سەد مامۆستاو خوێندکاری کورد بەرەوڕوی دەرکران و دەستبەسەرکران بوونەتەوە

0
589

رۆژی کورد: لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا ١٠٠ مامۆستا و خوێندکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردوستان بەرەوڕووی حوکمی دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە.

لەماوەی ساڵی رابردووی هەتاویدا (١٣٩٤)، سەرجەم ٦٨ مامۆستای قوتابخانەکانی کوردستان بەهۆی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری  ژیان و کارکردنیان لە خویندنگە و قوتابخانەکان، لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، نزیک بە تێکڕای مامۆستایان لە ئێران و بەتایبەت چوار ئوستانی کوردنشین، مامۆستایان بەهۆی رەوشی خراپ ژیان و هەروەها دۆخی نالەباری زانکۆ و قوتابخانەکان، بە شێوەی بەرین مانگرتنیان لەبەردەم ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی شارەکاندا بەڕێوە بردبوو.

بەپێی ئاماری ساڵانەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٧ خوێندکاری زانکۆکان بەبڕیاری حەراسەت و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراون.

هەروەها لە درێژەی رەوتی فشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا، ٣ ماۆستای قوتابخانەکان لەسەر کارەکەی دەرکراون و ئیزنی وانە وتنەوەیان پێنەدراوەو ٢ مامۆستای دیکەش بەرەوڕووی هەڕەشەی دەرکردن لەسەر کار بوونەتەوە.

پێشێلکردنی مافی مامۆستایان و خوێندکاران لە زانکۆکاندا لە حاڵێکدایە کە حەسەن رۆحانی سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی لە بەدنی ١٣ و ١٦ی بەڵێنییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندبووە: “دەوڵەتی یەدبیر و ئومید ئازادیی بۆ زانکۆکان دەگەڕێنێتەوەو و خوێندکارانیش ئازادییەکی زۆرتریان دەبێت”.

حەسەن رۆحانی راگەیاندبوو کە لە ماوەی ١٠٠ رۆژی دوای دەستبەکاربوونیدا راپۆرتێک لەمەڕ باشتربوونی رەوشی ئابووری و هەروەها بەڵێنییەکانی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام بەپێی خودی ئاماری ناوەندە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسلامی جیاوازیی چینایەتی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بووە و خەڵکی کەم داهات و گوندنشینەکان هەژارتر دەبن.

هەرەوەها بەپێی ئامری رێپۆرتێری تایبەتیی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، رەوشی مافی مرۆڤ بەرەو خراپتر بوون چووەو ئازادییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانیش سنووردارتر کراون و ئاماری دەستەبسەر کردنی رۆژنامەنووسان، لەسێدارەدانی هاووڵاتییان زیاتر بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.