سەرنووسەری سایتی روانگە بە کەفالەت ئازاد کرا

0
548

د.حەسەن شێخ ئاغایی، سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕی “روانگە” دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون ئەمڕۆ ٦ی کانوونی یەکەم بە کەفالەتی ٢٠٠ ملیۆن تمەن ئازاد کرا.

حەسەن شێخ ئاغایی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، لەلایەن ئیتڵاعاتی مهابادەوە دەستبەسەر کرا و دوای زیاد لە سێ هەفتە بەدواداگەڕان، سەرئەنجام بنەماڵەکەی ئاگادار کرانەوە گوازراوەتەوە بەندیخانەی ئیتڵاعاتی ورمێ.

دوای گیرانی شێخ ئایی، سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕی “روانگە” لەلایەن ئیتڵاعاتەوە دەست بەسەر ماڵپەڕەکە گیرا و ستافی ماڵپەڕەکە لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرایان کرد، بەهۆی ئەوەی ئیتڵاعات دەستی بەسەر ماڵپەڕەکەدا گرتووە، ئەوان بەرپرسیار نین لە هەر بابەت و وتارێکی لەمەودوا لەو ماڵپەڕەدا بڵاو دەبێتەوە.

روانگە، ماڵپەڕێکی کوردی-فارسی بوو لە لایەن کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی و سیاسیی رۆژهەڵاتەوە بەڕێوە دەچوو و گرنگی بە رووداوە سیاسیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵات و سەرجەم پارچەکانی تری کوردستان دەدا.

لەگەڵ تەشەنە کردنی سیاسەتی پانتورکیزم لە ئیدارەی پارێزگای ورمێ، روانگە یەک لەو ماڵپەڕانە بوو بە وتار و راپۆرت و هەواڵەکانی بەرپەرچی توندڕەویی کاربەدەستانی ئیداری ئەو پارێزگایەی دەدایەوە کە زۆرینەیان تورکن، بەتایبەت لە کاتی گۆڕینی ناوی شەقام و کۆڵانەکانی ورمێ بۆسەر زمانی تورکی و پەردە هەڵدانەوە لەسەر سیاسەتی پەڕاوێزخستنی کورد لە ئیدارەی ئەو پارێزگایە، ستافی روانگە چالاکانە رووماڵی ئەو پارێزگایەی دەکرد.

دوای بڵاوبوونەوەی چەند وتار و راپۆرتێک لەبارەی رێژەی دانیشتووانی کورد لە پارێزگای ورمێ و بەراوردکردنی لەگەڵ رێژەی بەشداری پێکردنی کورد لە ئیدارەی ئەو پارێزگایە و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەڵاواردنی ناوچە کوردستانییەکان، لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ د. حەسەن شێخ ئاغایی لە لایەن ئیتڵاعاتی مهابادەوە دەستبەسەر کرا.

د. سەلاحەدین خەدیو، ئەندامی دەستەی نووسەرانی “روانگە” و چالاکی سیاسیی رۆژهەڵات لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ “وشە” رای دەگەیەنێت: “د. شێخ ئاغایی دوای دوو مانگ مانەوەی لە بەندیخانەی ئیتڵاعاتی ورمێ، کاتژمێرێک بەر لە ئێستا بە کەفالەتی ٢٠٠ ملیۆن تمەن ئازاد کرا”.

ئاشکراشی دەکات: “سەرنووسەری ماڵپەڕی “روانە” بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وادەی دادگایی کردنەکەی دیاری بکرێت”.

ماڵپەڕی روانگە تا ئێستاش بە فەرمی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دانەخراوە و بەپێی گوتەکانی د. خەدیو رەنگە لەدوای دادگایی کردنی شێخ ئاغایی چارەنووسی ئەو ماڵپەڕەش یەکلایی بکرێتەوە بەوەی کە بەردەوام دەبێت لە رووماڵکردنی یاخود بە فەرمی دادەخرێت.

سەرنووسەری “روانگە” کاتژمێرێک بەر لە ئێستا لە گرتووخانەی ئیتڵاعاتی ورمێ بە کەفالەت ئازاد کرا و وەک سەلاحەدین خەدیو ئاماژەی پێ دەدات: ” لەرووی تەندرووستییەوە دۆخی د. شێخ ئاغایی جێگیرە”.

وشە/هەولێر-هیدایەت جان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت