەتوانین ببینینەوە یان شیمانەی ئەوەی کە لە گەڵ شانامە یان ئەو سەرچاوانەی کە پێش خودی فردەوسی لە ئارادا بووە. ئەوکات ئێمە کە بە شوێن ئەوەین کە پێوەندی دەقێک کە تازە ناسراوە لە گەڵ دەقێک کە دەیناسین بدۆزینەوە، دەبێ رەسەنایەتی دەقی سەرچاوەش(بۆ نموونە شانامەی فردەوسی) جارێک پێدا بچینەوە و هەڵیسەنگێنین و بزانین کە ئایا شانامەی فردەوسی خۆی سەرچاوە و ژێدەرێکە کە گێڕانەوەکانی دێکەی ئێران لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە، یان نە، شانامەی فردەوسی خۆی یەکێک لە بەرهەمەکان و گێڕانەوە بەرخۆدانی و پاڵەوانییەکانی ئێرانە؟! شانامەی فردەوسی خۆی لە راستی دا بەرهەمی پرۆسەیەکی دور و درێژە، هەوڵ و کۆششی مرۆڤگەلی جیاوازی فراوان لە سەردەمی سامانییەکان. پێش فردەوسیش ئێمە ئاگاداری ئەم جۆرە هەوڵ و کۆششانە بووگین. لانیکەم پێش فردەوسی 6 یان 7 شانامە بەم ناونیشانە دەست پێ دەکەن. چ بە شێوەی هۆنراوە چ بە شێوەی پەخشان کە بەهەر حاڵ بەشێکیان سەرکەوتوو بوون و بەشێکیشیان ناسەرکەوتوو و لە بەشێکیشی تەنیا ناوێک بۆ ئێمە بە جێ ماوە. لە راستی دا ئەو شتەی کە ئێمە وەکوو شانامەنووسی ناوی دەبەین، پێش فردەوسیش لە گۆڕێ دا بووە و گێڕانەوەگەلی جۆراجۆرن. شانامەی کوردیش تەنیا بەشێک لە گێڕانەوەکانی لە شانامەی فردەوسی دەچێت. بەڵام لە راستی دا لە شانامەی فردەوسی چوون یان جیاواز بوون لە گەڵ شانامەی فردەوسی مانادار نییە کە بێژین دەقی ئێمە رەسەنە یان ناڕەسەنە. لە راستی دا پێوەری ئێمە شانامەی فردەوسی نییە. پێوەری ئێمە کۆمەڵە گێڕانەوەیەکی بەرخۆدانی و پاڵەوانی ئێرانی جیاوازە کە فرە پێشتر لە فردەوسی دەستی پێکردوە و لە دوای فردەوسیش درێژەیان هەبووە. مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئەگەر بڕیارە بێژین شانامەی کوردی رەسەنایەتی هەیە یان نە، دەبێ چاو لێ بکەین و بزانین لە گەڵ گێڕانەوەکانی تر تا چ رادەیەک دووری و نزیکی هەیە. لە گەڵ پرۆسەی بەرهەم هاتن، لە گەڵ شێوازی بەرهەم هاتن، لە گەڵ باوەڕمەندییەکانی سەردەمی خۆی و … لە راستی دا شانامەی کوردی و شانامەی فردەوسی هەر دووکیان بەرهەم و ئەنجامی پرۆسەگەلێکی بەرهەم هاتنی جیاوازن، بەم روانگەوە کە شانامەی فردەوسی لە گێڕانەوەیەکی حکوومیەوە دێت و شانامەی کوردی لە گێڕانەوەیەکی ناحکوومییەوە. من لە توێژینەوەکانی خۆم بەو ئەنجامە گەیشتووم کە شانامەی کوردی گێڕانەوەیەکی رەسەن و گێڕانەوەیەکی سەربەخۆ بووە و هەیە. گێڕانەوەی بەرخۆدانی و پاڵەوانی ئێرانێکە کە لە دەڤەری زاگرۆس بەزیون و من پێی دەڵێم گێڕانەوەیەکی بەرخۆدانی و پاڵەوانی لە کوردستانی رۆژهەڵات

.

پ: لێرەدا چەند پرسیاری تر دێتە گۆڕێ. لە بەرچی شانامەی کوردی ئەوەندە درەنگ وتراوە یان نووسراوەتەوە؟ هەروەها زۆرکەس لە سەر ئەو باوەڕەن کە شانامەی کوردی لە لایەن ئەڵماسخان کەنوولەیی نووسراوەتەوە کە لە چاخی 11 و 12ی هەتاوی ژیاوە. ئایا خودی ئەڵماس خان ئەم شانامەیە نووسیوە؟ ئایا ئەم گێڕانەوانە لە کۆمەڵگەی کوردی بووە و ئەو تەنیا ئەم گێڕانەوانەی کۆ کردۆتەوە و هۆنیویەتیەوە؟

و: ئێمە دەبێ دوو وتەزا لێک جوێ بکەینەوە. یەکیان کۆمەڵگەی نویسا و نانویسا، ئەویتر کۆمەڵگەی خوێندەوار و نەخوێندەوار. لە ئینگیزی دوو ترمی جیاوازمان بۆ دەربڕینی ئەمانە هەیە 1 2… ئێمە سەر بە کۆمەڵگە خوێندەوار و نانویساکانین، واتا خوێندەواریمان هەیە بەڵام نانووسین. واتا شێوازی بەرهەم هێنانمان، شێوازی ترانزمیت(گوازتنەوە)-مان بۆ جیلی داهاتوو شێوازی زارەکییە. شێوازێک نییە کە ئێستا ئێمە هاتووین دەستمان بە کتێب نووسین کردوە بۆ منداڵەکانمان کە چۆن ژن بێنن، کتێبمان نووسیوە کە چۆن شین و شیوەن بگرن و بگێڕن… تەواوی ئەمانە لە قاڵب و قەوارەی کۆمەڵگەی زارەکی روویان داوە. کۆمەڵگە نانویساکان بۆ بەرهەم هێنان و گۆاستنەوەی زانیارییە کولتورییەکانی خۆی شێواز و چوارچێوەیەکی زۆر دوور و قورس و قایمیان هەیە کە بە شێوازێک من ئەگەر بەرهەمێکی کولتوریم هەیە، بمێنێتەوە و بە دەستی کەسان و جیلی پاش خۆم بگات. یەکەم- ئەڵماسخان- بوونی خۆی جێگەی گومانە و من بەراستی گومانم هەیە کە ئەم مرۆڤە بوونی هەبووە چونکوو لەو گێڕانەوەیەی کە لە دەستی ئێمە دایە ئێمە چەندین ئەڵماسخانمان هەیە لانیکەم سێ یان چوار کەس کە لە گەڵ یەکتر جیاوازن و بە گشتی لە بواری ئەدەبیاتی یارسان ناودار و ناسراون، یان بۆ نموونە لە ئەدەبیاتی ئەڤینداری و عاشقانە. و چیرۆکێکیش کە لە بارەی خودی ئەڵماسخانی کەنوولەیی دەوترێت کە سەرداری سپای نادرشا بووە و لە سەردەمی نادرشا بەشداری لە جەنگ کردوە و … سەرەتا جیا لەوەی کە خودی چیرۆکەکە ئەفسانەیەکە و ئێمە نموونەی ئەم جۆرە چیرۆکانەمان بۆ نووسەرانی دیکە لە ئەدبیاتی فارسی و دەڤەرە ناوەندییەکانی بانووی ئێران بە فراوانی هەیە و بەرهەم هاتووە بۆ ئەوەی پیشانی بدەن کە مرۆڤێک ناودار بووە و قسەیەکی کرد و کەسێک پەی بە هێز و دەسەڵاتی نەبرد و چوو… ئەمە لە بنەڕەتەوە شێوازێکە. پاشان ئێمە نموونەگەلی دەستنووسمان لە بەردەست دایە کە بۆ سەردەمی پێش ئەڵماس خان دەگەڕێنەوە(500ساڵە). واتا بە شێوەی لۆژیکی بەر لە ئەڵماسخان کەنوولەیی کە سەر بە سەردەمی نادرشا بووە ئێمە گێڕانەوەی شانامەمان هەیە ئەوەی کە ئێمە گێڕانەوەمان هەیە لانیکەم لە بواری نڤیساری تەواوی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی ئێمە دەباتە نێو قۆناغێکی دیکەوە. ئەوکات ئێمە دەبێ بە دوای رەسەنایەتی گێڕانەوە یان نموونە و… شانامەی کوردی درەنگ نەهۆنراوەتەوە بەڵکو درەنگ نووسراوەتەوە. دێر نووسینیشی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نانویسا لە قۆناغێکی تایبەتی لەوانەیە بوژانەوە و جمشتێکی کولتوری بێت، یان لەوانەیە بۆ تێم یان… گۆڕانی بە سەردا بێت، هەر بەو جۆرەی کە لە ئێران رووی داوە لە سەردەمی سەفەوییە بو بە نۆرمێک، کە زۆرێک لە شتەکان بنووسرێت وەکوو نموونە گێڕانەوەگەلی رەشۆکانە لە بواری ئایین نووسراوەتەوە. هەڵبەت مەبەستی من لە بواری رەشۆکیانە دایە و دەنا لە بواری دەسەڵاتداری بەردەوام لە هەر شوێنێک کە هێز و دەسەڵاتێک جێگیر بووە گێڕانەوەگەلێکیشیان بۆ نووسیوە و ئەمە مژارێکی زۆر باو و برەودارە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە گێڕانەوەگەلی دەسەڵاتتەوەر ئەوەندە لە نێو کۆمەڵگەدا جێگای خۆی ناکاتەوە. بۆ نموونە ئێمە لە شانامەی فردەوسی ئەگەر نموونەیەکمان هەیە، کەسانێک دەتوانن و توانای کڕینی شانامەی فردەوسیان هەیە کە یان زۆر زۆر دەوڵەمەندن یان زۆر بەهێز و پێگەدارن کە دانەیەکیان پێشکەش دەکرێت. خەڵکی ئێمە تا نیوەی سەدەی بیستەم هیچ کامەیان دانەیەک لە شانامەی فردەوسیان نەبینیوە کە بێژم شانامەی کوردی لە رووی ئەو نووسراوەتەوە. ئێمە لە سەدەی بیستەم تازە یەکەمین چاپی بەردین لە شانامەی فردەوسیمان هەیە کە ئەوەش لە هێند روو دەدات! بۆیە لەم بارەیەوە دەبێ بڵێم ئێمە تەنیا لە نووسین دا دواکەوتووین نە ئەوەی کە گێڕانەوەی ئێمە لە رووی گێڕانەوەی کەسێکی دیکە نووسرابێتەوە.

پ: بە رەچاو کردنی ئەوەی ئێوە پەرژانە سەری شیمانەی ئەوەی یەکێک لەو هۆکارانەی کە شانامەی کوردی دێر نووسراوەتەوە ئەوە بێت کە هیچ هیز و دەسەڵاتێک پاڵپشتی نەبووە. بە دەربڕینێکی تر خەڵکی بووە نەک گێڕانەوەی پاشا و دەسەڵاتداران. بۆ نموونە، ئێمە لە شانامەی کوردی “برزونامە”مان هەیە نە “کەیخسرەونامە” و … بە دەربڕینێکی تر کاراکتەرەکانی شانامەی کوردی زۆرتر پاڵەوانی و خەڵکین تا ئەوەی کە حکوومەتی و پاشایەتی بێت؟

و:بێگوان ژێرخانگەلی فیکری، هۆکار و پاڵنەرێک بۆ بەرهەم هێنانن. ئێمە تەنانەت پێش فردەوسی “حەلقەی سیستانی”یمان هەیە کە زۆر بەهێزتر و جێکەوتووترە. بەراستی کاریگەری فرە و مانادارێکیشی لە سەر شانامەی فردەوسی هەبووە. بۆ نموونە چیرۆکی روستەم چیرۆکێکە کە لە حەڵقەی سیستانییەوە هاتووە. ئێمە تا ئێستا لە حەڵقەی سیستانی یانزە گێڕانەوەمان هەیە: برزونامە، شەهریارنامە، بانووگەشتنامە، سامنامە و… کە بە جیاوازییەکی زۆر کەم و نزیکیەکی زەمەنی زۆر کەم لە گەڵ شانامەی فردەوسی بەرهەم هاتووە… بەو چەشنەی کە ئێمە لە جیهانی مۆدێڕن لێیان تێدەگەین یان پۆلێنبەندیان دەکەین و بەشێک لەوانە بە دانسقە و شازتر دەزانین و بەشێک لەوانەمان لە بیر بردوە و دەڵێین ئەمانە زۆر ناورۆکدارتر نین و لاسایی کردنەوەیە یان کەمبایەخن و … ئەم روانگەیە، روانگەیەکی خۆییانە نییە، ئەم بیردۆزی و ئەم روانگەیە لە نێو ئێران بەرهەم نەهاتووە. ئەم بیردۆزییە، بیردۆزییەکی رۆمانیاییە. تیۆرییەکی لاتینییە کە لە ئاڵمان بەرهەم هاتووە کە پێوەندییەکی توند و تۆڵی لە گەڵ ناسیۆنالیزم هەیە و روانگەیەکی زمانناسانەی لەسەر ئەو هەیە… ئەو سیستەمەی کە خۆیان بۆ دنیای لاتین لە بەرچاویان گرتووە کە یەک بنچینەیان هەیە!… بۆ ئیمپراتۆری پیرۆزی ژرمەنی تاقە بنچینەیەکی لاتینیان داناوە و لە دوای ئەوە دەستیان کردوە بە نەتەوەسازی کە بڵێن نەتەوەیەک هەیە و زمانێکی تاقانەی هەیە و … رێک هەر ئەم مۆدێلەیان لە سەر ئێران و هێندیش دابەزاند. ئەو مۆدێلە بووە هۆی ئەوەی کە بە دوای سەرچاوەیەکەوە بگەڕێن نە ئەوەی کە بیر بکەنەوە کە ئێمە لە پانتاییەکی مووزاییکی ژیان دەکەین. لە بیری ئەوە دا نەبوون کە ئەگەری ئەوەی لەم جوگرافیا موزایکییە پێوەندیگەلێکی جۆراوجۆر لە ئارا دایە و کاتێک بە وردی چاو لەم پێوەندییانە دەکەین دەبینین بڕێجار پێکدادانی نێوان کولتورگەلی جیاوازە، نەک ئەوەی کە کولتورێک لە سەرەتاوە بوونی هەبووە. بۆ نموونە کاتێک قسە لە سەر “پرژیا” دەکەن وەکوو گشتیەتێکی لێکدانەبڕاو چاوی لێدەکەن بەڵام جیهانی ئەوڕۆکە خەرێکە بە کاوەخۆ بە شێوازێکی دیکە لەم بابەتە دەگات، بەڵێ لە بنەڕەتەوە ئێران بەشی زاگرۆسیەکەی جیاوازی لەگەڵ بەشی ناوەندەییەکەی هەیە. بەڵێ لە بنەڕەتەوە گێڕانەوە رۆژئاوایی پاڵەوانی و جەنگاوەرییەکان جیاوازە لە گەڵ گێڕانەوە رۆژهەڵاتییەکان… ئەوکاتە ئەگەر بەم روانگەوە چاو لێبکەین دەبینین نا، گێڕانەوە کوردییەکان ئەنجام و بەرهەمی شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە و شێوازی بیرکردنەوە و تێڕامانی خەڵکی لە دەڤەری زاگرۆس، هەرچەن لە ژێر کاریگەری شاکان و دەسەڵاتدارانی جۆراوجۆر بووە بەڵام بە شێوازێکی زۆر مانادار ئۆستوورەکانی زەینی خەڵک پێوەندییەکی زۆری لە گەڵ سیستەم و رژیمی پاشایەتی نەبووە. بەڵکو زۆرتر پێوەندی لە گەڵ ژیانی ئازادانە و پاڵەوانانە هەیە کە لە گەڵ گێڕانەوەی فردەوسی جیاوازی هەیە.

پ: پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا ئێوە بە تایبەتمەندییەکان و جیاوازییەکانی شانامەی فردەوسی لە گەڵ شانامەی کوردی ئاماژەتان کردبوو، بۆ نموونە بە زمان، کێش و هەروەها بە باوەڕی و زەینیەتی ئەم دوو شانامەیە، ئەگەر دەکرێت لە پێوەندی لە گەڵ تایبەتمەندی سێیەم زیاتر باس بکەن و ئەوەی کە چ جیاوازییەک لە نێوان ئەم دوو باوەڕی و جیهانبینی و تێڕامانە بوونی هەیە؟

و:کاتێک چاو لە کاکڵ و ناوەرۆکی شانامەی کوردی و شانامەی فردەوسی دەکەین، دەبینین لە پێوەندی لە گەڵ باوەڕی و بیرکردنەوە یان بە دیوێکیتردا زەینیەت، جیاوازییەگەلێکی فرەماناداریان لە گەڵ یەکتر هەیە، گێڕانەوەی فردەوسی لە بەر ئەوەی زۆرتر گێڕانەوەیەکی فەرمییە، دیین بە شێوازێکی فەرمیتر دەناسێت. کاتێک باس لە دیین دەکات بە قسەی ئینگلیزییەکان لە دەنگی فەرمی و سەرەکی دیین3،4 واتا قسە هەر لە ئەو شتەی کە رەسەنتر و پەسندتری دەسەڵاتە دەکات. هەر بۆیە وەختێک شانامەی فردەوسی باس لە سەر زەردەشتیگەری دەکات شێوازێکی تایبەت و دیار لە زەردەشتیگەری لە بەرچاو دەگرێت… لە راستی دا جیهان بینی شانامەی فردەوسی، بەرهەمی جیهانی پێش خۆی بە شێوەی فەرمییە. بۆ نموونە جیهان بە شێوازی خێر و شەڕ دەبینێ. جیهان یان تارێکە یان رووناک… یان چاو لێ دەکەین بۆ نموونە جیهانی مانەویی کاریگەری زۆری لە ئایینەکانی پاش خۆی بە جێ هێشتووە و لە زەردەشتیگەریش ئێمە هەر ئەمە بە دی دەکەین. لە زەردەشتیگەری ئێمە جیهانێکمان هەیە جیهانی خێر، و جیهانێکیترمان هەیە جیهانی شەڕ، بۆ نموونە کاتێک لە بواری زوڕانیزم چاو لێ دەکەین خودای زەمان(ئیزەدزەمان) دوو منداڵ لە زگی دایە، یەکێکیان جوان و رۆشن و ئەویدی تاریک و بەدفەڕ، یەکێک لەوان ئەهورا و ئەویدیان ئەهریمەن… ئێستاکە من نامەوێت سەبارەت بە تەنراوی دوانەیی و تەشکخوازانەیی و ئەوەی کە چۆن زەینی مرۆڤ بەرهەمی دوانەیی دەخاتەوە فرە باس بکەم. ئێمە دەبینین کە شانامەی فردەوسی بەردەوام بەر و سەمەری دوانەیی دەگرێت دوانەی خێر و شەڕ، دوانەی ئێران و تووران و … بەڵام شانامەی کوردی دوانەی فرە لێک نزیک و لە گەڵ یەک تێکەل بووگە. واتا دەتوانین بڵێین سیانەیە، دنیایەکی رووناکمان هەیە، دنیایەکی تاریک و دنیایەکی بۆر. کە لە راستیدا بۆرەکەی فرە زەق و تۆخە… بۆ نموونە ئێمە لە کەمپی ئێرانیگەلی باش، مرۆڤگەلی خراپی زۆرمان هەیە و لە کەمپی توورانیگەلی خراپ، مرۆڤگەلی باشی زۆرمان هەیە… بەشێک لەو پاڵەوانانەمان هەیە کە گرێدراوی هیچکام لەو دوو لایەنە نین بەڵام لە گێڕانەوەکان بوونیان هەیە… دەتوانین بڵێین جیهانی شانامەی کوردی کەمێ رئالترە تا دیینیتر، ئەمە یەک. دوو، ئەو کاراکترانەی کە لە شانامەی کوردی دا هەن بنەوای هزری و بیرکردنەوەی کۆنی ئێرانی باشتر پیشان دەدەن. بۆ نموونە لە بواری زوڕوانیزم کەسان و روانگەیەک کە لە ئوستوورەی زوڕوان دا هەیە، لە تاوتوێ و شیکاری لە گەڵ ژێرخانی هزری و بیرکردنەوەیەک کە هەر لەو سەردەمەدا بوونی هەیە تایبەتی و دانسقەیە… بەڵام لە شانامەی فردەوسی ئەوەندە روون نییە کەچی لە شانامەی کوردی کەسانێکی وەکوو زەڕئالی، زەڕداد و زەڕپۆشمان هەیە کە سێ کەسن، ئەمانە نیوەدێو و نێوەمرۆڤن، بەڵام دێو نە بە مانای گەن کە فردەوسی کەڵکی لێ وەردەگرێت، ئەمان بە ناو زەماندا دەڕۆن و دێنەوە، بێجگە لەمە ئەمانە ناوێان لە گەڵ زەڕ دایە کە ئێمە دەزانین پێوەندییەکی ماناداری لە گەڵ زەمان هەیە و زەمان لە گەڵ مەلی زانا(سیمرخ) و مەلی زانا لە گەڵ زاڵ و زاڵ لە گەڵ زوڕوان، کە تەواوی ئەمانە دیسانەوە پێکەوە دەبسترێنەوە. هەر بەشێک لە شانامەی کوردی کە لێکدانەوە و شیکاری بۆ بکەین پڕە لەو هێمایانە کە لە بواری ئوستوورەیی دەری دەخەن کە ئەم دەقە(شانامەی کوردی) چەندە رەسەنایەتی هەیە، و چەندە جیاوازی هەیە لە گەڵ شانامەی فردەوسی… دەڤەری زاگرۆس لە چاخەکانی رابردوو تا ئەوڕۆکە پڕە لە باوەڕگەلی جۆراوجۆر و جیاواز کە بە هۆکاری ئەوەی کە بەشی “مەین ئسترەم” یان دیینگەرایی فەرمی- بۆ نموونە ئەگەر باس لە سەر ئیسلام بکەین بەشی مەدینە یان دواتر کووفە… یان باس لە ئێران بکەین بۆ نموونە لە شاری قوم دەرکەوتەی بەرچاو و زەقتری هەیە تا ئیلام… ئەگەر ئێمە دەنگە سەرەکییەکان چاو لێ بکەین دەڤەری زاگرۆس بۆ هیچکامەیان شیاوی ناسین نییەو لێی تێ نەگەیشتوون. بۆ نموونە لە قۆناغی ئیسلامی ئەگەر چاو لێ بکەین هاوکات لە بورای سۆفیگەرێتی ئێمە لەم لاوە رێبازێکمان هەبووە بە ناوی رێبازی بەغداد و لەو لاوە رێبازی خۆراسان. کەسانێک کە سەر بەم دوو دەستەیە نەبووبن، نەیانتوانیوە لەوان تێ بگەن بۆ نموونە: هەلاج، شاخوەشین، بالول ماسی و … ئەمانەیان بۆ نموونە خستۆتە نێو چاڵێکی تاریک کە هیچ کەس نەزانێت کێن و پێیان دەڵێن حلولییەکان یان باتنییەکان… لە راستی دا ئاوەڵناوی هاوبەش و خاڵی هاوبەشی تەواوی کەسانێک کە ئاوا ناو و ناسناوێکیان لێنراوە شێوەی بیرکردنەوە و روانینی ئەوانە کە من شێوەی بیرکردنەوە و روانینی زاگرۆسی پێ دەڵێم. ئەمانە بە گشتی رەوشتیان و رەفتاریان و باوەڕییەکانیان زاگرۆسییە. چونکوو لە گەڵ ئیسلامی سەردەمی خۆیان لە بڕە شوێنێک نزیک و لە بڕە شوێنانی دیکە دورن لە بەر ئەوەی بۆیان باوەڕپێکراو نییە… بۆ نموونە هاوکات کە شێوازێک لە تاقانەپەرستیان قبووڵە، باوەڕیان بە جۆرێک لە حلولیش هەیە. یان دەبینین هێشتاش لە سەردەمی خۆمان باوەڕگەلی جۆراوجۆری دۆنایدۆن و … بوونی هەیە. ئەمانە لە لایەنی رەهەندی ئایینی فەرمی خستویاننەتە ناو چاڵێکی تاریکی بێ بن کە هیچ کەس نەزانێت کە کێن کە پێیان دەڵێن حلولییەکان. بە کردەوە بەشێک لە ستراکچەر(پێکهاتە) و کارکتەرەکانی شانامەی کوردی سەر بەم کۆمەڵە کەسەن. کۆمەڵە کەسانێک کە نێوەدێو و نێوەمرۆڤن، بە نێو زەماندا دەڕۆن و دەجووڵێن و تەنیا خزمەتگوزاری رۆستەمن و … رۆستەم لە روانگەی گێڕانەوەگەلی زاگرۆسی هەر هەمان رۆستەمی فردەوسی نییە… تایبەتمەندییە پاڵەوانییەکانی هەر هەمان ئەو شتەیە کە لە شانامەی فردەوسیش هەیە بەڵام بەم جیاوازییەوە کە شانامەی فردەوسی چەمکێکی هەیە کە کەڵکی لێ وەر دەگرێت لە ژێر ناونیشانی فەڕ کە سەر بە خاندانی شاییە و تەنیا لە رێگەی خوێنەوە بە کەسی تر دەگات. بەڵام شانامەی کوردی چەمکی فەڕی نییە و چەمکی زاتی هەیە. زات شتێکە وەکوو فەڕ، بەخشش و کەرەمێکی خواییە بەڵام ئەم بەخشراو و پێدراوە بە هەمان شێوە کە لە دەڤەری زاگرۆس لە بواری ئایینی هەمانە و دەیبینین جۆرێک لە خوداچوونە نە جۆرێک بۆ نموونە هێز و دەسەڵاتی خودایی! کاتێک تۆ زاتت هەیە، خێر و شەڕ لە بەرانبەرت مانایەکیان نییە، واتا خۆت پێوەری! خێر و شەڕ ئیتر مانایەکیان نییە… لە راستی دا دەتوانین بێژین ئەمە هێزێکی خواییە و بەڵام خودی خوایەتییە… بۆ نموونە رۆستەم هەیەتی یان زۆراو… کەسانێکی زۆر نییانە بەڵام سرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە شانامەی فردەوسی تەنیا شاکان ئەمەیان هەیە بەڵام لە شانامەی کوردی پاڵەوانەکانیش ئەمەیان هەیە. لە راستیدا پێوەندییەکی مانادار لە نێوان خودا و شا و پاڵەوان بە ناوکۆیی زات لە ئارا دایە کە ئەم سیانە پێکەوە گرێ دەداتەوە.

پ: ئایا لە بوواری ئەدەبیاتی بەراوردکاری، بەراوردێک لە نێوان شانامەی کوردی و شانامەی فردەوسی ئەنجام دراوە کە بە شێوەی نووسراو بڵاو کرابێتەوە؟

و: بە داخەوە تا بەر لە من نەبووە، لە بەر ئەوەی ئێمە دەقمان نەبووە و دەقەکانیش تازە پێیان لە نیۆ بواری ئاکادمیک کراوەتەوە و دەرکەوتوون و ناسراون. بۆیە هێشتاکە کارگەلێکی بەراوردکارانەی تایبەتم نەبینیوە. هەرچەند بە شێوازێکی زۆر سنووردار چەند بڕوانامەیەک لە ئێران لە سەر ئەم بابەتە کاری کردوە کە زۆریش ئاستی چۆنایەتییەکەی باش نەبووە. لە راستی دا تا پێش ئەم کارەی من کە لە بەردەست دایە و بەم زووانە چاپ دەکرێت و شیکاری کراوە لە سەر شانامەی کوردی کە بزانین بە راستی چییە و … هێشتا کارێکی وەها ئەنجام نەدراوە و بیچمی نەگرتووە.

پ: ئایا نموونەیەکی باوەڕپێکراو و باش لە شانامەی کوردی تا ئێستا لە چاپ دراوە؟ هەڵبەت چەند نموونەیەک چاپ کراوە و بڵاو کراوەتەوە و کەسانێک زەحمەتیان کێشاوە بەڵام مەبەستم شتێکە کە وەکوو ریفرێنس ناسراو بێت؟

و:دۆستانێک چاپ و بڵاویان کردۆتەوە بۆ نموونە بەڕێز ئیرەج بەهرامی کە چەند نموونەیەکیان چاپ کردوە کە هەر کامەیان دەفتەرگەلێک لە شانامەی کوردییە هەروەها بەڕێزان قامەت پەرویزی و جەلیل ئاهەنگەر نژاد کە برزونامەیان چاپ کردوە. هەروەها بەڕێز محەمەد رەشید ئەمینی کۆمەڵێکیان لە چاپ داوە کە ئەوانەیان پێکەوە ناوە و کە هەڵبەت ئەم پێکەوەنانە تایبەت بە نەریتی شانامەی ئێمە نییە. و لە بنەڕەتەوە لە بەر ئەوەی تێگەیشتنی ئێمە لە شانامەی کوردی تێرم و بنەوای شانامەیەکی یەکگرتووە کە کۆمەڵە شاگەلێک تێی دایە و چیرۆکگەلێک دەوترێت و دەگێڕدرێتەوە و … زەینیەتی ئێمە بەم شێوازەیە کە هەر کات باسی شانامەی کوردی دێتەگۆڕێ، کتومت بیر لەوە دەکەینەوە کە ئێمەش بچین و شتێکی وەک ئەو بەرهەم بهێنین. لە حاڵێک دا شێوازی بەرهەم هێنانی شانامەی کوردی کە ئێمە لە سیستانیش لەو شێوازەمان هەیە دەفتەرگەلێکی جیا لە یەکن. بەڵام وەکوو دەنکەکانی تەزوێح بەنێک ئەمانەی پێکەوە بەستۆتەوە و هەر کامەیان کاراکتەری خۆیان هەیە. ئەم بەنە نادیارە و خەڵک دەزانن ئەمە بەشێک لە ئەدەبیاتی بەرخۆدانی و پاڵەوانی و شانامەی ئێمەیە بەڵام بڕیار نییە کە ئەشێ و دەبێ بەدوای یەکدا بێن. بە گشتی لەم پێوەندییەدا کارگەلێک ئەنجام دراوە کە هیوادارم زۆرتریش بێت.

پ: گرنگی و بایەخی شانامەی کوردی بۆ ئەدەبیاتی ئەوڕۆی کوردی چییە؟ و دەتوانێت چ یارمەتییەک بە زمان و کولتوری ئێمە بگەیەنێت؟

و:سەبارەت بەوەی کە کارکردی چییە دەی سروشتییە کە هەر نەتەوەیەک شانازی بەوەوە دەکات کە رەوتی گۆڕانکاری بیرکردنەوەی خۆی لە سەردەمانی پێش خۆی تا سەردەمی خۆی ببینێت و بزانێت و شێوازێکی هێڵی و سەرراست لە زەمان بۆ خۆی لە بەرچاو بگرێت… تا ئەوکاتەی ئێمە پنتی “ئا” مان لە زەماندا نەبێت، واتا پنتێکی پێش خۆمان نەبێت نازانین دەبێ لە کوێوە دەست پێ بکەین. شانامەی کوردی بۆ ئێمە ئەم گرنگایەتییەی هەیە کە دەتوانین بێژین لە ئەدەبیاتی بەرخۆدانی کە وەکوو یەک لە کۆنترین شێوازەکان و ژانرەکانی مرۆڤایەتییە، ئێمەش لەم بوارەدا بەرهەم هێنانمان هەیە کە بێگومان ئەمە شانازییەکی گەورەیە… ئەو بایەخەی هەیە کە بزانین ئەدەبیاتی سەردەمانی پێش خۆمان بە چ شێوازێک بووە و چ پرۆسەیەکی هەبووە و پێیدا تێپەڕیوە، بەرهەم هێنانی نەریتی زارەکی خۆمان و … تەواوی ئەمانە دەتوانین ببینین و لیکدانەوە و شیکاری بکەین و لە گەڵ شێعر و ئەدەبیاتی ئەوڕۆی خۆمان بەراوردی بکەین… بۆ نموونە چ پرۆسەیەک ئێمەی بەم ئەدەبیاتەی ئەوڕۆکەمان گەیاندووە؟ ئایا شانامەی کوردی بەم ئەدەبیاتەوە دەبەسترێتەوە و پێی دەگات یان ژانرگەلێکی دیکە لە پەنای شانامەی کوردی دان کە بەم ئەدەبیاتەی ئەوڕۆکە دەگەن؟ بۆ نموونە پێوەندی نێوان شێعری شاکە و خان مەنسوور لە گەڵ ئەم جۆرە زمان و دەربڕینە چییە؟ و…

پ: ئایا ئاکادمی و بنکەیەک بە شێوەی فەرمی بۆ شانامەی کوردی بوونی هەیە؟

و: ئەگەر مەبەستان لە بنکە رێکخراو و دامەزراوەیەکی پێکهاتەدار بێت و … بەداخەوە نا! هەڵبەت هیوادارم کە ئەم کارە سەربگرێت و رووبدات. بە هەمان شێوە کە بۆ شانامەی فردەوسی و شتەکانی دیکە هەیە، بۆ شانامەی کوردیش بنکەیەکمان هەبێت. لە بەرئەوەی رادەی سەرچاوەکانی ئێمە چ لە بوواری زارەکی و چ لە بواری نووسین ئەوەندە زۆرە کە لە راستی دا بە کەسێک یان دوو کەس یان … جێبەجێ نابێت و سەرناگرێت. هەروەها شانامەی کوردی نەتەنیا بەشێک لە ئاسەوار و میراتی وێژە و ئەدەبی کوردییە بەڵکو بەشێک لە ئاسەوار و میراتی وێژەیی و کولتوری جیهانە کە دەبێ شێلگیرانە و بێ دوودڵی کاری لە سەر بکرێت. ئێمە راسیسم نین کە بێژین تەنیا ئێمە باشین و ئەمەش زۆر باشە، نە! شانامەی کوردیش وەکوو یەکێک لە دەستکەوتەکان و بەرهەمەکانی بەشێک لە خەڵکانێک کە لە سەر گۆی زەوی ژیان بە سەر دەبەن گرنگە و لەو جیهانە مۆدێڕنەی کە هەموو شت بە شێوەی ورد لێکدانەوە و شیکاری بۆ دەکرێت، شیاوی ئەوەیە کە شیکاری و لێکدانەوەی لە سەر بکرێت و کەسانێک کە خاوەن هزر و بیرکردنەوەن بێن و لەسەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن.

پ: ئێوە وەکوو یەکێک لە لێکۆڵەرانی بە توانا و خاوەن نێرین لەم بوارەدا ئایا بەرهەمگەلێکی تازەتان بۆ لە چاپ دان هەیە کە خەڵک بتوانن کەڵکی لێ وەر بگرن؟

و: بە داخەوە یان بە خۆشحاڵییەوە کارگەلێک کە من ئەنجامم داوە بە گشتی بە زمانی ئینگلیزی لە چاپ دراون. زۆر کەم بە زمانی کوردی یان فارسی. نامیلکەکەم کە چاپ دەکرێت و ئێستا لە ژێر چاپ دایە لە بەردەست دایە بە زمانی ئینگلیزی و بەشێکی بە زمانی کوردییە- واتا خودی دەقەکە چیرۆکگەلێکن کە پێداچوونەوەی بۆ کراوە… جیا لەمەش هیوادارم بتوانم هەر کام لە دەفتەرەکانی شانامەی کوردی جیا جیا بە شێوازی مێتۆدێک و ئاکادمیک پێداچوونەوەی بۆ بکەم یان ئەو مێتۆدانەی بەرۆژترن. بۆ نموونە مێتۆدی زانستی –رەخنەکارانە کە بەڕێز خالەقی موتڵەق بۆ شانامەی فردەوسی بەکاری هێناوە. هەر بەو مێتۆدە و بە باشترین شێوازێک کە بوونی هەیە و بە تاقەتەوە ئەنجام بدەم. دوو سێ دەفتەرێک ئامادە کراوە بەڵام لە بەرئەوەی کارەکانم بە زمانی ئینگلیزی ئەنجام دەدەم بێگومان کاتی زۆری دەوێت کە دیسانەوە ئەمانە بۆ سەر کوردی یان فارسی هەڵگەڕێنەوە. بۆ ئەوەی هەر کام لەوانە پەراوێزی زۆری هەیە کە بۆ وەرگێرانی ناکرێت بە کەسێکی دیکەی بسپێریت لە بەرئەوەی وردبوونەوە لێیان ئەوەندە کاتی پێویستە کە خۆم ئەنجامی بدەم. بەڵام لە داهاتوویەکی نزیک چیرۆکی بیربەیان ئامادەیە کە لە چاپ بدرێت. چیرۆکی روستەم و زۆراو بە دڵنیاییەوە چاپ دەبێت. ئەمانە هەر کامەیان پێداچوونەوەی چەندین نموونەن(10یان12 نموونە). هەروەها بەشێک لە گێڕانەوە زارەکییەکان کە کۆم کردۆتەوە لە گەڵ شرۆڤە و شیکاری بە دڵنیاییەوە چاپ دەبێت. هیوادارم ئەمانە وەکوو سەرچاوەیەک بچنە بەردەستی خەڵک و کەڵکیان لێ وەربگرن

پ: زۆر سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی کە لە بەردەمی ئێمەتان کردەوە کاک بهروزی ئازیز ئەگەر قسەیەک، تیبینیەک، بابەتێک ماوە ئاماژەی پێ بکەن فەرموون لە خزمەتتان داین؟

و: سپاس بۆ بەسەرکردنەوەتان، لەوەی کە ئەو دەرفەتەتان بەمن بەخشی، زۆر جێگەی خۆشحاڵییە کە شانامەی کوردی و ئەدەبیاتی کوردی لە ئیلام لایەنگر و هۆگرانێکی زۆری هەیە و حەوتەنامەیەک بەو ئاستە لە رۆشنبیری گەیشتووە کە ئەم بابەتە بوروژێنێت و من زۆر خۆشحاڵم و دەستی ئێوە نەیشێت.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

[1] Illiterate نەخوێندەوار

[2] Non—literate نانویسا

[3]Mainstreamدەنگی فەرمی و سەرەکی

[4] Non-Mainstream دەنگی نافەرمی

ئەم چاوپێکەوتنە سەرەتا لە کوردیی خوارووەوە وەرگێڕدراوەتە سەر فارسی کە ئەم وەرگێرانە کە بۆ کوردی کراوە لە گەڵ ئەویش بەراورد کراوە و پاشان دامناوە.

دوو وشە کە لەم چاوپیکەوتنە بەرچاو دەکەویت و لە سەر بنەمای کوردی خوارین سازێنراوە، “نویسا” و “نانویسا”یە کە زۆر جوان و پۆڕاوە و هەر وەک خۆی و بە بێ دەستکاری لە توێی وەرگێڕانەکە پۆڕاندومە و دەستم لێنەداوە، شیاوی ئاماژەیە دەکرێت لە زمانی کوردی کەڵکی زیاتریان لێ وەربگیردرێت و پێویست بە مانا کردنەوەش ناکات لە بەرئەوەی لە کاتی خویندنەوە و بە کارهاتنی لە قەوارەی رستەدا مانای بۆ بەردەنگ روون دەبیتنەوە و خۆی بە دەستەوە دەدات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت