سكرتێری سازمانی خەبات نامەیەك ئاراستەی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

0
1105

رۆژی كورد: لەپێوەند بە گرتن و راوەدوونانی چالاكانی سیاسی و مەزهەبی كوردستان لەلایەن هێزە داگیركەرەكانی رژێمی ئێرانه وه، بابەشێخی حسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران داوایەك پێشكەش بە ئانتۆنیۆ گوترس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووه. سكرتێری گشتی سازمانی خەبات داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ دەكات سنوورێك بۆ تاوانەكانی رژیم لە كوردستان و گرتن و راوەدوونانی چالاكانی سیاسی و مەزهەبی داندرێ.
دەقی پەیامەكەی بابەشێخی حسێنی بۆ ئانتۆنیو گوترس:

بەرێز  جەنابی ئانتۆنیۆ گۆترس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان
بە ئاگاداری بەرێزتان دەگەێنم كە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران رووداوەکانی رۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی ژوئەنی ٢٠١٧ی زایینی تاران و تەقەکردن لە قەبری خومەینی و مەجلیسی شورای ئیسلامی یان كردۆتە بیانوو  و هەلێک بۆ ئەوەی  چالاكانی سیاسی و بە تایبەت خاوەن باوەرانی سوننی مەزهەب لە ئێران و كوردستان بخاتە ژێر فشارو زیندانیان بكات.
لە دوای هێرشی چەكداریی جێگەی گومان لە رۆژی 7 ی ژوئەن لە تاران ، دەسەڵاتدران و بە تایبەتی ناوەندە ئەمنیەتیەكانی حكومەت زیاتر لە 40 كەسیان لە شارەكانی پیرانشار، سەردەشت، ورمێ،‌ بۆكان، تیكاب، مەهاباد، سەقز، روانسەر و پاوە لە كوردستانی ئێران گرتووەو خستویانە ژێر شكەنجەی قورس.
ئاشكرایە گرتنی ئەو كەسانە تەنیا بە ئامانجی سەركوت و چاوترساندنی خەڵكەو هەروەها خانەوادەو كەس و كاری گیراوەكان ڕایگەیاندووە كە ئەوان هیچ جۆرە پێوەندێكیان بە داعش و هیچ دەستەیێكی ترۆریستیەوە نیە.
ئێمە لە سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران داوا لە بەرێزتان و تێكرای ناوەندە مرۆڤ دۆستەكان دەكەین هەوڵی بە پەلەو جیددی بدەن بۆ ئەوەی رێگە بگرن لە سەركوتی خەڵك و چالاكانی سیاسی لە كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران كە لە لایەن ئیدارە ئەمنیەتیەكانی حكومەت لە ئێراندا بەرێوەدەچن.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت