ساڵح موسلیم: نابینە ئامرازی دەستی ئەوانەی باسی دەوڵەتی کوردی دەکەن

0
2062

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD دەڵێ: “تورکیا تەنیا بەبڕیاری ناتۆ دەتوانێ بێتە نێو رۆژئاوا، ئەگەر بڕیارێکی لەم جۆرەش درا ئەو کاتە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین”.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی PYD لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە PYD هەوڵی پاکتاوی رەگەزی دەدات و تورکمان و عەرەبەکان دەردەکەن گوتی: “راستنییە پاکتاوی نەژادیمان بەرامبەر عەرەب و تورکمانەکان ئەنجامدابێ، ئەمە قبوڵ ناکرێ، هەموو بەرخودانی ئێمە بۆ ئازادی هەموو گەلانی ناوچەکەیە، ئێمە تەنیا بۆ رزگارکردنی گوندی ئاشووری و سووریانییەکان دەیان شەهیدمانداوە”.

هەروەها گوتی: “لەهەرکوێ کورد و تورکمان هەبن بەیەکەوە دەژین و زۆربەی کوردەکانی جەرابلوس کوردی و تورکمانی قسەدەکەن، تورکمانەکانیش بە کوردی قسە دەکەن”.

موسلیم ئاشکرایکرد کە یەکێک لە داعشە دەستگیرکراوەکان لە کۆبانێ قسەی کردوە و زانیاری ئەوەی ئاشکرا کردوە کە” یەکێک لە گرووپەکانی تیرۆریستانی داعش لە تورکیاوە چوونەتە کۆبانێ، لەوێ چەکەکانیان ئامادەکردوە، لەوێ پیلانی شەڕەکەیان داناوە، ئەمە ئەوان دەیڵێن، ئێمە هیچ کات بە خراپی بیرمان لە خەڵکی تورکیا نەکردوەتەوە، هەمیشە دەستی برایەتیمان بۆ درێژکردون، ناڵێم با داوای لێبوردن بکەن، بەڵام با واز لە پیلانی ناشرین بێنن”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە تورکیا دەیەوێ بچێتە نێو تورکیا، بەڵام سوپای ئەو وڵاتە دژی ئەو بڕیارە وەستاوەتەوە، هاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێت:” هەڵوێستی سوپا دروستە، لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکان قسەمان کرد، ئەوان دەڵین ئەوێ تەنیا سنووری ئێوە و تورکیا نییە، بەڵکو سنووری ناتۆ-شە، بە راشکاوی پێیانگوتوین ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی بۆ دەرەوەی سنوور هەبێت پێویستی بە بڕیاری ناتۆیە، ئەگەر تورکیا کارێکی وا بکات دیارە کە بڕیاری ناتۆ بووە، ئەگەر ناتۆ-ش بڕیارێکی وا بدات زۆر شت دەگۆڕێ، دەوڵەتە گەورەکانی پەیوەست بەو پرسە دێنە نێو مەسەلەکەوە”.

لە وەڵامی پرسیاری (ئەگەر سوپای تورکیا بچێتە رۆژئاوا هەڵوێستی پەیەدە چی دەبێت؟) موسلیم گوتی: “تاوەکو ئەمڕۆ لەبەرامبەر هەر هێرشێکی داعش و رژێمی سووریا وەستاوینەتەوە کە کراوەتە سەر هەرێم و گوندەکانمان، هەر هێرشێکی دیکە لە هەر شوێنێکی دیکەشەوە بکرێتە سەرمان بەرەنگاری دەبینەوە”.

لە بارەی دەنگۆی ئەوەی کە بڕیاری ئەوە هەیە کە دەوڵەتی کوردی دابمەزرێ و بەسەر دەریای ناوەڕاستدا بکرێتەوە موسیلم گوتی: “دەمانەوێ لە سنووری سووریادا گەلەکەمان بە دیموکراسیانە بژین، بڕیاریدانێک لەسەر بنەمای ئەو درۆیانە زۆر هەڵەیە، ئەو فیکرەیە نەبەکردەوە ئەنجاممانداوە نە رامانگەیاندوە، ئەگەر کەسانێکیتر بیرۆکەیەکی وایان هەبێت نابینە ئامرازی دەستی ئەوان”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت