سکرتێری گشتیی حدک لەمەڕ کردەوەی تیرۆریستیی شەوی چلەی بەردەم قەڵای دێموکرات هاتە گۆ

0
1702

ڕۆژی کورد: مستەفا مەولوودی، سكرتێری گشتیی نوێی حزبی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەک لەگەڵ “ئاژانس”، سەبارەت بەو تەقینەوەیەی لە بەردەم بارەگاكەیان لە كۆیە ئەنجام درا باس لەوە دەكات ئەو كەسەی تەقینەوەكەی كرد بەكرێگیراوی ئێران بووە و كورد بووە و ئەندامی ڕێكخراوێكی خۆیان بووە و دەشڵێت، ״ئەو كەسە تا گەیشتووەتە لای ئێمە بۆمبەكەی بە چەند بازگەیەكی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمدا تێپەڕاندووە.״

سکرتێری گشتیی حدک لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە “پێت وایە ئەو تەقینەوەی كە لە ماوەی ڕابردوو لە بەردەم بارەگای سەرەكیتاندا ڕووی دا لەبەر چی بوو؟” دەڵێ: “ ئێران هەمیشە بە دووی ئەوەوە بووە كە زەبر لە هێزە كوردییەكان بدا و لە هەمان كاتدا دەیەوێ بڵێ هەرێمی كوردستان ئەو ئەمنییەت و ئاسایشەی پێی دەنازێ ئەو ئاسایش و ئەمنییەتە نییە. هەروەها لەو سەروبەندەی گۆڕانكاری لە پۆستی سكرتێری حزبدا وا بنوێنێ ئەوە ناكۆكیی نێوخۆیی حزبە كە ئەم تەقینەوەیەی درووست كردووە. هەروەها دەیویست بە درووستكردنی بەدگومانی لە یەكتری ڕەوتی ئەو دانیشتن و وتووێژانەش كە لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوومانە لە باری ببا و وا بنوێنێ كە ئەم تەقینەوەیە لە دژی یەكتر كراوە.

ئەو لێدوانەی سکرتێری گشتیی حدک لە کاتێک دایە کە پێشتر هەندێک لە بەرپرسان و رێبەرایەتیی ئەو حیزبە، ڕەتیان کردبۆوە کە ئەو کەسە ئەندامی حیزبەکەیان بێت.

مستەفا مەولوودی لەگەڵ ئەوەیدا کە خۆی لە دانی زانیارییەکان دەبوێرێ، لەمەڕ کەسی بکەری ئەو تەقینەوەیە دەڵێ: “مستەفا مەولوودی: زانیاریی ورد و دەقیقمان لە چۆنیەتیی ڕووداوەكە هەیە. ئەو كەسەی ئەو تاوانەی كردووە تەواو دەیناسین و دەزانین لە كوێوە هاتووە و چۆن هاتووە و كۆماری ئیسلامی لە ڕێی چ كەسێكەوە بۆمبەكەی بۆ ناردووە. هەروەها دەزانین كە تاوانباری سەرەكیی دوایی لە چ ڕێگەیەكەوە گەڕاوەتەوە ئێران، دەمەوێ بڵێم شك لەوەدا نییە ئەو كەسە بەكرێگیراوی ئێران بووە و ئەوان ئەو كارەیان پێ‌ كردووە.”

سکرتێری گشتیی حدکا لەمەڕ کەمکاریی بنکەی ئەمنەیتی حیزبەکەی دەڵێ: ” ئەو لەودیوی شوێنی پشكنینەكانی ئێمە بۆمبەكەی داناوە. ڕەنگە خاڵێك كە وەك لاوازی یان کەموکورتیی ئەمنییەتی ئێمە بنوێنێ ئەوەیە كە بۆمبەكە لە بەردەم دوكانەكە دانراوە كە نزیكە لە پرسگەی پاسەوانیی ئێمە. بەڵێ ئەو بۆمبە بە بازگەی ئاسایشدا هاتووە، بەڵام بازگەی حزبی دیموكراتی نەبڕیوە، دیارە لەبەر ئەوەی ئەو كەسە پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ ڕێكخراوێكی حزبیی ئێمە، لەوانەیە كارتی پێناسێكی پیشانی ئەوان دابێ و گوتبێتی كە ئەندامی حزبم. جگە لەوەش ماوەی بیست ساڵێك دەبێ كە ئەم جۆرە كارە لێرە نەكراوە و ئەوە جۆرێك لە دڵنیایی درووست كردبوو، بەڵام حاشا لەوەش ناكەین كە كەمتەرخەمیی ئێمە و هێزەكانی ئاسایشیشی تێدا بووە.”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت