سەرباز جەلال: بەداخەوە تا ئێستاش پەیژەیەکی موزیکی کوردیمان نییە

0
1691

سەرباز جەلال: مرۆڤ وەک ئاو و هەوا و خوراک پێوێستی بە موزیک هەیە

سەرباز جەلال وسوو، لە ڕێکەوتی 1/1/1985 ز. لە شاری کۆیە لە دایک بووە و هەموو قوناغەکانی خوێندنی لە سەرتایی و ناوەندی، لە شاری کۆیە بڕیوە و دواتر  پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی لە هەمان شار تەواو کردووە.

ئەندامی گرووپی موزیکی سێوە و لە زۆربەی چالاکییەکانی ئەو گرووپەدا بەشدار بووە و لە ئێستاشدا لە قوتابخانەی هاوڕێ لە شاری تەقتەق مامۆستای موزیکە.

ڕۆژی کورد: پێناسەی بەڕێزتان بۆ هونەری موزیک چییە و چۆن مانا و چێژێکتان پێ دەبەخشێ؟

سەرباز جەلال
سەرباز جەلال

سەرباز جەلال: هونەری موزیک، هونەرێکی زۆر نایابە و زۆر پێشەنگە لە چاو هونەرەکانی تر و هەروەک چۆن مرۆڤ بێ ئاو و هەوا و خۆراک ناژی، بێ هونەری موزیکیش چێژی سروشتی، ژیانی ناتوانێ بکات و هەربۆیە هونەری موزیک خۆراکی دڵ و مێشک و ڕۆحە.

ڕۆژی کورد: وەک نەتەوەی کورد، حەوت مەقامی سەرکیمان هەیە کە نەتەوەکانی دەوروبەریشمان هەروەک ئێمە لەو مەقامەنەدا موزیک و ئاوازی خۆیان ڕێکدەخەن. ئایا ئەمە سروشتی موزیکی ڕۆژهەڵاتییە و دەتوانین بڵێین لە موزیکدا لەگەڵ ئەو نەتەوانەدا زمانمان هاوبەشە ؟

 سەرباز جەلال: نەتەوەی کورد لە ڕووی پەیژەی موزیکەوە بە گشتی هاوبەش نین!

بۆ نموونە  لە موزیکی ڕۆژهەڵاتیدا چارەکەتۆنمان هەیە، وەک مەقامی بەیات کە ئەوە بەهیچ شێوەیەک هاوتەریب و گونجاو نییە لەگەڵ پەیژەی موزیکی ڕۆژئاواییدا کە دۆماژۆرە، بەڵام لە هەندێک مقامدا گونجاوی و هاوبەشی هەیە وەک لا مینۆر یان حجاز یان هەندێک مقامی دیکە.

 ڕۆژی کورد: مەبەستت ئەوەیە شێوەی مقاماتی ئێمەی کورد لەگەڵ فارس و عەرەب و تورک جیاوازە؟

سەرباز جەلال: نەخەیر، ئێمە لەگەڵ نەتەوەکانی هاوسێمان یەک پەیژەی موزیکی هاوبەشمان هەیە. من زیاتر مەبەستم موزیکی ڕۆژئاوایی بوو، واتە موزیکی جیهانی.

ڕۆژی کورد: بەڵام ئێمەی کورد بۆ ناسینی مقامات لە هەر چوارپارچەی کوردستان کێشەمان هەیە !باسی حجازتان کرد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشوشتەری ناسراوە و بەشێکە لە هومایوون و ئەمە بڕێک خراپ تێگەیشتنی دروست کردووە لە ناو ژەنیارە کوردەکاندا! ئەگەر دەکرێ هەر حەوت مەقامەکە لە یەکێک لە تۆنەکاندا شیبکەیتەوە بۆ خوێنەرانی ماڵپەڕەکەمان سپاستان دەکەین؟

سەرباز جەلال: ڕاستە، منیش هاوڕام لەگەڵت. بەڵام بە بۆچوونی من جیاوازی لە یەک مقام لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بە پێی واقع و سروشتی ئەو شوێنە گۆڕدراوە. هەر لەم شاری کۆیە مقامی حجاز بەچەند شێوەی جیاواز وتراوە.

بۆ مقامەکانیش: زۆر جار بەیات لە سەر لا تەنیا سی کار دەگرێتەوە بەڵام ڕەگەزی دووهەمی دەبێتە موحەییەر لە سەر ڕێ و دەتوانین بڵێین بەیات لە سەر لا دەبێتە ڕاست ئەگەر لەسەر سۆل تەواو بێت.

عەجەم لە سەر دۆ پەیژەی دووهەمی دەبێتە مقام کورد و بەهەمان شێوەش چوارگا پەیژەی دووهەمی دەبێتە مقام کورد.

مقامی سێگاش کە لە تۆنی ڕوبعەوە دەست پێ دەکا پەیژەی دووهەمی دەبێتە مقامی ڕاست.

نەهاوەندیش پەیژەی دووهەمی دەبێتە حجاز. دەبێتە ئەو بزانین کە مقامی سێگا لە سەر تۆنی سابت ناکرێ و بەڵکوو لەسەر چارەکە تۆن یان هەمان ڕوبع دەکرێ.

بۆ نموونە ئەگەر مقامی سێگا لەسەر پەیژەی می کار بیمۆڵ ـەوە دەست پێ بکەین سی کاربیمۆڵ وەردەگرێ و لە هەمان تۆنیش کۆتایی دێت.

ڕۆژی کورد: باسی مقام کوردت کرد. ئایا کورد یەکێک لە بەشەکانی بەیات ـ واتە سەر بە بەیات نییە؟ لە بنەڕەتدا سەر بە کام مقامە؟

سەرباز جەلال: نەخەیر، پەیژەی کورد خۆی مقامێکی سەربەخۆیە ئەگەر کورد لەسەر می دەست پێ بکەین هیچ نیشانەیەکی بەرز و نزمیی وەرناگرێ و ئەمە پێی دەوترێ مقامی کورد.

ڕۆژی کورد: بێینە سەر بابەتێکی دیکە. بەڕای ئێوە موزیکی کوردی هەنووکە لە چ ئاستێکدایە؟ ئەو کەموکوڕییانە چین بە موزیکی ئێمەوە دیارن؟ ئایا  لە موزیکی کوردیدا هیچ هەنگاوێک بەرەو جیهانیبوونی هەڵگیراوە؟

سەرباز جەلال: من پێم وایە موزیکی کوردی لە ئاستێکی زۆر باشدایە. بەڵام کەم و کورتیی زۆر پێوە دیارە! لە ناوە و لە دەرەوە بەداخەوە تا ئێستاش پەیژەیەکی موزیکی کوردیمان نییە و هەروەها کۆکردنەوەی بەرهەمەکان و بەئارشیڤ کردنیان زۆر خەمساردییان پێوە دیارە. لە سەر بەجیهانی کردنیشی تا ئێستا بە شێوەیەکی گشتی، هیچ هەنگاوێک لە ئاست موزیکی وڵاتان هەڵنەگیراوە و تەنیا لە ئاست چەند گرووپ و چەند کەسێکەوە ئەو هەنگاوە نراوە.

ڕۆژی کورد: ئەو هەنگاوانە دەبێ هەڵبگیردرێن دەبێ چۆن و له لایەن چ کەسانێکەوە بێت؟

سەرباز جەلال: ئەمە کاری ئەو کەسانەیە کە شارەزان لە بوارە جیاجیاکانی هونەری موزیکدا و هەروەها لایەنە پەیوندیدارەکان جدیی بن لە جێبەجێ کردنی ئەم هەنگاوانە کە بەداخەوە زۆریش درەنگ کەوتووە.

ڕۆژی کورد: زۆرجار گوێمان لەم ڕەستەیە دەبێت کە دەڵێن سترانبێژی کورد یان گۆرانیبێژی کورد نەخوێندەوارترین گۆرانیبێژەکانی دنیان! ئێوە بۆ خۆتان چەندە ئەو قسەیە بەڕاست دەزانی ؟ هەرەوەها ئەو تایبەتمەندییانە چین کە دەبێ کەسێکی گۆرانیبێژ هەیبێت؟

سەرباز جەلال: زۆر بە داخەوە بۆ ئەم وتەیە. کاکەگیان کورد کەڵە هونەرمەندی زۆرە، چ لە بواری موزیک و چ لە گۆرانیبێژیشدا.

نازانم ناوی چەندەیان بێنم. بەڵام بە بۆچوونی من پێویستە گۆرانیبێژ لە مقامات زۆر شارەزا بێ و ئامێرێکی موزیک بزانێ و ڕاهێنانی دەنگی ئەنجام بدات، هەروها زۆر گوێ بۆ گۆرانی و موزیکی نەتەوەکەمان بگرێت.

ڕۆژی کورد: زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتەی داتان بە ئێمە. ئەگەر بابەتێک ماوە و دەتانەوێ ئاماژەی پێ بکەن بفەرموون؟

سەرباز جەلال: زۆر سپاس بۆ ڕۆژی کورد. هیوادارم لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن و درێغی مەکەن لە پێناو پاراستن و کۆکردنەوەی هونەر و موزیکی کوردی و دووبارە دەستان خۆش بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت