سەردیڕی هەواڵەکە ئەوەبوو: ١٠ جاش و پاسدار لە ئافانی مهاباد کوژراون

0
4772

تازە خەو لە چاوانی خزابوو، بە گرمەوکوتەی دەنگی دەرگا لە خەو راچەنی

-پوورە خەجێ پوورە خەجێ، دەرگا وەکە، بیکەوە دەی تۆخوا

گۆچانەکەی دەست دایە، دڵەخورپەیەکی سەیری کەوتە دڵ، ئەوە دەنگی کەژاڵ بوو، بڵێی چ بووبێ بەو نیوە شەوە؟. بە ئەسپایی دەرگاکەی کردەوە.

– پوورێ دەڵێن لە نزیک مهابادێ لەنێوان پێشمەرگە و ئەو سەگانە شەڕێکی قورس بووە، خودا بکەم زارا لەگەڵ نەبێ، دڵەڕاوکەمە، پاش چوار ساڵ تازە بۆ یەکەم جار بینیومانەتەوە، دەتکوت دەنکە هەنارە بە قوربانیشی بم.

دەتکوت هەموو جیهانی بەسەردا ڕووخاوە، هەناسەی سوار بوو، بێ هێز ببوو، هەر لە جێگاکەی خۆی دانیشت.

– بەڵام پوورە خەج گیان، سیامەندی برام دەیکوت لە ماڵپەڕێک نووسیویانە شکور پێشمەرگە ساغن و گاڕانێک جاش و پاسدار تۆپیون و بریندار بوون.

بۆ ئەوەی پوورە خەج دڵنیاتر بێ و نەکا جەڵدەی لێدا، موبایلەکەی کردەوە، بە هەر شێوەیەک بێ ماڵپەڕێکی فیلتێرکراوی کردەوە.

– چاو پوورێ گیان، چاو چی نووسیوە: “بەپێی ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتوون، بەرەبەری شەوی ئەمشەو یەکشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە گوندی ئافان نزیک بە شاری مهاباد، تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و جاش و پاسدارەکان هاتۆتە ئاراوە، هەرچەند تا ئێستا ژومارەی کوژراو و بریندارەکانی ڕژیم لەو شەڕە ناڕوونە، بەپێی زانیارییەکانی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مهاباد، تا ئێستا ٦ کوژراو لە نەخۆشخانەی ئەو شارەن و ڕێژەی بریندارەکانیش زۆرە، پێشمەرگەکان بە سڵامەتی ئەو ناوچەیان بەجێ هێشتووە”.

پوورە خەج لە نێوان تاسە و شانازیدا مابۆوە، پەنای بۆ خوا و پێغەمبەر و پیر و شێخ و مەشایخی جیهان برد تا زارا و هەموو پێشمەرگەکان ساغ و سڵامەت بن، جارجاریش نزای لە جاش و بەکرێگیراوەکان دەکرد.

ئەو شەوە هەر چۆنێک بێ لە نێوان نزا و دوعا و خەون و خەونووچکەدا بوو بە ڕۆژ، پوورە خەج شەوەکەی و بەیانیەکەی زۆری دەست لە ماهوارەکە گێڕا، هیچ دەرەتانی بەدینەکرد، لەبەر خۆیەوە جارجارێک دەیکوت: “دەک لە خودای بەزیاد نەبێ تەلەیزۆنووکەیەک شک نابەین بەو هەموو کوردەوە، ئەحمەد شێربەگی و خوشکە خەجیش نەماون، ئای ئای لەو ڕۆژە ڕەشە، کوا خەبات وا دەکرێ؟”

بەیانی لەگەڵ یەکەم سەمای گزنگی خۆر، بەرەو مهاباد کەوتە ڕێ، خۆی نەیدەزانی چ دەکا و بۆ کوێ دەچێ، لاقەکانی لەگەڵ خۆیان دەبرد، لەبەر دەرگای نەخۆشخانەی شار، فەرمانبەرەکە لێی هاتە پێش.

-پوورێ گیان بۆ کوێ؟ ئەورۆ نەخۆش وەرناگرن.

وەک نە بای بێ و نە بۆران، پاڵەپەستوێ چۆ ژوورێ، حەوشەی نەخۆشخانە بە جاش و پاسدار تەنرابوو دەتکوت پادگانە. عەجەمێکی گوڕوێ لە جاشێکی خوڕی “ئاهای عەوەزی چرا گوزاشتی بیاد تو” (هۆی هیچ و پووچ بۆ هێشتووتە بێتە ژوور؟).

جاشە بێ سێ و دوو، ڕاماڵی پوورە خەجی دا، پیلی گرت تا وەدەری نێ. پوورە خەج وەک گڵاو بووبێ، قۆڵی ڕاوەشاند، دەتکوت هێشتا هەڕەتی لاویەتی و گوڕ و تینی هاتۆتەوە بەر، “گڵاوم مەکە، دایک فرۆشی شیر بە حەرام”، جاشە ڕەنگێکی هێناو برد و پیلی بەردا.

– دایە گیان بڕۆ دەرەوە گێچەڵمان بۆ ساز مەکە.

– من دایکت نیم، دایکی تۆ بام ئێستا وەک زارای کچم، شەڕەفت هەبوو.

جاشە هیچی پێ نەما، عەجەمە دیسان تێیخوڕیەوە، پوورە خەج سەرێکی هەڵهێنا و ڕو لە ئاسمان گوتی “ئۆ خودایە شکور ئەوە منم کەلاکی ئەو سەگانە دەبینم، دەک خودایە خۆت بە هانای کوردانەوە بێی”، ملی ڕێگای گرت و دەرکەوت و بەرەو ناو شار کەوتە ڕێ، نەیزانی تا سەری لە شیرنیاتخانەیەک دەرهێنا.

– کوڕم سێ کیلۆ نا پێنج کیلۆ شیرینی جوان بدە بە دایکی خۆت.

شیرنیەکانی وەرگرت و یەکسەر چۆوە بەر دەرگای نەخۆشخانە، گەیشتە هەر کەس دەنکێکی بە زۆریش با دە دەستی ڕادەکرد.

 فەرمانبەرەکە لێی هاتەوە پێش، “ئەوە چیە پوورێ، ئەو شیرنیانە چین؟ مەردی خودای بە لە نان و ئاومان مەکە”.

کوڕم تۆ چوزانی من دوای شەهیدبوونی دوو کورەکەم چیم کێشا؟ لێمگەڕێ با کوڵی دڵم هەڵڕێژم، مێردیشم بە زامی ئەو شەهیدانەمەوە سەری ناوە.

کابرای فەرمانبەر چاوێکی لە چاوی بڕی، بە ئارامی بە بیانووی شیرنیەکەوە داهاتەوە، دەستی بە ئەسپایی ماچ کرد، فرمێسکێکی نەرم لە چاوی خزی، دەنكێک شیرنی هەڵگرت و گەڕاوە ژوورەکەی.

ئێوارە درەنگان کە بەرەو ئاوایی و بەرەو ماڵ دەبۆوە، کەژاڵ بە پیریەوە هات، پوورە خەج! پوورە خەج!، مزگێنیم دەیە، هەواڵەکان خۆشن، پێشمەرگەکان برینداریشیان نیە ئەوەتا نووسیویەتی: “بەپێی ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتوون، پێشمەرگەکانی دێموکرات بە ساغی و سڵامەتی لە شەڕی شەوی ڕابردوو دەربازیان بووە و ٨ جاش و ٢ پاسدار کوژراون و دەگوترێ دوو پاسداریش لە کۆمادان و بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی تەورێز بەڕێکراون، ناوی کوژراوەکان بریتییە لە …..”.

حەوتوویەک دواتر ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبیش هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و مانگێک و نیو دواتر، ڤیدیۆی زارا و پێشمەرگەکان بڵاوبۆوە کە باسیان لە قارەمانەتیی ئەو شەڕە و ئازایەتیی خۆیان و هاوسەنگەرەکانیان دەکرد.

پێشکەش بە ڕوحی پاکی شەهیدانی کوردستان و سەرجەم پێشمەرگەکان بەتایبەتی پێشمەرگە ژن و کچە کۆڵنەدەرکان کە شابەیتی خەباتی کورد بوون و هەن.

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت