سەردانەکانی سەرۆکی هەرێم و ترسی کۆماری ئیسلامی

0
702

قەرەنی قادری 

دوو سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیا و تورکیا، هەم لە ناو ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان و هەمیش لە ناوچەکەدا، دەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەدوادا هات. بۆ یەکەمین جار بوو کە لە دانیشتنی ڕەسمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئاڵای کوردستانیش بەشدار بوو.
هەردوو سەردانەکە، کۆماری ئیسلامی گەلێک تەنگەتاو کردووە و، دەکرێت لە گەلێک ڕوانگەوە ئاماژە بە ترسەکەی کۆماری ئیسلامی بدرێت.
هەواڵدەریی “ایرنا”، کە سیاسەتی ڕەسمی کۆماری ئیسلامی بڵاو دەکاتەوە، سەبارەت بە سەردانەکەی مەسعوود بارزانی نووسی: “تا ئێستا کارناسان بە دروستی نازانن کە ئەو کەسایەتییە هەڵڵاخوڵقێنە بەدوای نێوبژیوانی و خاوکردنەوەی گرژیی نێوان بەغدا و ئانکارادایە، یان بەپێی بڕوای هەندێک لە کارناسان دەخوازێت لە ئاوی قوڕاوی نێوان دوو وڵاتدا ماسی بگرێت.”
بەر لە هەموو شتێک، ئاماژە بە “کارناسان”، یەکێکە لە فرتوفێڵەکانی کۆماری ئیسلامی، هەروەها “پیشاندانی بێلایەنی”ی خۆیان کە گۆیا ئەمە قسەی ئەوان نییە، بەڵکوو هیی “کارناسان”ە!
بەڵام کاتێک “ایرنا” بە زمانی چەقۆکێش و لاتولووتی تارانی باس لە بارزانی دەکات، دەنووسێت: “پیاوی پاتۆڵی کوردیی دەبەرکەری باکووری عێراق”، یان “بەتایبەت لەلایەن ئیدارییەوە کە بە بڕوای تەواوی حزبەکانی باکووری عێراق هیچ چەشنە پۆستێکی ڕەسمی لە ناوچەی هەرێمی کوردستاندا نییە.” لە شوێنێکی دیکەیشدا هاتووە: “ئەوەی لەو نێوەدا ناڕوونە، ئەوەیە کە مەسعوود بارزانی بە چ ناوێکەوە، ڕەسمی یان ناڕەسمی و بە چ پاڵنەرێکەوە سەردانی ئانکارای کردووە.” یان کاتێک دەنووسێت “مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان”، ئەمانە گشتیان درۆکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دەردەخەن، کاتێک کە بە دەیان جار بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیان دووپات و چەندپات کردۆتەوە، کە “ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرینگە.”
ئەم بۆچوونەی “ایرنا” ڕێک ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەگەر هەرێمی کوردستانیش وەکوو عێراق بکەوێتە ژێر ڕکێفی سوپای قودسەوە، ئەوە یانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دابین بووە.
بەڵام کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی دوو وڵاتی عەرەبستان و تورکیا دەکات و، هاوکاتیش دەوڵەتی تورکیا “هێزێکی سنوورداری سەربازیی خۆی ڕەوانەی دەوروبەری مووسڵ دەکات و هەرێمی کوردستانیش دژی ئەمە ناوەستێتەوە”، کۆماری ئیسلامی بەیەکجار گڕ دەگرێت و هەر بە نووکە قەڵەمێکەوە، مەسعوود بارزانی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەبێتە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و، هەرێمی کوردستانیش دەبێتە باکووری عێراق.
جا بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی “ایرنا” بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی دابین بکات، ڕوو لە ناکۆکییەکانی ناو هەرێمی کوردستان دەکات و سەبارەت بە مەسعوود بارزانی دەنووسێت: “بە بڕوای تەواوی حزبەکانی باکووری عێراق هیچ چەشنە پۆستێکی ڕەسمی لە ناوچەی هەرێمی کوردستاندا نییە.” ئەم ڕاپۆرتەی “ایرنا” ڕووی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان پیشان دا، کە چ پلانێکی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.
ترسێکی تری کۆماری ئیسلامی ئەوەیە، کە ئاکامی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا بەتایبەت لە بواری ئابوورییەوە، بە قازانجی هەرێمی کوردستان بشکێتەوە.
بە دوای کێشەی نێوان تورکیا و ڕووسیادا، ئانکارا بەدوای دابینکردنی سەرچاوەی وزەدا دەگەڕێت. ئەگەری ئەوەش زۆرە کە بە نەمانی بازاڕی رووسیا لە تورکیا، هەرێمی کوردستان ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە، کە ئەمەشیان بازاڕی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگەشێنێتەوە.
تورکیا “٦٠%”ی گازی خۆی لە ڕووسیاوە دابین دەکات و، تەنیا “٢٠%”ی گازی لە ئێرانەوە بۆ دێت. لە ئەگەری نەناردنی ئەو ڕێژەیە لە گازی رووسیا بۆ تورکیا، ئەوە هەرێمی کوردستان شەریکێکی نزیک و کەمتێچوو دەبێت بۆ تورکیا.
خەستبوونەوەی کێشە و ململانێی نێوان بەرەی ڕووسیا، کۆماری ئیسلامی و سووریا دەگەڵ ڕۆژاوا، تورکیا و عەرەبستان کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو بەرەیە، کۆماری ئیسلامی گەلێک بێهیوا کردووە، کە ئیتر ناتوانێت بە ڕێگەی سوپای قودسەوە هەولێریش بکاتە بەغدایەکی دیکە لە جوگرافیای لەرزۆکی عێراقدا!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت