سەنای ئەمریکا گەڵاڵەی درێژکردنەوەی گەمارۆ ١٠ ساڵەکانی سەر ئێرانی بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرد

0
936

ڕۆژی کورد: سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران بۆ پیتاندنی ئورانیوم لە ماوەی یەک ساڵ و نیو دا لە ئەگەری پەسەندکرانی گەمارۆ ١٠ ساڵەکان لەسەر ئێران و بە پێشێلکاریی ڕێکەوتنی “بەرجام” لەقەڵەم دانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە 11ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، سەرجەم نوێنەرانی سەنا ـی ئەمریکا بە تێکڕایی دەنگ ئەو بڕیارەان پەسەند کرد و گەڵاڵەکە بە مەبەستی واژۆکران بۆ کۆشکی سپی ڕەوانە کراوە. دەگوترێ ئوباماش واژۆی دەکات.

ئەو گەڵاڵەیە کە لە کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکاش بە تێکڕای 419 دەنگ پەسەند کرابوو، بێ هیچ دەنگی دژبەر واژۆ کراوە و ٩٩ دەنگی ئەرێ ـی لە پشتەوە بووە.

ئەو گەڵاڵەیە لە دوای خوێندنەوەی ئۆباما و لە ئەگەری واژۆکردنی ئەودا، دەبێتە یاسا، ڕۆیتێرزیش لە زمانی یەکێک لە هاوکارانی نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکاوە نووسیویەتی وا چاوەڕوان دەکرێ ئۆباما، واژۆی بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی بلاڤۆکی “هیڵ” کۆنگرەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە هیلاری کلینتۆن ـیش لە کاتی پرۆپاگەنداکان، لە بانگەوازێکدا داوای لە دێموکراتەکانی پێشەنگی سێنای ئامریکا کردووە کە پشتیوانی لە یاسای درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران بکەن.

محەممەد تەخت ڕەوانچ، جێگری ئوروپا و ئەمریکای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ “ئەلعالەم”، هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری پەسەند کرانی بڕگەی پەسەندکراوی پارلمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە گەڵاڵەی “داماتۆ” لەلایەن ترامپ ـەوە، ئەوانیش دەست لەسەر دەست دانانێن.

ڕەوانچی ـیش ڕێک وەک خامنەیی چەسپاندن و انانی هەر جۆرە گەمارۆیەک لەسەر ئێران لەلایەن ئەمریکای بە دژ و پێچەوانەی ڕێکەوتنی “بەرجام” لە قەڵەم دا و گوتی ئەگەر بێت و دەوڵەتی ترامپ ئەم بڕگە پەسەندکراوە واژۆ بکات ئەوا “زەربەیەکی کاریگەری لە بەرجام داوە”.

یاسای “داماتۆ” ساڵی ١٩٩٦ی زایینی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بۆ گەمارۆ خستنە سەر ئێران پەسند کراوە و بەو پێیە ئەو کۆمپانیایانەی لە ساڵدا زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلار لە ئێران سەرمایەگوزاری بکەن، مافی کڕین و فرۆشتن و مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکایان نامێنێ.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەسیجەکان دەدوا، گوتی لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی “بەرجام”، دژکردەوەمان دەبێت.

خامنەیی لە میانەی لێدوانەکەیدا ئەمریکای بە بەڵێن شکێن ناوبرد و گوتی: “دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا لە پرسی ڕێکەوتننامەی ناوکی دا تا ئێستا چەندین پێشێلکاریی جیاجیای ئەنجام داوە کە نوێترینیان، نوێ کردنەوەی گەمارۆی ١٠ ساڵەیە.

قسەکانی خامنەیی ئاماژە بە نوێ کرانەوەی یاسای گەمارۆکانی ئێرانە کە لە ساڵی ١٩٩٦ ـەوە لەسەر ئێران پەسەند کراوە و حەوتووی ڕابردوو، پارلمانی نوێنەرانی ئەمریکا جارێکی تر پەسەندی کردەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت