زیاتر لە نیوەی کرێکارانی پترۆشیمیی مهاباد هەڕەشەی دەرکرانیان لەسەرە

0
775

ڕۆژی کورد: بێکاری تا دێت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر پەرە دەستێنێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە سەردەمی هەر هەڵبژاردنێکدا، بەڵێنیی بەرزی بەرپرسان و بەربژێران بۆ کوردەکان، ئاوەدان کردنەوە و زێدەکردنی کار و پیشەسازییە، بەڵام دۆخەکە نەک باشتر نەبووە بەڵکوو تا دێت بەرەو خراپتربوون دەچێت.

حەسەن ڕوحانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە پارێزگای سنە، گوتی کە ئەو دۆخە شیاوی پاریزگای کوردستان نیە و لە سەرەتای نەورۆزی ١٣٩٦ی هەتاوی و لە بەرەبەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران دیسان لە پارێزگای سنە ئەو قسانەی دووپات کردەوە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران بۆ ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو پارێزگای کوردستانیی کرماشان و سنە، پلەی یەکەم و سێهەمی ڕێژەی بێکاری لە ئێرانیان بەرکەوتووە.

بەرپرسانی كارخانەی پتڕۆشیمیی مەهاباد ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی دابەزینی نرخەکان 50 كەس لە كرێكاران و بەڕێوەبەرانی کارخانەی پتڕۆشیمی مەهاباد لە سەركار دوورخرانەتەوە و هەڕشەی دەركردنیان لەسەرە.

بەپێی زانیارییەکان، بە هۆی گوشاری ڕاگەیاندنەكان و ڕای گشتی، گرێبەستی کاری 30 كرێكار تا کۆتایی مانگی جۆزەردانی ساڵی نوێ درێژكراوەتەوە بەڵام ئەو ڕێژەیەش پاش تەواوبوونی گرێبەستەکەیان لە سەر كارەكانیان دوور دەخرێنەوە.

پترۆشیمیی مهاباد لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوییەوە بەپێی بەڵێنیی ڕژیم بەو شارە هەر وا لە بواری سازکردندایە، سازکردنێک کە تا ئێستاش هیچ ڕووی ئاوەدانی بە خۆیەوە نەبینیوە و دەستاودەستی پێ دەکرێت.

دەرکردنی کرێکارانی پترۆشیمیی مهاباد لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی “کشت و سەنعەت” مهابادیش لە ماوەی چەند ساڵ لەمەوبەر ئەو کارگەیەیان کردووە بە کەرتی تایبەت و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەشدا ٣ جار ئەم پرۆژەیە دراوە بە کەسانی جیاواز، بەڵام هەرکامیان بە جۆرێک ماف و موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانیان خواردووە و مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی کشت و سەنعەت بۆ وەرگرتنی مووچەی دواخراویان هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بەدواوە نەبووە.

ماوەی ٣ ساڵە ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە یان مووچەیان پێنەدراوە و یان لە باشترین حاڵەتدا بە ٦ مانگ جارێک ٥٠٠ هەزار تمەنیان پێ دەدرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت