سێ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ پشتیوانی لە کەبوودوەند مانیان گرت

0
568

ڕۆژی کورد: سێ زیندانیی سیاسی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە مانگرتنی محمەد سدیق کەبوودوەند و سەرجەم زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی دیکەی کورد لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ مانیان گرت.

زانیار و لوقمان مواردی و سەعید شیڕزاد سێ کەس لە زیندانیانی سیاسیی کورد هاوڕێ لەگەڵ سەرجەم زیندانیانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج شەوی یەکشەمە بۆ پشتیوانی لە سەرجەم زیندانیانی مانگرتووی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا مانگرتنیان ڕاگەیاند.

زیندانیانی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج ڕایانگەیاندووە : “ئێمە کۆمەڵێک لە گیراوانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی شار پشتیوانی لە مانگرتنی بوێرانەی محەممەد سدیق کەبوودوەند، محمەد عەبدوڵلاهی و سەرجەم گیراوانی سیاسیی دیکەی مانگرتوو دەکەین و بۆ پشتیوانی لە مافی ڕەوای ئەو زیندانیانە ڕۆژی یەکشەمە ١٦ی جۆزەردان وەکوو پشتیوانییەک مان لە خواردن دەگرین”.

محەمەد سدیق کەبوودوەند ماوەی ٢٨ ڕۆژە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەرلەنوێ دادگایی کردنەوەی و هەروەها دۆسیەسازیی بێ بنەمای ئیتلاعات لە دژی سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها جەعفەر عەزیم‌زاده چالاکی کرێکاریی کورد لە زیندانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا ماوەی ٣٨ ڕۆژر لە مانگرتندایە و خوازیاری کەمکردنەوەی گوشار بۆسەر کۆمەلی کرێکاری و مامۆستایانە.

محەمەد عەبدوڵلاهی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە زیندانی ورمێ، ماوەی ٨ ڕۆژە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی سێدارەی دەزگای نادادوەری لە دژی خۆی و سەرجەم گیراوانی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە مانی لە خواردن گرتووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.