سەڕەڕای ئاستەنگەکانی پەیەدە، کەمپەین بەردەوامە

0
1445

ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد لە سوریە ENKS، لەسەر دوا ئامارەکانی کەمپەینی یەک ملیۆن واژۆ، کە بڕیارە  لەسەر داخوازیەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و بۆ کۆنفرانسی “ژنێڤ ٣” لە وڵاتی سووئیس کۆبکرێتەوە ، کۆنگرەییەکی ڕۆژنامەوانی پێک هێنا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لە شاری قامیشلووی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو، ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد لە سوریە، ڕایگەیاند کە هەتا ڕۆژی هەینی، واتە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی،  پتر لە ٦٢٥ هەزار و ٤٠٠ واژۆ بۆ کەمپەینی “یەک ملیۆن واژۆ”، کۆکراوەتەوە.
کۆکردنەوەی پتر لە نیو ملیۆن واژۆ لە ٩ ڕۆژی ڕابردوودا لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ئەم ٩ ڕۆژەدا هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی  نزیک لە پەیەدە، چەندین ئەندامی کەمپەین و حیزب و لایەنە کوردیەکانی تریان دەستبەسەر کردوون و واژۆکانیشیان دڕاندووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی  بەفرانبار، لە شاری عەفرین-ی ڕۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە دە ئەندامی کەمپەین و حەسەن ئیبش-ئەندامی ڕێبەری پارتی دێموکراتی کوردستان-سوریە-یشان دەستبەسەر کردبوو و بەشێکی زۆر لە واژۆکانیشیان فڕێ دابوو، لە هەمان کاتدا و دوو ڕۆژ پاش ئەو رووداوە لە گوندەکانی دەوروبەری عەفرینیش دوو ئەندامی کەمپەین گیران و واژۆکانیشیان لێ سەندبوونەوە،لە ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباریش لە شاری تربەسپی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵێک لە لاینگران و کادیرانی پەیەدە هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد و پارتی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژئاوا و وێڕای بەردبارانی ئۆفیسەکە، حەوڵی ئاگرتێبەردانی بارەگاکان دەدەن، لە دووایین بەرپەرچدانەوەی پەیەدە و ئاستەنگ خستنە سەر ڕێ کەمپەین، لە چەند ڕۆژی ڕابردووش لە شاری قامیشلو ئەندامێکی کەمپەین و کۆمەڵێک واژۆ دەستیان بەسەردا گیرابوو.
ڕۆژی هەینی و لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنەکەسە وێڕای ئاماژەدان بە ئەو ئاستەنگانەی کە لەلای پەیەدەوە خرابوونە بەر کەمپەین، ئاماژە بە درێژەدان بە کۆکردنەوەی واژۆ درا و هەروەها باس لە کۆکردنەوەی واژۆش لە کوردە ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە وڵاتانی ئۆرووپایی کرا، لە بەشێکی تری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنەکەسە لە شاری قامیشلووی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژە بە ڕێژەی واژۆکانی هەرێمی کوردستان کراو و ئاماژە بەوە کرا کە “لە کەمپەکانی پەنابەرانی کوردی ڕۆژئاوا، لە باشووری کوردستان ١٤١ هەزار واژۆ کۆکراونەتەوە”.
کەمپەینی یەک ملیۆن واژۆ لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٤ و لە شار و گۆندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ وەرگرتنی مافی کوردانی سوریە لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵی، لەسەر داوای ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد لە سوریە ENKS، دەستی پێ کرد.

.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.