سەربەخۆییخوازیی کوردەکان بەرەو گەشە سەندنە/ نووسینی ئێدمۆند ئازادیان، نووسەرێکی بەناوبانگی ئەرمەنی

0
925

نووسینی: ئێدمۆند. ی. ئازادیان

وەرگێڕانی: بەشی کوردیی ناوەندی ڕۆژی کورد

پرسی کوردەکان، یەکێک لە ئاڵۆزترین بەشەکانی پازێلی سیاسییە کە تێگەیشتنی تەواو لەو پرسە دژوارە مەگەر ئەوەی کە چارەسەر بکرێت.

کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دابەش کراون، هەر بۆیەش کێشەگەلێکی زۆریان بۆ ئەو وڵاتانەی کە بوونە خانەخوێیان دروست کردووە و لەلایەن دەوڵەتانی ئەو وڵاتانەشەوە کاریگەرییان لەسەر دروست کراوە.

ڕێژەی کوردەکان لە تورکیە، ئێرااق، ئێران و سووریە و ئەرمینیا، تا ٤٠ ملیۆن کەس بەراورد کراوە. کوردەکان نیزک بە یەک لەسەر سێی جەماوەری تورکیە پێکدێنن، واتا ٢٥ ملیۆن لە جەماوەری ٨٠ ملیۆنیی تورکیە. کوردەکان وەک ئێرانی و ئەرمینیاکان، سەر بە هیند و ئورووپاییەکانن، لە حاڵێکدا جەماوەرەکەی تری تورکیە، هێرشبەرەکانی ئاسیای ناوەڕاستن کە هاتوونەتە ئەو ناوچەیە.

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ئەرمینیا، تەنیا وڵاتێک بووە کە مافی کەلتووری و ئایینیی کوردەکانی بە فەرمی ناسیوە و داویەتی، هەم لە سەردەمی سۆڤیەتدا و هەمیش دوای سەربەخۆیی لە سۆڤیەت.

کوردەکان لە مێژووی خۆیاندا، هیچ کات دەوڵەتێکی سەربەخۆیان نەبووە، بەڵام هەمیشە بۆ دەستەبەربوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەوڵیان داوە و خەباتیان بۆ کرگە. کوردەکان لە ناو ڕژیمگەلێکی جیاوازدا ژیاون و پەرتەوازەیی ناوچەکەیان لە ڕووی جوغرافیاییشەوە کاریگەری لەسەر کوردەکان هەبووە بۆ ئەوەی کە ئامانجەکانیان پەرتەوازەیی پێوە دیار بێ و وەدوا بکەوێ.

کوردەکان، لەلایەن سوڵتانەکانەوە بە دژی ئەرمینیاش کەڵکیان لیوەرگیراوە و دواتریش لەلایەن دەوڵەتی یەکگرتووی تورکە گەنجەکانەوە لە کوشتاری بەکۆمەڵی ئەرمەنەکاندا بەکار هێنراون. یەکینەکانی حەمیدیە کە دڕندانەترین دڵەڕاوکەکانیان لەسەر ئەرمەنییەکان پێکهێنابوو، زۆربەیان کورد بوون و لە کوردەکان پێکهاتبوو.

دەوڵەتە تورکەکان، بە بەردەوامی کوردەکانیان بۆ داگیرکردنی ماڵ و سامان و هەروەها لە ناو بردنی ئایینی ئەرمەنییەکان بەکار هێناوە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کوردەکان و تورکەکان هەردووکیان سوننە مەسەبن. بەڵام هەر بە دوای هاتنە سەر کاری ئاتاتورک، کوردەکان لە هەڵە مێژووییەکانی خۆیان تێگەیشتن و زانیان کە بوون بە بەشێک لە یەکیەتیی تورک بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی ئەرمەنییەکان و ئایینەکەیان.

دوای هاتنە ئارای کۆماری تورک، کوردەکان ٢٧ جار شۆڕشیان کردووە و شۆڕشەکەشیان جار لەگەڵ جار توندتر بووە، بەتایبەتی لە ماوەی ساڵەکانی دەیەی ١٩٣٠ و شۆڕشی دێرسیم دا.

ڕێبەرە سیاسییەکانی کورد لە ڕێگای جیاجیاوە داوای لێبووردنیان لە ئەرمەنییەکان کردووە  بەڵام وەک دیارە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان لە دوای گەیشتنی کوردەکان بە سەربەخۆیی دێنە ئاراوە (بۆ پەیوەندیی باشتر لەگەڵ نەتەوەی ئەرمەنی و قەرەبووکردنەوەی ڕابردوو- وەرگێڕ).

پەیماننامەی سێور لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئەنجامدا مافی کوردەکانی بۆ سەربەخۆیی و هەبونی وڵاتی خۆیانی بە فەرمی ناسی و لە مادەی ٦٤ دا دانی پێدانا. بەڵام ڕێک وەک مافی ئەرمەنەکان لە پەیماننامەیەکی  هاوشێوەدا، کوردەکان لە پەیماننامەی لۆزان، پاش گوێ خران و پێشێل کران کە ڕێکەوتننامەی لۆزان، ڕێک بناغەکانی دەوڵەتی تورکی دامەزراند و وەک بناغەی دەوڵەتی تورک، ئەژماری بۆ دەکرێ.

یەکێک لە دەرهاویشتەکانی شەڕی ئێراق، هاتنە ئارای حکومەتی خۆجێی هەرێمی کوردستان بوو، هەرچەند بە شێوەی تەکنیکی و ڕواڵەتی، کوردستانی وەک بەشێک لە ئێراقی لەرزۆک و هەڵۆڵ هێشتەوە.

لە ماوەی شەڕدا، ئیسراییلیەکان، ئیسراییل کوردستانی ئێراقی پەرەپێدا و لە ناو ڕێبەرانی ناوچەکەدا ئەوە تەنیا بنیامین نەتانیاهوو بوو کە داوای سەربەخۆیی کوردەکانی دەکرد کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ڕێگە دەدا بە ئیسراییل تا هاوپەیمانێکی لە نزیک سنوورەکانی ئێران هەبێ و پێش بە دروست بوونەوەی دەوڵەتێکی هاوشێوەی ڕژیمی سەدام حوسێن لە ئێراق بگرێت.

تورکیە سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی بەرژەوەندیی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە هۆی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگای تورکیەوە، پشتیوانی لە کوردەکانی ئێراق دەکات، بە گشتی لە خرانە ڕوو و دەرکەوتنی کوردەکان لە ناوچەکە دەترسێ، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دژی پ.ک.ک ـیە کە لە ماوەی ٣ دەیەی ڕابردوودا شەڕێکی گرانی بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی لەگەڵ تورکیە دەست پێکردووە (بەپێچەوانەی لێدوانی نووسەر، پارتی کرێکارانی کوردستان هەر نەبێ بە ڕواڵەت، دژایەتیی دەوڵەتی کوردستانی دەکات و باس لە کۆنفیدرالیزم دەکات و دەوڵەتی نەتەوەیی بە خیانەت دەزانێت و باس لە برایەتییا گەلان لە تورکیە دەکات- وەرگێڕ).

حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتی ٢٥ی سیپتامبری ٢٠١٧، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە ئێراق بەڕێوە دەبات کە ئەو گشتپرسییە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش لە خۆ دەگرێت. (ئەو بابەتە بەر لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی ئەنجام دراوە بەڵام بەهۆی گرنگ بوونی، لە ئێستادا وەرگێڕادراوەتەوە سەر زمانی کوردی- وەرگێڕ).

ئەو ڕاگەیاندنە بوو بە هۆکار تا ئاڵا سوورەکان لە هەموو ناوچەکە بەرز ببنەوە (مەبەست دژایەتی کردنە- وەرگێڕ)، ئەوەش ئەو وڵاتانە بوون کە دراوسێی هەرێمن و دۆخێکی هاوشێوەی ئێراقیان هەیە و هەر بۆیەش کێشەیان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە هەیە.

پێش بینی کراوە کە یەکەم دژکردوە ل وی وارێ دا، لەلایەن حکومەتی ناوەندیی بەغداوە بێتە ئاراوە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرجەم جەماوەری ناو ئێراق ئەشێ یەک وتەیان لەمەڕ دەست نیشان کردن و پاراستنی چارەنووسی ئێراقەوە هەبێ.

سەرەرای ئەوەی کە ماوەیەکی دوورودرێژە، حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئانکارا، بازرگانی دەکات و لەگەڵ براکانی خۆی لە پەکەکەش شەڕی کردووە و حکومەتی تورک، هەرێمی وەک هاوپەیمانی خۆی دەناسی، ڕاگەیاندنی داوای سەربەخۆیی، هاوکێشەکانی لە نێوان هەرێم و ئانکارادا غەیراند. تورکیە ئەو گەڵاڵەی وەکی “هەڵەیەکی تۆقێنەر” ئەژمار کرد. ئانکارا رایگەیاند کە پاراستنی یەکگرتوویی خاکی ئێراق و یەکگرتوویی سیاسیی بەغدا، ڕێسای بنچینەیی ئانکارایە.

بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنین، دڵەڕاوکێی ئانکارا لەمەڕ پاراستنی یەکپارچەیی ئێراق، دووڕوویانەیە، ئەوەندە بەسە کە وەبیر بێنینەوە کە تورکیە تا ئێستا لە رێگەی هێزە سەربازییەکانییەوە تا ئێستا چەندین جار هەڕەشەی کردۆتە سەر سەروەریی خاکی جیرانەکانی و دەست تێوەردانی تێدا کردوون، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەغدا تا ئێستا چەندین جار لەمبارەوە وەزاڵە هاتووە و سکاڵای کردووە.

ئانکارا، زیاتر لەوەی کە باس لە ڕێسا و بەڵگە یاسامەند و مەنتقییەکان لەمەڕ کوردەکانەوە بکات، لەوەی نیگەرانە کە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی گەشە بکات و کەرکووک بگەڕێتەوە بۆ سەر خاکی کوردستان. کەرکووک زیاترین پاشکۆی نەوتی هەیە و بۆیەش ئێراق و تورکیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن چاویان (چاوی تەماح- وەرگێڕ) لە هەرێم بڕیوە. لە ئێستادا، تورکەمەنەکان کە وەک تاوەری پێنجەم (ستوونی پێنجەم)ـی تورکیە لە کەرکووکن، چاویان لە یارمەتییەکانی ئانکارا بڕیوە.

ئانکارا و تاران، چاویان بە یەکتری هەڵنایە بەڵام پێدەچێ لەمەڕ کێشە و تەنگژەی کوردەکان، پێکەوە کۆک بن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی لە ڕێکەوتی ١٠ی ژوئەندا گوتی:: “هەرێمی کوردستان بەشێکە لە کۆماری ئێراق و بڕیارگەلی یەک لایەنە و بەدەر لە چوارچێوەی یاسایی و نەتەوەیی و بەتایبەتی یاسای ئێراق، دەتوانێ کێشەی نوێ بخوڵقێنێ”.

لە ماوەی ڕژیمی پێشودا واتا ڕژیمی ڕەزا پەهلەوی ـشدا، ڕژیمی ئێران زۆر لەگەڵ کوردەکان دلۆڤان و باش نەبوو. دوای ڕووخانی شا، ئایەتووڵا خومەینی بوو بە پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری سەرکوت و زەبروزەنگ بۆ سەر کوردەکان.

تارانیش ڕێک وەک ئانکارا لەوە نیگەرانە کە لە ئەگەری سەربەخۆ بوونی کوردەکان (لە ئێراق)،  لەوانەیە دەرگای دووهەم و هەنگاوی دووهەم بۆ کوردەکان لە وڵاتەکەی ئەوان دابێ. ئێراق، دەیهەوێ بەتەواوی ئێراق لە خۆیدا هەڵلوشێ و ڕایکێشی، ئێراقێک کە لەو دواییانەدا لەلایەن شیعەکانەوە بەڕێوەدەچێ. بە سەربەخۆبوونی کوردستان، بەشێک لە زەویی ئێراق لە ژیر کاریگەری و دەسەڵاتی ئێران دەردەکەوێ و لەوانەشە ببێ بە بەرەیەکی دژ بە ئێران.

عەڕەبستانی سعوودی زۆر بە کەمی، سیاسەتێکی گشتی لەمەڕ کوردەکان خستووەتە ڕوو بەڵام لە هەمان کاتیشدا جێگای سەرسووڕمانە کە پاشایەتیی سعوودی ئێستا لایەنگریی سەربەخۆیی کوردەکان دەکات. هاندەرەکان و هۆکارەکان جێگای تێڕامانن، لە دوای ئەوەی کە لەو دواییانەدا کێشەیەک لە نیوان سعوودی و قەتەر هاتە ئاراوە، ئانکارا وەەفاداریی خۆی بە یەکگرتوویی مسوڵمانەکان گۆڕی، یەکگرتووییەک کە لەو دواییانەدا، سەرۆک کۆمار ترامپ پێکیهێنا و قەتەری خستە گەمارۆوە. ئەوە وایکرد، ڕیاز، هاوپەیمانەکەی خۆی واتا ئانکارا دەربهاوێژێ و لەگەڵ ئەمریکا ببێتە هاوپەیمان و بە دزیشەوە هاوپەیمانی ئیسراییل بێت.

هەڵوێستی ئەمریکا تا ئێستا لەمبارەوە ڕوون نیە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەوە لەگەڵ کوردەکان هاوسۆزە.

ئێستاکانە، تیۆریگەلێکی زۆر لەمەڕ گشتپرسیی کوردەکانەوە لە ئارا دان. یەکێک لەو ڕوانگانە پێشنیار دەکات کە بزووتنەسەر سەربەخۆییخوازەکان لەو کات و ساتەدا لە خۆرهەڵاتی ناوین و لەو دۆخە سیاسییە بەرچاوەی کە ئێستا ئەو ناوچەیە تێیدایە، بەرجەستە و بەرچاوتر دەبنەوە.

ڕوانگەیەکی تر باس لەوە دەکات کە ئەو ڕاگەیاندنە (ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی) ڕێسایەکی سیاسییە لەلایەن کوردەکانەوە کە تەنانە ئەگەر لەگەڵ بەغداشدا بمێننەوە، ئەوا کەرکووک بخەنەوە سەر خاکی خۆیان. بەڵام نەحوی سەعید، پسپۆڕێکی کاروباری هەرێم، لای وایە کە خستنەوە سەر خاکی هەرێمی کەرکوک، یەکێک هێڵە سوورەکانی نێوان کوردستان و عەڕەب و تورکەمانەکانە و دەڵێ: “هەرچەشنە هەوڵێک  لەلایەن حکومەتی هەرێم بۆ خستنەوە سەر خاکی کوردستانی کەرکووک، ئاڵعزی و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە” و تورکیە لەمبارەوە دەست لەسەر دەست دانانێ.

کەواتە، کوردستان دوو بژاردەی لەبەر دەست دایە: یان بە بێ کەرکووک، سەربەخۆیی وەردەگرێ کە ئەوە مەترسییەکی کەمتری لە پێش دایە یان ئەوەی کە کەرکوک بخاتەوە سەر خاکی کوردستان و هەموو دوژمنەکانی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ یەک کۆ بکاتەوە و ڕێگاکان دابخات.

جیا لەوەی کە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ دەبێ یان نا، کوردەکان لە تورکیە، گوشارەکانیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان زیاتر دەکەن (کاریگەریی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور تا ئێستا زیاترین ڕەنگدانەوەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دواتر لە کوردستانی ڕۆژئاوا هەبووە تا باکوور- وەرگێڕ). سەربەخۆیی کوردەکان لە ئێراق و سووریە کە ئێستا بووە بە ڕاستییەک و لە ئارا دایە، ڕەوتی ڕووداوەکان لە تورکیە خێراتر دەکات کە ئێستا خەونی پەیوەست بوون بە یەکیەتیی ئوروپا دەبینێ.

لەوانەیە سەرتان لەوە بسوڕمێ کە لە ئەگەری گەیشتن بە سەربەخۆبوونی بزاڤی کوردەکان، چ شتێک ئەڕا ئەمنەییەکان ڕوو دەدات. ئەوە تا ڕادەیەک پەیوەندی بە گەشەسەندنەوە هەیە و ئەوەی کە ئەمینیا و ئەرمەنییەکان لە جیهاندا تا چ ئاستێک پێگەی خۆیان دەبەنە سەر و بۆخۆیانی مسۆگەر دەکەن. کاتێک کە نوێنەرایەتیی نەتەوەیی لە دانوستانەکانی “وەرسای” ـدا چالاک بوو، بۆ هاواهەنگ کردنی سیاسەت لە نێوانیان، پەیوەندی بە ڕێبەرە کوردەکان لە ئوروپاوە گرت. ئەو کردەوە وشیارانەیە بوو بە هۆکاری خێری هاتنە ئارای حکومەتی “کۆماری یەکەم”. ئەو قۆناغە سەرەڕای هەبوون و زیندووبوونی هەموو جینایەت و توندوتیژییەکانی کوردەکان لە هەمبەر ئەرمەنەکان لە مێشکی خەڵکی ئەو کاتدا هاتە ئاراوە.  کاتێک کە ڕێکەوتننامەی سێڤر پشت گوێ خرا، ئەو دوو گرووپەش، واتا کورد و ئەرمەنەکان، هاوکارییەکانیان لەگەڵ یەکتری وەلانا.

ئەمڕۆ، کاتێک کوردەکان لە هەوڵی گەیشتن بە سەربەخۆیی خۆیان دان، پشتیوانییەکانی ئەرمەنەکان لەوان درێژخایەن و بەردەوامە. سەرەرای هەموو شتێک، پشتیوانیی سیاسیش وەک هەر چەشنە پشتیوانییەکی تری ئەرمەنەکان لە کوردەکان، بەردەوامە.

ئەگەر ڕۆژێک، کوردەکان لە تورکیە بگەن بە مافی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی خۆیان، ئەوا لە ڕاستیدا هاوکاری و پەیوەندی کردن لەگەڵ ئەوان زۆر ساناترە لە هاوکاری و پەیوەندی کردن لەگەڵ تورکەکان بەتایبەت ئەگەر ئێمە ئەمڕۆکانە ئەرکی خۆمان لەمبارەوە بەجێ بهێنین.

ئێستا، کوردەکان هیچ کێشەیەکیان لەو بارەوە نیە کە لەگەڵ ئەرمەنەکاندا یەکگرتووییەکی مێژوویی پێک بهێنن، ئەوە ڕاستی و ڕاستگۆیانە نیە کە چاوەروانیی ئەوە بکەین کە بە هۆی ئەوەی کە خوێنڕێژییەکی زۆر لەو ناوەدا هەبووە، ئەوە ڕوو بداتەوە یان ئەوەی کە کوردەکان واز لە سەربەخۆیی خۆیان بێنن لە حاڵێکدا ئەوان خوێنێکی زۆریان لەو پێناوە داوە، ڕاستی ئەوەیە کە دەکرێ و دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە یەکگرتوویی کوردەکان و ئەرمەنەکان، دەتوانێ ببێت بە سەرچاوەی خێر و بەرەکەتێکی زۆر بۆ ئەو دوو نەتەوە و بۆ مرۆڤایەتیش.

بە کورتی لەمەڕ نووسەر:

ئێدمۆند.ی. ئازادیان، سەرنووسەری باڵای گۆڤارەکانی ئالێکس و ڕاوێکاری موزەری ماری مانۆگیان لە دێترۆیت و میشیگانە. ڕاوێژکاری دیازپۆرای وەزارەتی کەلتووری ئەرمەنستانە و ئەندامی ناوەندی ئاکادمیی کۆمەڵایەتیی کۆماری ئەرمەنستانە. هەروەها وەک چاوەدێری ڕۆژنامەی دەیلی تزارتۆنگ و جێگری دەیلی ئارێڤ لە کاریۆ میسر کاری کردووە. ئاززادیان تا ئێستا چەندین پەرتووکی بە زمانی ئەرمەنی و ئینگلیسی نووسیوە بۆ نموونە :

Portraits and Profiles

Observations and Criticisms

 History on the Move

هەروەها تا ئێستا چاوپێداخشاندنەوەی ٢١ پەرتووکی گرنگی لە ئەستۆ بووە و ١٥٠٠ بابەتی نووسیوە و چەندین بابەتی زانستی لە ڕۆژنامەکان و گۆڤارە ئەدەبی و زانستییەکاندا بڵاو کردووەتەوە. دوایین پەرتووکی ناوبراو بریتییە لە a bilingual one کە باس لە شاعیری ناسراوی ئەمریکایی، فاهان تەکیان دەکا . لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردووشدا هاوکاری لەگەڵ Mirror-Spectatorـدا کردووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت