زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تورکیە دەکات

0
823

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیاکانی تورکیا بڵاو کراوەتەوە، بڕیارە سبەی شەممە ٢٩ی ڕەشەممە، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تورکیا بکات.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە زەریف لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ھەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیران و وەزیری درەوەی تورکیا چاوپێکەوتن بکات.

پێدەچێت لە سەردانەکەی جەواد زەریف بۆ ئانکارا، باس لە پەیوەندی ھەردوو وڵات بکرێت بە مەبەستی چارەسەرکردن و پێشکەوتنەکانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا لە ناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ئارادان.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئیران بۆ تورکیا لە دوای سەردانی ئەحمەد داوود ئۆغڵوو، سەرۆک وەزیرانی تورکیە بۆ ئێرانە  لە 4-3-2016 دا کە بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە ئێران و لەگەڵ سەرۆککۆمار و بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

چاوەدیرانی سیاسی کورد، ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ تورکیە بە هۆی ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدرالی لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەزانن و بە دژکردەوەی ئێران لە هەمبەر ئەو هەڵوێستەی کوردستانی ڕۆژئاوای دەزانن و لایان وایە ئێران و تورکیە لەو دانیشتنانە پیلان لە هەمبەر ئەو گۆڕانکارییە دادەڕێژن.

حیسام دەست پیش مامۆستای زانکۆ و چاوەدیری سیاسی لەمبارەوە دەڵێ: پاش ڕاگەیاندنی فیدراڵی لە رۆژئاوا، ئێران خۆی گەیاندە تورکیا، ئەوەش بێ گومان بە سەرنجدان بە ڕەوتی مێژوویی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەسەر پرسی کورد و هاودەنگیان لەسەر پرسی کورد لەو پەڕی دژەیەکبوونیاندا، دەتوانێ بە واتای داڕشتنی پلانی هاوبەش بێ دژ بە کورد کە ئەوە لە داهاتووی نزیکدا دەتوانین چۆنی و چەندی پیلانەکان ببینین.

دەست پیش لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بە دەوری کوردستانی باشوور لەو کاتەدا دەکات و دەڵێ: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێ رۆڵی سەرەکی ببینێ. چونکە ئەمە ئەو دەرفەتەیە کە دەتوانن لە پانتای سیاسەتی کوردی رۆڵ بگێڕن. لەم هەمانکاتدا رۆژئاواش دەبێ بزانن کە لەم کاتەدا باشوری کوردستان دەتوانێ هاوسەنگیان بۆ ساز بکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.